پرسی ”مقبرە‏الشعرای مهاباد”!

0
3124

پێشەکیی

کوردەکان نەتەوەیەکی شارستانین کە مخابن زۆرجار بەهۆی سیاسەتی دوور لە ئینساف و ناشارستانییانە، ناچار کراون لەسەر خاک و زێدی خۆیان هەست بە نامۆیی بکەن. سەرەڕای ئەوە کە زۆربەی مۆدێلەکانی پاکتاوی شووناسی نەتەوەیی لەسەریان تاقیکراوە، بەڵام ئەوان توانیویانە سەربەرزانە لەژێر ئەو قۆناخە تاڵ و تڕاژیکانەدا خۆ ڕابگرن و زمان و داب و نەریتی خۆیان بپارێزن. ئەم مێژوو تاڵە کۆمەڵێک یادگاری و سەمبۆلی نەتەوەیی بۆ کوردەکان جێهێشتووە کە کوردەکان بایەخێکی زۆریان پێ دەدەن و ئامادەن لە پێناویان‌دا گیان بدەن.

ئەم مژارە چەند لایەنێک لەسەر پرسی «نۆژەنکردنەوەی ئارامگەی ناودارانی کورد لە مەهاباد» بەسەر دەکاتەوە کە بۆ کوردەکان بە گشتی و بۆ خەلکی موکریانی کوردستان بە تایبەتیی یەکجار هەستیارە، چون باس لە ئارامگەی کەسانێکی کاریزماتیکی نەتەوەی کوردن کە لای کوردەکان یەکجار هێژان.

لێژنەیەک لە بەرپرسان و کەسایەتییەکان بە هاریکاری ئۆرگانێکی فەرمیی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەرەکیان بووە کە ئارامگەی چەندین کەسایەتیی ناوداری مەهاباد لەگەڵ قەبری هەندێک کەسی دیکە بە مەبەستێکی ئەرێنی نۆژەن بکەنەوە. بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە، ئەم هەنگاوە یەک لە هەنگاوە شارستانییەکانی بەرپرسانی ئەو شارە بووە کە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا هەڵیانهێناوەتەوە. مخابن بەهۆی کەمتەرخەمیی، نائاگایی، بەرژەوەندیی تاکەکەسی و زۆر فاکتەری دیکە ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی شیاو و گونجاو بەڕێوەنەچووە. لێرە هەوڵ دەدرێت بە شێوەیەکی لۆژیک و بێ‌لایەنانە چەند سەرنجێک بۆ ڕای گشتیی و بەرپرسان و کەسایەتییەکانی بەشدار لەم پڕۆژەیەدا بخرێتە بەرچاو و ئاواتەخوازم کە ئەم پرسە هەرچی زووتر بەو جۆرەی کە دروستە یەکلاکرێتەوە و بەرپرسانی ئەو شارەش بە پرسە جددییەکانی دیکەی ئەو شارە ڕابگەن. مەهاباد هەناوی یەک نەتەوەیە و دەبێ زۆر بە تێبینی‌یەوە تەنانەت ناوەکەشی بهێنرێت، چ بگا بەوە کە دەست بۆ کۆمەڵێک فاکتەری گرنگی ئەو شارە بەرن کە مڵکی کوردستان و کوردن.

پڕۆسەی کار

لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بە حاستەم ڕەنگی پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە بینیوە، ڕووتینێک بۆ ئەنجامدانی ئەمجۆرە کارانە ڕەچاو دەکرێت. لەمبارەوە هەموو ئەو کەسانەی کە لەم پڕۆژەیەدا دەستیان هەبووە، پێویستە ئەم ڕەخنەیە قبووڵ بکەن کە پڕۆسەی کارەکەیان نادروست بوو. دروست وابوو داڕشتنی خۆیان لەسەر ئەم پڕۆژەیە بە تێکست و وێنە بۆ ڕای گشتیی بڵاو کردبا. ئینجا پاش وەرگرتنی بۆچوون، پێشنیار و ڕەخنەکان و بە لەبەرچاوگرتنی پرسیارگەلێک کە لەوانەبوو ئاراستەیان بکرێت، گۆڕانکاری پێویستیان لەسەر داڕشتنەکە ئەنجام دابا. ئەوکات دەیانتوانی کە وەشانی کۆتایی داڕشتنەکە بە تێکست و وێنە بخەنە بەر چاوی جەماوەر و ئەو شانازییە بۆ خۆیان تۆمار بکەن کە گچکە خزمەتێکیان بە ناودارانێک کردووە کە بەشێکی زۆر لە ژیانی خۆیان دە خزمەت ژیاری و مرۆڤایەتیی‌دا نا.

لێژنە دەیتوانی لە دوای ئەم قۆناخە، پڕۆژەکە بەرەو قۆناخی کرداری ببات. هەستیاربوونی ئەم پڕۆژەیە وای دەخواست کە لێژنەیەکی سەرپەرەستیی بۆ بەڕێوەبردن و تەواوکردنی پڕۆژە هەڵبژێردرابا. ئەم لێژنەیە پێویست بوو بەردەوام جەماوەر لە ئاست و ڕادەی بەرەوپێشچوونی کارەکان ئاگادار کردبا بۆئەوەی هەموو لایەک بەبێ سترێس و پەرۆشییەک چاوەڕێی تەواوبوونی پڕۆژەکەیان کردبا.

خاوەن پڕۆژە و داڕێژەڕی داڕشتنەکە دەیانتوانی بەشێک لە پڕۆژەکە بۆ سوورپڕایز بە نهێنی بهێڵنەوە. کاتێک کە من باسی نۆژەنکردنەوەی ئەم ئارامگایانەم بیست، بیرم لەوە کردەوە کە ڕەنگە شوێنێکی وەها دەگمەن و شاز لە زەینی ئەوان‌دا بێت کە لە وڵاتانێکی وەک ئەرمەنستان، فەڕەنسە، نەروێژ و چەند شوێنێکی دیکە بینیومە. من شیمانەی ئەوەم دەکرد کە بەهۆی گرنگبوونی ئەو کەسایەتیانە و ئاگابوونی بەرپرسان لە پێگە و خۆشەویستبوونی ئەو ناودارانە لای خەڵک، لانیکەم دیوارێکی بەرین و بەرزیان لە شووشە و بەرد سازدەکرد بۆئەوەی کورتەیەک لە خەباتی مرۆڤدۆستانەی ئەو ناودارانە لەسەر دیوارەکە تۆمار بکرێت.

جگە لەوە کە ئەم گرنگانە لەبەرچاو نەگیرا، بینرا کە پڕۆسەی کارەکە هەڵەی زۆری تێدا بوو. لێرە هەوڵ دەدرێت کە شیکردنەوە لەسەر ئەم پرسە بە مەبەستێکی ئەرێنی بکرێت و دروست وایە لە هاڵۆزیی دۆخەکە کەم بکرێتەوە، چون ئامانج ئەوەیە کە هەر تاکێکی ئەڤینداری ئەو خاک و خەڵکە، بە بزەی سەر لێوان سەردانی ئەو پێگەیە بکات.

ناوەکان

لێژنە دەبێ ئەمە قبووڵ بکات کە هەڵبژاردنی ناوی ”مقبرە‏الشعرای مهاباد” هەم هەڵەیە و هەم بێڕێزییەکی زۆرە بە دوو زمانی دەوڵەمەندی کوردی و فارسی.

من تێناگەم کاتێک کە لە دەستووری بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا زمانی فارسی وەک زمانی فەرمیی ناسێندراوە و هاوکات زمانەکانی دیکەی نێو ئەو وڵاتە بە فەرمیی ڕێگەی بەکارهێنانیان پێ دراوە، هۆکار چییە کە کەرامەتی زمانی کورد و فارس خەوشەدار کراوە و لە ناوێکی عەرەبی کەڵک وەرگیراوە؟ ڕێزی زمانی یەکجار دەوڵەمەندی عەڕەبی، وەکی زمانی کورد و فارس سەر چاوان، بەڵام لە کاتێکدا کە بە سانایی دەکرا ناوێکی گونجاو بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی هەڵبژێردرێت، چ پێویست بوو پەنا بۆ زمانێکی تەواو نامۆ ببردرێت؟!

لێرە جگە لە بێبایەخنیشاندانی دوو زمانی دەوڵەمەندی کوردی و فارسی، هەڵەیەکی زەقیش ئەنجام دراوە. بەکارهێنانی ”مقبرە‏الشعرا” لە کاتێکدا دروست بوو کە هەموو ئەو ناودارانەی لەوێ نێژراون شاعیر بووبان.

خەوشەدارکردنی هەستی خەڵک و کاردانەوەکان

مخابن ستانداردی نووسین لە وڵاتی نەروێژ ڕێگەم نادات کە بە شێوەیەکی ئاوەڵا و ڕاستگۆیانە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆی هەموو ئەو قسە و هەڵوێستانە بکەم کە لەمبارەوە بە من گەییشتووە. تەنیا ئەمەندە دەبێژم کە مرۆڤی زۆر هەستناسک و دڵشکاو چاوەڕێی ئەو چرکەیە دەکەن کە ئەم پرسە یەکلا بکرێتەوە و خوازیارن بزانن بەرەو کام لا دا دەشکێتەوە. نایشارمەوە کە خەڵک تووڕەن، زۆر تووڕەن.

‌‌

کورتەیەک لەسەر تایبەتمەندیی موکریان

هەموو ئێوە کە بە جۆرێک لەم پرۆژەیەدا خاوەن بەرپرسیارەتین، بۆ چەند خولەکیک ئەو میز و کاخەز و شتانەی لە پێشتانە جێهێڵن. چاوەکانتان ببەستن و بیر لەوە بکەنەوە کە تایبەتمەندی جیاوازەکانی ئەو موکریانە و جوانییەکانی چەندە زۆرن. هەمووی ئەمانە بە تەواویی جیاوازییەکانیانەوە بە کۆمەڵێک فاکتەر لە یەک گرێ دراون کە ناوەکانی قازی، هەژار، هێمن و ماملێ لە گرنگەکانیان دەژمێردرێن.

لە کام مەجلیسی گەورە پیاوانی مەنگوڕان‌دا دەکرێت بەبێ دەنگی ماملێ سفرەی سەنگەسیری بە گۆشتی کەروێشکێ ڕاخەن؟ گەر دەنگی ماملێ‌ی لە مەجلیس و دیوەخانی مەنگوڕان بستێنی، کێ تاقەتی گوتنی دوو بەند و چوار قسەی خۆشی سەر تەختەنەرد و «داووبەرگەرد»ی هەیە؟

بە تەواوی ئەو شاروێرانەدا بگەڕێن بزانن دەکرێ هەست و ئەڤینی ماملێ لە دڵی زەریائاسای ئەو خەڵکە هێژایە بسڕنەوە؟

هێمن یادگارێکی بە نرخی کەرامەتی ئەم نەتەوەیە و هەژار وەک کۆڵەکەی وێژەی کورد دەژمێردرێت. بڕۆن دوو شەوان لەسەر سفرەی فەیزوڵڵابەگییە قارەمان و جوامێرەکان میوان بن. ئەوان لووتکەی هێژایی موکریانن، کەچی لە ئاست ناوی هەژار دا، سەر و سینگی دلێریان دادەنوێنن.

هیچ کەس بە هیچ کردار و پڕۆژەیەک ناتوانێت نابەرپرسانە لەم ناوانە نزیک بێتەوە. ئەمانە هێڵی سووری نەتەوەی کوردن و تۆلێرانسێک بۆ کەمتەرخەمیی لە ئاستیان‌دا نییە.

لەناوبردنی مێژوو و بایەخی کەسایەتییەکان

لێرە دەرفەتی ئەمە نییە کە پێناسەیەکی ورد لە کەسایەتی ئەو ناودارانە بە گشتیی بکرێت و دروستیش وایە کەسانێکی شارەزا لەو بوارەدا ئەم گرنگە ئەنجام بدەن. ئەمە بەردێک نییە کە بە هەر کەسێک هەڵگیرێت، بەڵام بە متمانەوە دەتوانم بێژم کە هەموو شارەزایانی مێژوو و تێکستی کوردی لەسەر ئەمە هاوڕان کە هێمن مرۆڤێکی دڵپاک، ئەڤیندار، هەستجوان، جوانوێژ و جوانبین بوو. هەموو دەزانن کە هەژار هەموو مێژوو و ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی لە زۆر قۆناخ‌دا کردە قوربانی ڕێبازێک کە تەواو ئەرێنی و مرۆڤیی بوو. گەلیک گرنگە کە کێل و بەردی ئەو دوو کەسە بە ڕادەیەک گونجاو و جیاواز بێت کە پێناسەی کەسایەتی و ماندووبوونیان لە خزمەت مرۆڤایەتی و ژیاریدا بکات.

دروست وایە داڕشتنی گڵکۆی هەرکام لەو ناودارانە پێناسەی دروستی ئەوان بکات. لەسەر گڵکۆی هەژار و هێمن دەبێ بنووسرێت کە ئەمان «شاعیری نەتەوەیی کورد» بوون. نۆژەنکردنەوەی ئێوە بە دڵنیاییەوە هەڵگری پەیام و هەنگاوێکی ژیارانە و ئەرێنی بووە، بەڵام پێویستە بە تێبینییەوە ئەم گۆڕانکارییانە ئەنجام بدرێن. لەبیرنەکەن کە لە پرۆژەی ئاوا هەستیار دا جگە لەوە کە هەلەیە تاقە کەسێک داڕێژەڕ بێت، دروست وایە گرووپێکی شارەزای داڕشتن، ڕەنگ، تێکست و مێژوو بە یەکەوە هاوکاری بکەن و بە تێبینی و ڕاوێژی یەکتر بڕیاڕی دروست لەسەر داڕشتنەکە بدەن.

ماملێ جگە لەوە کە کەسایەتییەکی هونەرمەند و خۆشخوێنی ئەم زێدە بوو، هەندێک تایبەتمەندیی، ئەوی لە زۆر کەسان جیا کردبۆوە. ماملێ مامۆستای قەتارەی کوردییە کە لە سەردەمی کاروانەکانی جادەی هاوریشمەوە وەک میراتێک سینگ بە سینگ پارێزراوە و ماملێی کوردان ئەو ئەمانەتەی بە جوانیی پەرە پێدا و بۆ هەتاهەتایە پاراستی. خزمەتەکانی ماملێ سنووردار بە خاکی کوردان نییە و دڵنیا بن ڕۆژێک دادێ کە پسپۆڕانی ڕۆژئاوایی سەرنجی پێ دەدەن و زانستیانە لەسەری دەنووسن.

چلۆن دەکرێت کێل و بەردێک بۆ ئەم کەسایەتییانە سازکریت و سەرنج بە مێژوو و کەسایەتییان نەدرێت. بەڵێ، دەبێ بنووسرێت کە موحەممەدی ماملێ «هونەرمەندی نەتەوەیی کورد»ە و بەشێکە لە سەروەری و شەڕەفی ئەم خاکە.

کوشتاری مێژوو و کولتوور

نە بەو واتایە کە کەسانی بەرپرس لەو پرۆژەیەدا ئامانجێکی نەرێنی و دژە-شووناسی‌یان هەبووبێت، بەڵام حاشا لەوە ناکرێت کە کەمتەرخەمیی لەمەڕ تۆمارکردنی هەندێک دەقی پێویست لەسەر گڵکۆی ئەو ناودارانە وەک کوشتاری مێژوو و کولتووری کوردەکان پۆلێنبەندی دەکرێت. دەقەکانی سەر ئەو گڵکۆیانە دەبێ پارێزەری مێژوو و کولتوورێک بیت کە هەژار و هێمن‌ەکان لە پاراستنی‌دا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

ئیسلام و ڕێزگرتن لە مردووەکان

ئیسلام دینی زۆربەی خەلکی دانیشتووی نێو ئەو سنوورەیە کە بە ناوی ئێران دەیناسێنن. ئیسلام دینێکە کە زۆر بە هێژاییەوە ڕێز لە مردووەکان دەگرێت. ڕەنگە یەک لە خاڵە هاوبەشەکانی موسوڵمانەکان لەگەڵ باقی دینداران و ئاتێئیست و ئاگنۆستەکان ئەم لایەنە ئەخلاقییەی ئیسلام بێت کە زۆر بە ڕێزەوە جامینی مردووەکان دەگرێت. ئەمە خاڵیکی گرنگ لە دینی زۆربەی خەڵکی کوردیشە کە مخابن بە جوانیی لەبەرچاو نەگیراوە. ڕوانینی ئیسلام لە ئاست مردووەکان‌دا بریتییە لە ئەخلاق، ڕێز و فەلسەفەیەک کە پڕە لە هێژایی، هەربۆیە پێویستە ڕێز لەو ناودارە هێژایانە بە جۆرێک بگیردرێت کە کەرامەتی ئیسلامیش وەک دینی زۆربەی ئەو خەڵکە خەوشەدار نەبێت.

یەکسانکردنی نازانستیی

ڕەزا شای پەهلەوی و زۆربەی فاشیستەکانی مێژووی هاوچەرخ بەوە وەبیر دێنەوە کە سیاسەتی یەکسانیکردنیان بەڕێوەبرد. یەکسانیکردنی ڕووکاریی پلانێکی قێزەونی سیاسیی دەژمیردرێت. نە بەو واتایە کە ئێوە بە پلانێکی ئاوا نگرس و نامرۆڤیی تاوانبار بناسین، بەلام بە دڵنیاییەوە دەتوانم بێژم کە ئاستی زانستیی داڕێژەڕ بە ڕادەیەک نزمە کە نەیزانیوە بەم کارەی چ هەڵەیەکی گەورەی ئەنجامداوە. کاتێک سەیری ئەو گاشە بەردانە دەکەم، وەبیر «کڵاوی پەهلەوی» دەکەوم کە بە زۆریی دە سەری خەڵکیان دەکرد و کەرامەتی هەموو نەتەوەکانیان پێ شکاند. تەمەنی ئێوەی بەرپرس بەو مێژوویە ناگات و بۆ زانین لەسەر ئەو ڕۆژانە دەبێ پەنا بۆ کتێبە بەڵگەمەندەکان بەرن. کەرەمکەن سەیری سێریاڵی زۆر بەنرخی ”کلاه پهلوی” بکەن کە لە ماوەی هەشت ساڵان‌دا سازکرا و توانیان بە سەرکەوتوویی نیشان بدەن رەزا شا چی بەسەر نەتەوەکانی ئێران هێنا.

وەکیەککردن کاریکی نەک نەرێنی، بەڵکوو نازانستیشە. کێ ئەمە قبووڵ دەکات ئەو گاشە بەردە بۆ کۆمەڵێک ناودار بەکار بهێندرێت کە هەرکام لەوان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و لە یەک جیاوازن؟ لەبیرتانە ئەو نۆتەی کە لەسەر بەردی شادڕەوان ماملێ بوو؟ مرۆڤ لە دوورەوە دەیزانی کە بەرەو بارەگای مامۆستایەکی مۆسیقای کوردی هەنگاو دەنێت. وەک‌یەک‌نیشاندانی گڵکۆ و کێل و بەردی ئەو ناودارانە ئەتمۆسفیرێکی ئیشک و یەکڕەنگ بەسەر ئەو پێگەیەدا دەسەپێنیت. کوردەکان لە مێژووی خۆیان‌دا سەلماندوویانە کە ئامادەن هەنگاوی جددی بۆ یەکسانی مافەکانی تاک و جەندەر لە کۆمەڵگادا هەلهێنن، بەلام قبوولی ئەوە ناکەن جلکی یەکڕەنگ و هاوشێوە دەبەر هونەرمەند و شاعیر و نووسەر و هتد بکەن.

لەبەرچاونەگرتنی کولتووری کوردەکان

داب و نەریتی هەر خەلکێک و هەر گرووپێکی ئێتنیکی لەچاو خەلک و گرووپی دیکە جیاوازن. هەر گرووپێکی ئێتنیکی بە پێی مێژوو و کولتوور و ڕێبازێکی ئایینیی کە هەیانە، بە شێوەی تایبەت بە خۆیان مردووەکانی خۆیان دەنیژن و گڵکۆیان بۆ ساز دەکەن. ئەوەی کە لە وێنەکان‌دا دەیبینین، نە تەنیا لەگەل کولتوور و تایبەتمەندییەکانی ناوچە نایخوێنێتەوە، بەڵکوو زۆر خاڵی پێویستیش لەمبارەوە لەبەرچاو نەگیراوە.

گەر لە سەرەتاوە ئەم داڕشتنە بە تێکست و وێنەی داڕێژڕاو لە کۆمپیوتێر دا بڵاو کراباوە، زۆربەی خەلک دەیانگوت: تکایە چاکی مەکەن با خەراپ نەبێ.

هۆکاریش بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە خەڵک چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد نۆژەنکردنەوە بەو مەرجە ئەنجام بدرێت کە جوانتر و شیاوتر بێت. دووپاتی دەکەمەوە کە جێگەی سپاسە کەسانێک بیریان لە بایەخ و گرنگی ئەو پێگەیە کردووە و بودجەی نۆژەنکردنەوەیان بۆ وەرگرتووە، بەڵام کاری ئاوا دەبێ بە پارێز و تێبینی‌یەوە ئەنجامدرێت. سەرنج بدەن کە زۆربەی ئەو کەسانەی لە نزیکەوە بە خزمەتی مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، مامۆستا ماملێ و مامۆستا ئەحمەد قازی گەییشتبوون، وردەوردە تەمەنیان بەرەو سەرێ دەچێت. جیلێکی دیکەش بە دوای ئەوان‌دا بە ڕێوەیە و تا یەک دوو دەیەی دیکە بە کاروانی پیرانی هێژا پەیوەست دەبن. لە نۆژەنکردنەوەدا پێویست بوو ڕەچاوی ئەو جیلانە بکرێت کە ناتوانن دابێنەوە. ئەم خەڵکە حەزدەکات سەر و سینگی لەسەر سینگی هەژار دانێت. حەز دەکەن باوەش بە سینگی هێمن داگرن. بۆ بیرتان لەوە نەکردووەتەوە کە ئەو خەڵکە ئەڤیندارە ئەژنۆکانیان نایکات و ناتوانن دابێنەوە؟! داڕێژەڕ دەبێ ئەمانە بزانێت کە ئەو گڵکۆیانە بۆ گرتنی سێلفی نین. ئەمانە بۆ لاوانەوەی دڵی زامدارن. گڵکۆی هێمن دەبێتە ژوانگەی هەموو ئەو گەنجانەی کە دڵەکەیان لە دەست داوە و گڵکۆی هەژار و ماملێ بیرەوەریی دوو جیل و پتر لە نیو سەدە مێژووی ئەم خاکەی لەگەڵە.

کاتێک سەیری وێنەکانم کرد، هەستمکرد وێنەکان لە گڵکۆی ئەو کەسانە گیراوە کە کاتی خۆی بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێران بە دەستی چەکدارانی پەهلەوی شەهید کران. بڕۆن سەرێک لە مێژوو و گلکۆی ئەوان بدەن. دەبینن کە تێکڕا بە یەکەوە نێژران و قەبرەکانی هەموویان لە یەک دەچێت. ئەوان گەر وایانکرد خۆیان باشتر دەزانن. گلکۆکانی تاران تایبەت بە کولتوور و ڕێبازی ئایینی ئەوانە و ئەمانەی مەهابادیش پێویستە بە پێی تایبەتمەندییەکانی کولتووری و ئایینی کوردەکان بێت.

چەند خاڵی گرنگ

لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەدا باشترە چەند هەنگاوێکی پێویست و مۆدێڕن هەڵهێنینەوە. چلۆن دەکرێت کەسیک لە بارزان و گەرمیان و سلێمانی ڕا بۆ بینینی ئەم پیگەیە بێت و بنکەیەکی بچووک لەوێ نەبیت کە دەفتەری واژۆکردن و تۆمارکردنی سەردانەکانی تێدا ڕابگیرێت؟ دووسەت کیلۆ سمیت و داشقەیەک خیز و بڕێک خشت و دە دوازدە مەتری چوارگۆشە زەوی ئەوە دەهینیت ئەمەندە دەست بە پارەوە بگرن؟ داڕێژەڕ دونیانەدیتوویانە سەری دە شاشەی کۆمپیوتێر ناوە و وایزانیوە شاکارێک دەخوڵقێنیت کە شایەنی ئەوەیە خەڵک لەسەر شانان بە دەوری ئەم شارەدا بیگێڕن و بارەقەڵلای پێ بڵێن. هەر بە بەردی گڕانیت دەبوو هەرە بەرهەمە ناسراوەکانی ئەو کەسایەتیانەتان بە شێوەی کتێب لە بەردەم گلکۆکانیان دانابا و مرۆڤ هەستی بەوە کردبا کە کەسانێکی یەکجار ژیر و وردبین کارگێڕی ئەم نۆژەنکردنەوەیە بوون. لێرە مەبەست ئەوە نییە کە خەتاکار بدۆزینەوە، بەڵکوو داننان بە هەڵەیەکە کە لە داڕشتنەوە دەستی پێ کردووە و بە پەژراندنی لە لایەن باقی ئەندامانی لێژنە بەو حاڵە گەییشتووە. ئەم زەمەنە و پێشکەوتوویی زانست و ژیاریی وا دەخوازێت پێداگریی لەسەر دروستبوونی هەڵە نەکرێت. با ئەمە ببێتە تەجرەبەیەک بۆ پرۆژە ئەرێنی و دڵسۆزانەکانی داهاتووتان. با خەرجی تێ بچێت، قەیناکا سوار تا نەکەوێت نابێت بە سوار. لەبیریش مەکەن کە ئەم خەرج و هەڵوەشان و گۆڕانکارییانە، تاقە یەکجار دەکرێت. گەر بکرێت، ڕەحمەت و خۆشیی لێ دەکەوێتەوە و گەر نەکرێت، نەعلەت و ناخۆشیی.

جیاوازیدانان لەچاو باقی وڵات

کاتێک کە سەرنجی ئارامگەی فێردۆسی، حافز و زۆر کەسایەتی ناسراوی دیکەی فارسەکان دەدرێت، بە زەقی دەبیندرێت کە بودجەیەکی خەیاڵی بۆ نۆژەنکردنەوەی گڵکۆی ئەوان خەرجکراوە. فێردۆسی فارسوێژەکان ڕەنگە هەر لە ئاستی هێمنی گەنجی بیست ساڵان‌دا بێت. ئەم هەمووە جیاوازیدانانە لە سیاسەت و بەڕێوەبەریی‌دا نادێمۆکڕاتیک، ناعادڵانە و دوور لە ئینسافە و هاوکات لە دژایەتی ئەو یەکسانی‌یەدا دەبیندرێت کە دینی فەرمیی ئێران ئاماژەی پێ دەکات. ئیسلام دینێکە کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پۆلێنبەندی ئێتنیکی و زمانیی، بودجە و بەیتۆڵماڵ دابەش دەکات. لێژنە دەبێ زۆر هەستیارانە لەسەر ڕێباز و پرەنسیپەکانی دینی فەرمیی ئێران مانۆڕ لێدات و پێویستە زۆر وریا بن کە نەکا سنوورەکانی عەداڵەتی ئایینی ببەزێنن.

‌نە فێردۆسی، نە حافز و نە هیچ کام لەوانەی بودجەی خەیاڵی‌یان بۆ نۆژەنکردنەوەی گڵکۆکانیان دابین کراوە، نێو هێندەی مامۆستای مامۆستایان، هێژا هەژاری موکریانی خزمەتی ئەو عەداڵەتەیان نەکردووە. هەژاری موکریانی قورعانی پیرۆزی موسوڵمانەکانی بە شێوەیەکی یەکجار زانایانە کورداندووە و خزمەتی بە زمانی کوردەکان و پەرەسەندنی ئەو دینە کردووە. چلۆن دەکرێت ئەم غەدرە لە هەژار بکرێت و لە عەداڵەتێک بێبەر بکرێت کە دینی فەرمیی ئێران پێی ڕەوا دەبینێت؟ بەڕاست گەر فێردۆسی و حافز قورعانیان کردبا بە فارسیی، ئەوەندەی دیکەیان ڕێز لێ نەدەگیرا؟

لێرە بە هیچ شێوەیەک باس لەمە نییە کە ڕێزی لە ڕادەبەدەر لە ناودارانی فارسوێژ نراوە، بەڵکوو وێڕای دەستخۆشیی لە ڕێزگرتنی ئەوان باس لە کەمتەرخەمیی لە ئاست ناودارانی کوردە. لێژنە دەبێ بەرپرسانی باڵای حکومەتیش بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە دامەزراندنی ئاشتی و برایەتیی گەلان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌دا پێویستی بە ڕێزگرتن لە یەک و عەدالەت و یەکسانی نێوان گرووپە ئێتنیکییەکانە. درگای خەزێنەی ئەو شار و وڵاتە بکەنەوە و ڕێز لە کەسایەتییە کاریزماتیکەکانی کورد بگرن.

من کە بیر لە فێردۆسی دەکەمەوە، وەبیر بێڕێزی‌یەکانی فێردۆسی بە ژن و نەتەوەی دیکە دەکەوم. فێردۆسی هەرچەند بۆ فارسەکان ئازیز بێت، بەڵام لە شێعرەکانی‌دا هێڕشی رەیسیستی بردووەتە سەر چەند نەتەوەیەکی ژیار و بەو پەڕی بێڕێزی‌یەوە لەسەر ژن دواوە، کەچی هەژار و هێمنی کوردان لە هزر و دەقەکانی خۆیان‌دا باڵاخانەیەکی تەواو شیاو بۆ پێگەی بەرزی ژنان بونیات ناوە و گەلێک بە ڕێز و حوڕمەتەوە سەیری نەتەوەکانی دیکەیان کردووە. سەرنج بدەن نۆژەنکردنەوەی بارەگای فێردۆسی جۆرێک داڕێژڕاوە کە دەبێ سەرت هەڵهێنی و بە شکۆوە چاوی لێ بکەی، کەچی ئارامگەی ناودارانی مرۆڤدۆست و هێژای کوردەکان جۆرێک نۆژەنکراوە کە دەبێ سەریان بۆ دابخەی و بە چاوی سووک چاویان لێ بکەی. ئەمە بێڕێزی‌یە بە کەرامەتی مرۆڤدۆستانێک کە لە پێناو ئازادی، ئاشتی و مرۆڤایەتیی‌دا خەباتیان کردووە و هاوکات هێرشکردنە بۆسەر هەستی ئەڤیندارانی کورد.

مافی بنەماڵەکان

یاسا و ڕێسای ئێران، عوڕف و دابی کوردەکان لەگەڵ هێڵە فەرمییەکانی ئایینی ئیسلام وا دەخوازن کە لە بڕیاردان سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی ئەو ئارامگەیانە لەگەڵ ئەندامانێک لە بنەماڵەی ناوداران ڕاوێژ بکرێت کە خاوەنی سەرەکیی ئەو مافەن. هەر کەسێکیش لەو بنەماڵانە ناتوانێت خۆ لەمجۆرە باسانە وەردا، چون پێویستە کەسانێک لەمبارەوە بڕیار بدەن کە توانایی لێکدانەوەی ئەم باسانەیان هەبێت. ئەو ناودارانە سەرمایەی مانەوی نەتەوەیەکن و هەربۆیە ناکرێت کەسێکی نەخوێندەواری هێژا لەسەر ئەم پرسە تەنیا لەبەر ئەوە بکەنە خاوەن‌ڕا، چون خزمایەتییەکی لەگەڵ ئەو ناودارانە هەیە. مەبەست بە هیچ شێوەیەک بێڕێزیکردن بە یایەک یان کاکێک نییە و مەبەست لەبەرچاوگرتنی دروستبەڕێوەبردنی ئەو گرنگە و بەرژەوەندیی گشتییە. جیا لەم گرنگە لێژنە زۆر خاڵی گرنگی لەمبارەوە ڕەچاو نەکردووە. دین، عوڕف و نەریتی کوردەکان وا دەخوازێت کە پرسکردن بە میراتگرانی ئەو ناودارانە مافی بێ‌ئەملا و ئەولای ئەوانە. بۆ وێنە هەژاری موکریانی لە پەرتووکی چێشتی مجێوردا ڕێنوێنی کردووین کە بۆ کاری ئاوا گرنگ باشتر وایە پرس بە خانی شەڕەفکەندی بکرێت. ڕێزی هەموو ئەندامانی بنەماڵەی شەڕەفکەندی سەرچاو، بەڵام خانی پێویست بوو لەمبارەوە رەزایەتی خۆی دەربڕێت. پرسنەکردن بە خانی شەڕەفکەندی، بێڕێزیکردن بە ویست و ئاواتی هەژارە و هاوکات پێشێلکردنی مافی خانی‌یە. لەسەر زۆربەی ئەو ناودارانە بە شێوەیەک هەڵە کراوە، بەڵام لێرە تەنیا ئاماژە بە نموونەیەک کرا بۆئەوەی بەبێ دەمارگرژیی دان بە هەڵەیەک بنرێت کە ئەنجامدراوە. خاڵێکی یەکجار گرنگ سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە دین، دەستووری بنەڕەتیی و غیرەتی کوردەکان ڕێگە نادات مافی هیچکام لەو ناودارانە و میراتگرانیان پێشێلکرێت. ڕوونتر بێژم کە گەر بۆ وێنە لەم پڕۆژەیەدا مەبەست ئەوە بێت ئارامگەی شەش ناودار نۆژەنکرێت و بنەماڵەی یەک لەو ناودارانە ڕازی نەبێت، لێژنە مافی ئەوەی نییە پڕۆژەکەی خۆی بە سەریان‌دا بسەپینێت. دووپاتی دەکەمەوە کە دەستووری بنەڕەتی ئێران، پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی ئایینی ئیسلام و غیرەتی کوردەکان ڕێگە بەمە نادات. لادان و کەمتەرخەمیی سەبارەت بە دەستووری بنەڕەتی ئێران تاوانێکی گەورە دەژمیردرێت و کەمتەرخەمیی لە ئاست ئایین و غیرەتی کوردەکانیش کاردانەوەی ڕەنگاوڕەنگی لێ دەکەوێتەوە.

دوا وتە

وێنەکان دەرخەری ئەم ڕاستییەن کە بەردەکان لە یەک چەشن نین. من بوختانی ئەوە ناکەم کە بێژم لە سەرەتاوە وایان دانابوو کە بەردەکانی سەر سینگی ناوداران دانەندرێن و لەبەر ئەوە کە دواتر دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بەرز بووەوە، هاتوون ئەو بەردانەی دیکەیان لێ زیاد کردووە. بەڵام دەتوانین بە سانایی بێژین کە گەر مەبەستی ئاوا قێزەون لە پێشڕا لە بەرنامەی پڕۆژەدا نەبووە، تەنیا لەبەر ئەوە کە زۆر نائاگا و ناشارەزان، لە سەرەتاوە بیریان لەوە نەکردبۆوە کە دەبێ بەردەکان یەکڕەنگ بن. نامهەوێ فرەوێژیی بکەم، بەڵام هەموو جوان دەزانین چ باسە. تکایە بۆ ڕێزگرتن لە هەموو ئەو شتانەی کە عەرزم کردن، ئەو پڕۆژەیە وا لێ بکەن کە شیاوی ناودارانی کورد و کوردستان‌ە. منیش تەنیا لەبەر ئەوە کە مەبەستێکی ئەرێنیم هەیە و خوازیارم پڕۆژەکە بە جوانیی و سەرکەوتوویی کۆتایی پێ بێت، قامکم لەسەر زۆر لاوازی و بابەت دانەناوە. لە هەمووی گرنگتر لەبیر مەکەن کە خەڵک تووڕەن، زۆر تووڕەن.


هەر بژین

سۆران کەرباسیان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت