نافەرمانیی مەدەنی لە ئێران و شرۆڤەی هەندێ خەباتی ناوخۆ

0
1087

نووسەر: ڕەحیم قەدروون

ڕەحیم قەدروون
ڕەحیم قەدروون

نافەرمانیی مەدەنی، شێوەیەکە لە خەبات و کردەوەیەکی دوور لە تووند و تیژییە کە هاوڵاتیان بۆ گۆڕینی حکوومەت یان بۆ سەرپێچی و جێ بەجێ نەکردنی ئەو یاسایانەی کە بە شێوەی هۆمام (سەرەڕۆیانە) و بە دوور لە ویستی هاووڵاتیان، داڕێژراون و ناڕەوان، کەڵکی لێوەردەگرن.

زۆرینەی مرۆڤایەتی مافی شۆڕش بە فەرمی دەناسن، مافی شۆڕش بە مانای خۆبواردن لە پەیماندان (گرێبەست و بەیعەت) بە حکوومەت و مافی بەرخۆدان لە هەمبەری، کاتێک کە ملهووڕیی حکوومەت و بێ کەڵکی و ناکارامە بوونی لە ڕادەبەدەرە و رێی تێناچێ بەرگەی گرن.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا هاوتا لەگەڵ خەباتی سیاسی – نیزامی و کۆمەڵایەتی، نافەرمانی مەدەنی وەکوو ڕەوشێکی مۆدێڕن و کەم تێچوو بۆ زەق کردنەوەی مافی هاووڵاتیان، کۆم، دەستەکان و کەمینەکان و بەرپرسیار بوونی حکوومەتەکان و بە وتەی جین شارپ  بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆرەکان، سەری هەڵداوە و جیهانی تەنیوەتەوە.

هێنری دەیوید سۆرۆ (١٨١٧-١٨٦٢) وەکوو داڕێژەری تیۆری هاوچەرخی نافەرمانیی مەدەنی و هەر لە تێزی نافەرمانی مەدەنیدا دەڵێ:” لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتێک کە تەنانەت یەک کەسیش بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە بخاتە بەندیخانە، جێگەی درووستی هەر مرۆڤێکی دادپەروەر، هەمان بەندیخانەیە،.”

سۆرۆ دەڵێ، یاسای نادادپەروەرانە (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، نەژادی، ڕەگەزی، دینی و هتد) بوونی هەیە، ئایا دەبێ پەسەند و پێڕەوی لەو یاسایانە بکەین، یا هەوڵی گۆرین و لابردنیان بدەین و جێ بەجێیان نەکەین؟

تۆڵستۆی، گاندی و مارتین لۆتێرکینگ، کاریگەریی تەواویان لە تێزی نافەرمانی مەدەنی سۆرۆ وەرگرتووە، بە کورتی سۆرۆ لە نافەرمانی مەدەنی دا دەڵێ : ” من بۆ ئەوە بە دوونیا نەهاتووم کە بچمە ژێر باری هێز و تووندوتیژی و زۆریی حکوومەت، من بەو شێوەیە ناژیم کە دەسەڵات دەیهەوێ، بەڵکوو بەو شێوەیە دەژیم کە خۆم دەمهەوێ و ناچمە ژێر باری یاسای ناعادڵانە و سەپێنراو و جێبەجێیان ناکەم. هیچ حکوومەتێکیش مافی زاتی نیە تا بە شێوەی نەشیاو هەڵسوکەوت لەگەڵ گیان و ماڵی هاووڵاتیان بکات، مەگەر ئەوەی کە ئەو حەقە ئەندامانی جڤاک خۆیان پێیان دابێ.”

جان ڕاوێڵز فیلسووفی ئامریکایی، لە کتێبی “تیۆری عەداڵەت”، پێناسەی نافەرمانی مەدەنی دەکا و دەڵێ: “نافەرمانی مەدەنی خۆی لە کارێکی ڕوون و دیاریکراو، ئاشتیخوازانە و ویژدانی دەبینێ، بەڵام پێچەوانەی یاسا و زۆربەی کات بە ئامانجی گۆڕینی یاسا و گۆرینی سیاسەتی حکوومەت روودەدا.”

بە پێی تیۆری و تێز و فەلسەفەی هەموو داڕێژەرانی نافەرمانی مەدەنی، جێ بەجێ نەکردن و پێشێل کردنی یاسای ناعادڵانە و سەپێنراو، یەکێک لە کۆڵەکە هەرە سەرەکیەکانی نافەرمانی مەدەنیە.

بە چاوخشاندنێک بە سەر یاسای بنەڕەتی و بەند و تەبسەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە سانایی بۆمان دەردەکەوێ کە چەندە دوورە و دژ بە ئارمان و ئامانجە سەرەکیەکانی مرۆڤایەتیە کە خۆی لە ئازادی، عەداڵەت و بەرابەری دا دەبینێتەوە، بە واتایەکی تر یاساکان نە تەنیا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیدا نین بەڵکوو بە شێوەیەک، کراون بە ئیلاهی و دژ بە ویستی مرۆڤایەتی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. کە بێگوومان دەبێ لە دژی خەبات و تێکۆشان بکرێ، ئەو چەشنە لە خەبات کە مەبەستی ئەو بابەتەیە، نافەرمانی مەدەنیە.

حکوومەت بە خودی خۆی سیستمێکی ئاڵۆز و خۆسەپێنە، پۆلیس، هێزی نیزامیی وەکوو ئەرتەش، زیندان، ئیدارەی باج و ….هتد، لە بەردەستە و بە ئاسانی دەتوانێ مافی هاوڵاتیان پێشێل بکات. بۆ ڕێگری کردن لەو پێشێلکاریە و بۆ ئەوەی هەر هاووڵاتییەک بتوانێ مافی خۆی وەربگرێ (بە تایبەت لە حکوومەت)، پێویست بە یاسا و حکوومەتی یاسا هەیە کە مافی هاووڵاتی، ئازادی و چاوەدێری حکوومەت گەرەنتی بکات، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا تەنانەت حکوومەتە دێموکراتەکانیش، دەتوانن یاسا پێشێل بکەن. گەرەنتی جێ بەجێ کردنی یاساگەلی دێموکراتیکیش لەلایەن حکوومەت، دەکەوێتە ئەستۆی کۆمەڵگای مەدەنیی بەهێز. واتا لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا بۆ جێ بەجێ کردنی یاساگەلێک کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان دایە، کۆمەڵگایەکی مەدەنیی بەهێز بوونی هەیە کە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکوومەت بەرتەسک دەکا و هاوسەنگی نێوان حکوومەت و هاووڵاتی دەگێرێتەوە. بەڵام لە وڵاتی ئێران، نە یاسایەک بوونی هەیە کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتی بێ و نە کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز.

هاندەری نافەرمانیی مەدەنی لە ڕوانگەی ڕۆناڵد دوورکین سێ بەشی بنچینەیی ئەخلاقی، دادپەروەری و سیاسی لەخۆ دەگرێت. ئامانج لە هەر سێ بەش، وشیار کردنەوەی خەڵک و ڕاکێشانی سەرنجی هاوڵاتیان و جیهانیان و گوشارهێنان بۆ سەر دەسەڵات لە هەمبەر ڕەفتار و یاسای نادادپەروەرانە و غەیری ئەقڵانی و جیاییخوازە، هەروەها ناچار کردنی دەسەڵات بە گۆڕینی ئەو رەفتار و یاسایاینەیە.

ئەو شێوەیە لە بەربەرەکانی کردن، لە لایەک شۆڕشگێر بوونی خۆی ڕادەگرێ و لە لایەکی تریشەوە نرخی بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتە دیکتاتۆر و ملهووڕەکان دێنێتە خوار، بە هۆی ئەوەی ناوەندێکی تایبەت یان شوێنێکی دیاریکراوی نیە بۆ بە ئامانج بوونی لە لایەن هێزە سەربازییەکانی سەر بە دەسەڵات.

شێوەی جۆراوجۆر لە خۆپێشاندانی هێمنانە، مانگرتنی کارمەندان و کرێکاران و مامۆستایان و هتد، مانگرتنی تاک و کۆمەڵ، دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ڕێگەی شێعر، هەڵبەست، مۆسیقا و گۆرانی، وتار، کاریکاتۆر، وێنە و نیگارکێشی و وشیار کردنەوە و زانیاری بەخشین لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لە قاودانی پێشێلکاریەکانی وەک گرتن، کووشتن، سەرکوت، ئەشکەنجە و ئازاری هاوڵاتیان هەم بە کۆی گشتی کۆمەڵگا و هەم بە ڕای گشتی جیهان، دەکەوێتە خانەی نافەرمانی مەدەنی. بە لە بەرچاوگرتنی دۆخی ئابووریی ئێران دەتوانین نەدانی باج و سزا ، پووڵی گاز، کارەبا، ئاو، تەلەفوون و هتدی پێوە زێدە بکەین (ئەگەر نافەرمانیەکی مەدەنیی بەهێز سەرهەڵبدا و ویستی دوگم کردن و سەرکەوتنێ هەبێ)، کە بێگوومان مەزنترین بەرکەوتی ئابووری دەبێ کە زۆر بە ئاسانی دەبێتە هۆی شکستی ئابووری و تەنانەت ڕووخان یا ملدانی حکوومەت بۆ هاوڵاتیان.

یاساکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، نەتەوەیی، دینی و هتد دیکتاتۆڕانە، نادادپەروەرانە، دژ بە ئازادی، نابەرابەرن. یاسای بنەڕەتی و بەند و تەبسەرەکانی بە هیچ شێوەیەک توانایی ئەوەی تێدا نیە کە لە چوارچێوەی ئەو یاسایانە داوای هاوسەنگی دەسەڵات لە نێوان هاووڵاتی و حکوومەت، یان بواردان بۆ تێکۆشین لە پێناو چاکسازی و هێنانەدی یاسای مۆدێڕن و پێشکەوتوو و لە بەرژەوەندیی هاوڵاتی بێتە کایەوە. بە واتایەکی تر خودی یاساکان ڕێگرن لەمەڕ هەر چەشنە گۆڕانێک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتی، جگە لەوەی چەندین ناوەند و دەسەڵاتی بان یاسا هەیە بە هەر شێوەیەک لە بەرژەوەندییان بێت دەجووڵێنەوە و هیچ یاسایەک بە فەرمی ناناسێت مەگەر بەرژەوەندییان کە تەنیا یاسایانە.

کە واتا گەییشتینە ئەو ئەنجامەی کە بن پێ کردنی یاسای ناعادڵانە کە بریتی لە زۆرینەی یاساکانی کۆماری ئیسلامی دەکا، ڕێک دەکەوێتە خانەی نافەرمانیی مەدەنی و شێوازەکانی دەربڕینی ئەو نافەرمانیەمان لە سەرەوە ئاماژە پێکرد.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەلێک کەس لە پڕێکەوە بوون بە کوڕێک و یەک شەوە بوون بە چالاکی جۆر بە جۆر و شیکاریی هەموو شێوازەکانی خەبات دەکەن و نووسخە دەپێچنەوە، خەباتەکانی ڕابردوو دەخەنە بەر تیغی کولی ڕەخنەکانیان و دەم و چاویان قێزەون دەکەن و بە ناسەرکەوتوو، دواکەوتووانە، شکست خواردوو، بەفیرۆدەری گیان و ماڵی هاوڵاتیانیان پێناسە دەکەن، لە هەمبەردا جۆرێکی خەساو لە خەباتێکی جێگرەوە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدەن و پێناسەی جۆر بە جۆری بۆ دەکەن، خەباتی مەدەنی، نافەرمانی مەدەنی، خەباتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئەدەبی و هتد، کە گشتیان بەتاڵ کراون لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیان و ئەو شێوازانە لە خەبات گرێ دەدەن بە یاساکانی کۆماری ئیسلامی و سەروبنی قسەیان چالاکی و خەبات لە چوارچێوەی یاسا دایە، بە واتایەکی تر نافەرمانیی مەدەنی کە خۆی لە بن پێ کردنی یاسای ناعادڵانەدا دەبینێتەوە، گرێ و وەدیهێنانی لە چوارچێوەی هەمان یاسای ناعادڵانەدا پێناسە دەکەن!!!

ئەو چالاکە ڕەنگاڵەیی و یەکشەوانەیە، خەبات بە هەموو شێوازەکانی، بە دەنگدان بە فڵان بەربژێر لە هەمبەر بەربژێرەکەی تر، هێنانی بەناو ئەحزابی سەر بە دەسەڵات و سەر بە حکوومەت و هەوڵدان بۆ جێ پێ کردنەوەیان لە کوردستان، دژایەتی هێزە سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ناساندنیان وەکوو هۆکاری دۆخی هەنووکەیی، سواری شەپۆل بوون و بەلاڕێدا بردن و کپ کردنی، تەنیا قسە کردن لە سەر چێ کردن و گەشەدان بە زەرفیەتی هەیی و هەنووکەیی لە کۆمەڵگا و دەسەڵات بۆ چالاکی، تەنیا قسە کردن لە سەر ناڕەزایەتی و دەنگ دەربڕین لە چوارچێوەی یاسایەک کە ڕێگە بەو بەناو ناڕەزایەتیەش نادا و هتد، پێناسە دەکەن. لە ئاکامدا بە تاڵ کردنی هەموو شێوازەکانی خەبات لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیان و فارس وتەنی وەکوو شقارەتەی بێ مەترسی لێکردنیان بۆ دەسەڵات، هەروەها خولاندنەوەی کۆمەڵگای گڕگرتوو و زۆرینە ناڕازی لە دەوری بازنەیەکی بێ ئامانج و بێ دەسکەوت کە هەوڵێکە بۆ خزمەت بە دەسەڵات، ئاکامی ئەو شێوە رەفتارەش بەرهەمهێنەری دەسەڵاتێکی بەهێزتر، سەرەڕۆتر، مەزنتر لە گشت بوارەکان، بێ مبالات لە هەمبەر ویستی هاوڵاتی و دڕندەتر و هتد، ئامانجی زانراو و نەزانراویانە.
لە دەوری هەموو بەند و تەبسەرەکانی یاسای کۆماری ئیسلامی خەرمانەیەکی پیرۆزی ئیسلامی شیعی و فاشیزمی فارسی ئێرانی پێچراوە (… ازاد است به شرط انکه ضد اسلامی و مخل امنیت ملی نباشد)، کە ڕێگە بە ناڕەزایەتی دەربڕین، دەنگ هەڵبڕین و گازندە و ڕەخنە نادا، ئەو خەرمانەیە نە تەنیا یاسا و چوارچێوەی گشتیی نیزامی حکوومەت دەگرێتەوە، بەڵکوو بەرپرسانی سیاسی، نیزامی و ئابووری و دینی هەر لە ڕێبەرەوە بگرە تا سەرۆک کۆمار، وەزیر، فەرماندە سەربازییەکان و هتد، تەنانەت شۆڕای شار و گووندیش بە پاشگری ئیسلامی لە چوارچێوەی ئەو خەرمانەیەدا نەشیاون بۆ ڕەخنە و ڕێی تێناچێ ڕەخنەیان لێ بگیرێ، کە واتا خەبات لە چوارچێوەی ئەو یاسایە دەبێ بە چێ؟؟!!

چارەسەر بە کورتی، شکاندن و دەرچوون لە چوارچێوەی گەمەی دەسکردی کۆماری ئیسلامی و بوون بە کاراکتەر لە هەمبەر بوون بە کەرستەی گەمە، لە گشت بوارەکان، بە هەموو شێوازەکانی خەبات بە نافەرمانی مەدەنیشەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.