ڕاوێژكاری یارسان بۆ جاری دووهەم داوا لە خامنەیی دەکەن هەڵاواردنی ئایینی ڕاگیرێ

0
588

ڕۆژی کورد: كۆمەڵەی ڕاوێژكاریی چالاكانی مەدەنیی یارسان لە سێهەمین ساڵوەگەڕی خۆسووتاندنی چەند كەس لە ڕێڕەوانی ئایینی یارسان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیاسەتی هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی، بە ناردنەوەی دووبارەی نامەی ١٤ مانگ لەوەپێشیان بۆ ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران داوایان كردوە كە سیاسەتی هەڵاواردن‌و فەرق‌و جیاوازیدانان کۆتایی پێبێ.

لە سەرەتای ئەم نامەیەدا هاتوە كە زیاتر لە ١٤ مانگ لە ناردنی ڕەنجنامەی كۆمەڵەی ڕاوێژكاریی چالاكانی مەدەنیی یارسان بۆ عەلی خامنەیی تێپەڕبووە، بەڵام ئەو دۆخە هەر لەجێی خۆیەتی. لەم نامەیەدا هاتوە كە سیاسەتی هەڵاواردن لە سێبەری قانوون‌دا لە دژی خەڵكی یارسان درێژەی هەیە، هەر بۆیەش بوو لە ساڵی ٩٢ سێ لاوای یارسان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو هەڵاواردنە جەستەی خۆیان ئاگردا، هەتا ببنە دەنگ‌و هاواری خەڵکە مافخوراوو سەرکوت کراوەکەیان.

بەدوای ئەم ڕووداوەدا، چەندین كۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هێمنانە لە پارێزگا جیاجیاكانی ئێران بەڕێوەچوون‌و داوای سەرەتاییترین مافەكانی خەڵكی یارسان و كەمینە ئایینییەكانی دیكەی ئێران كرا و لەم ڕێگایەوە دەنگی خۆیان بە گوێی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی گەیاند. چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ كاربەدەستانی ناوچەیی و میللی و بە تایبەت سەرۆكی مەجلیسی شورای ئیسلامی و هاوكاری تایبەتی سەركۆمار بەڕێوەچوون و كۆمەڵێك وادەو بەڵێنی دران كە داواكاریی خەڵكی یارسان لە دەستوری كاریاندا هەبێ و مافەكانیان بۆ بگەڕێننەوە. بەڵام بەداخەوە وەك ڕەواڵی پێشوو نەتەنیا هیچیان نەكرد بەڵكوو وەک دەبینین پێشێلكردنی مافەكانی خەڵكی یارسان درێژەی هەیە.

لە درێژەی ئەو نامەیەدا كۆمەڵەی ڕاوێژكاریی چالاكانی مەدەنیی یارسان دەنووسن:” وەڵامدانەوەی داواكانی نەتەوەیەك لە سەرەتاییترین ئەركی دەسەڵاتدارانە، بەڵام پاش ١٥ مانگ چاوەڕوانی، نەتەنیا هیچ چەشنە وەڵامێك نەدرایەوە بەڵكوو لە ڕێگەی دیكەوە كۆمەڵێك گیروگرفتی دیكەیان بۆ دروست كردین كە بە شێوەیەك ڕێگە درا بە دەستوپێوەندییەكانیان كە بەڕەسمی توندوتیژیی لەگەڵ خەڵكی یارسان بكرێ. بۆ نموونە هێندێك لە مەرجەعەكانی تەقلیدی شیعە، خەڵكی یارسانیان بە كافر و گڵاو ناوبردوەو دزانین كە دەرەنجامی توندوتیژی ئەم جۆرە فتوایانە بۆ شاردنەوە نابن.”
لە كۆتایی ئەم نامەیەدا داوای لە عەلی خامنەیی كراوە بە بەکارهێنانی هێزو دەسەڵاتەکەی وەڵامی دەنگی خەڵكی چەوساوەی یارسان بداتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.