ناڕەزایەتیی کوردانی لەک، بەربەرینتر بۆتەوە

0
1075

دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی کوردانی لەک لە پارێزگای کرماشان و ئیلام، ناڕەزایەتییەکان کێشایە قەزوێن و لە کۆتاییشدا کێشایە ناو یارییەکانی تۆپی پێ لە تاران.

ڕۆژی کورد: بێ ڕێزی کردن بە کوردانی لەک، ناڕەزایەتیی بەربەرینی کوردەکان بە گشتی و کوردانی لەکی بەتایبەتی لێکەوتەوە. ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینە هەم لە دونیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە ئارادایە و هەمیش لە ئاستی ئێراندا و بە شێوەی مەیدانی، کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، کاتژمێر ٨ و نیوی ئەمشەو شەوی هەینی   15ی گەلاوێژی 1395 چەند کەس لە کوردە لەکەکان، لە کاتی یاریی تۆپی پێ لە نێوان دوو یانەی  ئیستقلال و سەنعەتی نەوتی ئابادان، بە هەڵگرتنی پلاکاردی هەڵگری درووشم، ناڕەزایەتیی خۆیان بەو بێ ڕێزییە نیشان دا.

لەسەر پلاکاردەکە بە دوو زمانی کوردی و فارسی نووسرابوو: “من لەکم”.

ئەو کوردە لەکە ناڕازییانە خەڵکی ناوچەی نورئاباد و گوندی کفراج بوون.

ئەو ناڕەزایەتییەی کوردانی لەک لە ھەمبەر بێ رێزیی “گۆرانی بێژێکی سەر بە ڕژیم” بە نازناوی “خان”ـە کە لە گۆرانیەکی خۆی دا بێ ڕێزییەکی زۆری بە کوردانی لەک کردووە، ئەنجام دراوە.

ئەو گۆرانیە بە زمانی فارسیە و تێیدا خۆی بە “خان سوڵتانی جەنگەڵ” ناو دەبا کە هاتووە لە هەندێ ئاژەڵ و مشەخۆر “ئەنگەل” دەدوێ و دەڵێ وەرە با دەردی دڵت بۆ بکەم لە بارەی ئەو کەسانەوە کە زمانیان لەکی یە و زمانی مرۆڤەکان نازانن، و دواتر دەڵێ سەر ڕەحمەت لە کەر لە چاو خەڵکی نوورئاباد و ئەلشتەر و دواتر بە زمان نەزانن و ناتێگەیشتوو و نەخوێندەوار ناویان دەبا و دەڵێ چون لەک ـن مرۆڤ نین و ئاقڵیان بەقەرا ئاقڵی قەوزەیەکە.

لە درێژەی ئەو گۆرانیە پڕ لە بێ ڕێزییە بە کوردانی لەک، ئەو بەشە لە کوردەکان بە دز دەناسێنێ کە هیچ کات لە پۆمپی بەنزین پارە نادەن و ڕادەکەن و دەشڵێ تا ماوەیەک بەر لە ئێستا هەر لە پشت کێوەکان بوون و باژێڕیان نەدیتبوو و هەر لەگەڵ کەر و مەڕوماڵات دەژیان و ساڵێ جارێکیش خۆیان ناشۆن و ناچنە حەمام و هێزیان بەقەرا کەرێکە و دەشڵێ تەنانەت نازانن خەتەر (مەترسی) بە کام (ت) دەنووسن.

لەک بە جەماوەرێک لە کوردەکان دەگوترێ کە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، ئیلام و ھەمەدان و قەزوێن دەژین. زمانی زگماکیی لەکەکان زاراوەی لەکیە کە بەشێک لە زمانی کوردی دێت بە ئەژمار. زۆربەی لەکەکان سەر بە ئایینی ئیسلامی شیعەن و بەشێکیشیان سەر بە ئایینی یارسانن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت