بۆ مێژوونووسان : بە ڕاستگۆیانە و بە ویژدانەوە مێژووی ئەمڕۆ بۆ نەوەکانی داهاتوو بنووسنەوە

0
701
نەریمان سابیر محەممەد

خیانەت و شکستی سیاسییەکان مەخەنە ئەستۆی فەرمانبەران و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان
هەندێک کەس خەریکی قسەگەلێکی قۆڕن
گوایە ئەوانەی داوای موچە و ئاو و کارەبا خزمەتگوزارییەکان دەکەن، ئەو کەسانەن کە عەبادی و حەشدی شەعبیان هێناوەتە سەر کوردستان .
ئەمە قسەی هیچ و بێ مانایە .
کەس حەدی ئەو شاتە شاتەی نەبێت تۆمەتی خیانەت بخاتە ئەستۆی فەرمانبەرێکی بێدەرەتان ، خێزانێکی هەژار ، قوتابییەکی بێ کتێب ، نەخۆشێکی بێ دەرمان .
کە چەندین ساڵە بەشێوازی مەدەنی داوای مافی خۆیان دەکەن .
هەر شکستێکی سیاسی و سەربازی و ئیداری لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەیە نەک چینێکی تر .
خەڵکی کوردستان پەلاماری هیچ دامەزراوەیەکی هەرێمی نەداوە بیڕوخێنێت و بەرپرسەکانی بخاتە تەنەکەی خۆڵەوە تا حەشدی شەعبی بێت و بیگرێت.
ئەسڵەن ئەو ڕۆژەی هێزەکانی پێشمەرگە کشانەوە خەڵکی کوردستان گریان، خودی ئەو پێشمەرگانەی کشانەوە گریان.
بەڵێ ئەوە سیاسییەکانی هەرێم بوون بەرانبەر عەبادی دۆڕاندیان و خیانەتیان لەیەکتری کرد ئیتر دەستی چەوری ئەوان مەسڕن بەسەر خەڵکی بەشمەینەتی کوردستاندا .
نا هەر بەڕاست لەبەر بەرپرسەکان کوا ئیشی سیخوڕی و خیانەت و نۆکەری و خاکفرۆشی بەر فەقیر دەکەوێت ؟
ئەویشیان وەک هەموو ئیشەکانی تر قۆرخکردووە .
دەبێت بەر بەو ژەهر ڕشتنە بگیرێت لە تاوانبارکردنی فەرمانبەران بەوەی ڕازیبوون لەبەر موچەکانیان حەشدی شەعبی خاکی کوردستان داگیربکات .
ئەمە ئامانەتێکی مێژووییە نابێت وەک هەموو شتکستەکانی تر خەڵک تاوانبار بکرێت و سیاسییەکانیش وەک پاڵەوان لێیدەربچن .
دەبێت بە ویژدانەوە مێژوونووسان بنووسن
خەڵکی کوردستان ۲٦ ساڵ ناعەدالەتی و گەندەڵی و تاڵانی و شەڕی براکوژی و خیانەت و هێنانی دوژمن بۆ یەکتریان لەم دەسەڵاتە قبوڵکرد .
وەرزانە نیو موچە دەدرا بە مامۆستایان و فەرمانبەران .
پێشمەرگە موبایلەکەی دەستی فرۆشت ڕۆشتەوە بۆ ئەرکەکەی تانکی دوژمن جەستەی هەلا هەلاکرد سەنگەرەکەی چۆڵنەکرد .
۲٦ ساڵ بەرپرسەکان خواردیان و خەڵک سەیریکرد و هیچیان نەوت و یەک بەرپرس زلەیەکی لێنەدرا و هەرچیان ووت خەڵکەکە بەڵێی بۆ کردن .
بەو هەموو خراپانەوە دەسەڵاتەکەیان نەڕوخاند تا خۆیان شکستیان هێنا و خاکی کوردستانیان دایەوە بە دوژمنەکانی کورد .
تێبینی : من موچەخۆری حکومەت نیم .
لە ۱٦ ئۆکتۆبەرەوە وادەزانم دڵیان بە گوێزان شەق کردووم، ئەم قسانەشم بۆ داکۆکیکردن نییە لەو مامۆستا و فەرمانبەرە بێتامانەی لە خۆپیشانەکاندا بەزمانی عەرەبی درووشم دژی کورد دەنوسن و خۆیان هەزەلی دەکەن .
ئیتر هیچ

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.