ناوەندی هەواڵدەریی ڕۆژی کورد، هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر تۆڕی میدیایی ڕووداوی مەحکووم کرد

0
702

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکان كاتژمێر 12:05 خولەكی شەوی شەممە ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە نارنجۆكێك هێرش كراوەتە سەر باڵەخانەی سەرەكی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە شاری هەولێر و بەو هۆیەوە سێ پاسەوان و کارمەندێکی بەشی پەیوەندییەكانی ڕووداو و لەكاتی پێشوازیكردن لە میوانان لەگەڵ شۆفێرێکی رووداو برینداربوون و، زیانی ماددیش بەر ڕووداو كەوتووە.

بە خۆشیەوە چەند خولەکێک دوای ئەو ڕووداوە، دەزگاكانی ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی بەرگریی شارستانی گەیشتوونە شوێنی ڕووداوەكە و ئێستا بارودۆخەكە كۆنترۆڵكراوە. كارمەندەكانی رووداو رەوشی تەندروستییان باشە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.

بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی “رۆژی کورد” لە نامەیەکی فەرمی دا کە بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕەوانە کراوە وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی، ئەو کردەوە تیرۆریستییەی بە هەوڵی کوێر بۆ کپ کردنی دەنگی کورد زانیوە و مەحکوومی کردووە،

دەقی نامەی ناوەندی رۆژی کورد بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو بە شێوەی خوارەوەیە:

لە: بەڕێوەبەریی ناوەندی ڕۆژی کورد
بۆ: تۆڕی میدیایی ڕووداو
سڵاو و ڕێز

بەڕێزان بە داخه‌وه‌ ئاگادار کراینەوە کە كاتژمێر 12:05 خولەكی شەوی شەممە ٥ی جۆزەردان، بە نارنجۆكێك هێرشكراوه‌ته‌ سەر باڵەخانەی سەرەكی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە شاری هەولێر و بەو هۆیەوە سێ پاسەوان و کارمەندێکی بەشی پێوەندییەكانی ڕووداو و لەكاتی پێشوازیكردن لە میوانان لەگەڵ شۆفێرێکی ڕووداو برینداربوون و، زیانی ماددیش وەبەر تۆڕە میدیاییەکەتان کەوتووە.

ئێمە وەک بەڕێوەبەران و سەرجەم ستاف و ڕۆژنامەوانانی ناوەندی هەواڵدەریی ڕۆژی کورد، وێڕای دەربڕینی داخ و پەژارەی خۆمان بە هۆی سەرجەم خەسارە مادی و مەعنەوییەکانی ئەو ڕووداوە، ڕایدەگەیێنین کە ئەو هەوڵە تیرۆریستیە و هەوڵی هاوشیوەی، هێرش بردنە سەر دەنگ و ڕەنگی کورد بە گشتی و بەتایبەتی میدیای ئازاد و سەربەخۆی کوردی و مەحکوومی دەکەین و به‌ كارێكی ترسنۆكانه‌ و قێزه‌ونی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین .

بێگومان تۆڕی میدیایی ڕووداو بە هۆی ئەوەی کە هەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی هەر چوار پارچەی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان بە گشتی و بێ جیاوازی ببێ، نەیار و دژبەری بەتایبەتی لە ناو دوژمنانی کورددا دەبێ، هەر بۆیە سەرلەنوێ ئەو کردەوە تیرۆریستییە مەحکووم دەکەین و هیوادارین ئەو کردەوانە نەبنە لەمپەر لە هەمبەر تێکۆشانی بەردەوامتان و تا سەر لە سەر ڕێچکەی نیشتمانیی خۆتان بەردەوام بن و بەتایبەتی لە ئێستادا کە خەباتی کوردستانی خۆرهەڵات چڕ بۆتەوە و ڕاسانێکی نوێ لە ئارا دایە، زیاتر و باشتر لە جاران دەنگی ئەو پارچەیە لە کوردستان بن

وێڕای سڵاو و ڕێزی دووبارە

بەڕێوەبەریی ناوەندی ڕۆژی کورد

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت