لە مەریوان ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتی وەڕێخرا

0
814

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، كاتژمێر ٧ی سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە، ١٢ ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی ، كۆمەڵێك لە دوچەرخەسوارانی كوڕ و كچی شاری مەریوان ڕێپێوانێكی هێمنانەیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە وتەكانی پیشنوێژی هەینیی شاری مەریوان لە گۆلی زرێبارەوە  تا چواڕڕێیانی شار بەڕێوە برد،.

ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینە هێمنانەیە لەگەڵ دژكردەوەی توندی ناوەندە ئەمنیەتیەكان بەرەوڕوو بووەوە .

زانیارییەکان باس لە دەستبەسەرکرانی  چالاكێكی مەدەنی لەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی ئەمڕۆی شاری مەریوان دەکەن کە  پاش چەند كاتژمێر بە شێوەی كاتی ئازاد كرا.

لە نوێژی هەیبیی ڕابردوودا پێشنوێژی شاری باسی لە حەرام بوونی دوچەرخەسواری لە شوێنی گشتی بۆ كچان کردووە و گوتیشی  كچان بۆیان نییە لەم هەڵمەتە وەرزشیانە دا بەشداری بكەن.

ڕۆژی سێ شەممە ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە باژێڕی مەریوان و لە ڕۆژی سێ شەممەی بێ ترۆمبیلدا کە لە مەریوان وەک نەریتێکی ژینگەپارێزی بەڕێوەدەچێ، دووچەرخەی چەند ئافرەتێکی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکان دەستی بەسەردا گیرا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا کەمپەینێک بۆ بەرگری لە دووچەرخەسواران لە شاری مەریوان پێک هێنراوە و کەسانێکی زۆر و بەرچاو لە ڕێگای واژۆکردنەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەم کەمپەینە ڕاگەیاندووە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت