ناوی دوو کەسی تر لە کوژراوەکانی ڕژیم لە شەڕی قەرەسەقەل ئاشکرا بوو

0
820

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوو کەسی تر لە کوژراوەکانی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە گوندی قەرەسەقەل ـی سەر بە شاری شنۆ، چاڵ کران.

ڕەجەبعەلی میرزایی و ئەمیرڕەزا حەکیم زادە، خەڵکی گوندی ڕاهدانە ـی سەر بە باژێڕی نەغەدە لە پارێزگای ورمێ، ئەو دوو کەسەن کە ئەمڕۆ لە گوندی ڕاهدانە و شوێنی ئاکنجی ىوونیان و بە بەشداریی سەرجەم هێزەکانی ڕژیم لە سپا و هێزە ئینتزامییەکان و ئەرتەش و …تاد، بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد پشتڕاستی کردەوە کە ڕەجەنعەلی میرزایی کە سەر بە هێزی ئینتزامیی ڕژیمە بە شێوەی خۆبەخش و داوتەڵەب بەشداری لە شەڕی قەرەسەقەلدا کردووە و کوژراوە.

ڕژیم ئەو دوو کەسەی بە ناوی کوژراوانی شەڕی سووریە و پارێزەرانی حەرەم چاڵ کردووە و تەنانەت هەندێ زانیاریی ورد باس لەوە دەکەن کە تەرمی ئەو کەسانە لە شوێنێکی ئەوتۆ راگیراوە بۆ ئەوەی کە تا ڕادەیەک بڕزێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند، تەرمی ئەو دوو کەسە تا ڕادەیەکی زۆر ڕزیبوو و کرمی هەڵهێناوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە ڕژیم بیسەلمێنێ کە ئەو کەسانە لە شەڕی سووریە کوژراون نەک شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ڕژیم.

پێشتریش چالاکی سیاسیی کورد ڕایانگەیاندبوو کە ڕژیم بۆ شاردنەوەی شکستی خۆی لە هەمبەر هێزی پێشمەرگە گەرەکیەتی ئەژمارێک لە کوژراوەکانی لە ژێر ناوی کوژراوانی شەڕی سووریە چاڵ بکات.

تاهیر قەرەخان
تاهیر قەرەخان

تاهیر قەرەخان، چالاکی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری نەغەدە کە بە وردی بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانی ئەو بەشە دەکات لە وڵامی پرسیاری ڕۆژی کورد کە “بەڕای ئێوە بۆچی ڕژیم کوژراوەکانی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و هیزەکانی خۆی درەنگتر و ناوەناوە بڵاو دەکاتەوە؟ هۆکارەکەی بەڕای ئێوە چیە؟” گوتی: “هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکردبوو، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پایەگای خەبەریی “سولدوز” لە وڵامی یەکێک لە کاربەرەکان دا دەڵێ بەهۆی سنووردار بوونی بازنەی دەسەڵات و کارەکەمان ئێمە ناتوانن ناوی تەواوی شەهیدەکان بڵاو بکەینەوە بەڵام لە ڕێورەسمێکی بێ وێنەدا یادیان دەکرێتەوە، هەر واش بووە و لەو کاتەوە ئەوەندەی من ئاگاداریم هەیە لە دێهاتی کولان و لە شەقامی شەهید قادری نەغەدە و لە خودی شاری نەغەدە و ئەمجارەش لە گوندی ڕاهدانەی سەر بە نەغەدە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنیان بۆ دەگیرێ، هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ داپۆشینی ئەو زێدەوێژییەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەنەکان دا بڵاوی کردۆتەوە و خۆی وەکوو سەرکەوتووی ئەو شەڕانە دەست نیشان کردووە، هەروەها لەبەر هۆکاری دەروونی دابەزاندنی ورەی کوردەکان و بەهێز کردنی ورەی پاسداران و کەسە حکومەتیەکان کەڵک لەو شێوە سیاسەتە وەردەگرێت و ئەگەری ئەوەش هەیە هێندێک لەو کوژراوانە بەناوی کوژراوەکانی سوریە تەواو بکات، بەڵام ئەوەندە من لەو هەواڵانە ئاگادارم ئەو کوژراوانە لە ئاکامی شەڕی قەرقەسەڵ بووە و نەغەدە لە دۆخێکی هەستیار و نالەبار دایە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت