موراد قارەیلان تەنیا ئاکەپە بە دوژمنی کورد دەناسێ

0
885

 دوای ئەوەی کە میدیاکانی تورکیە بڵاویان کردەوە کە لە ئۆپێراسیۆنێکی سەربازیدا، موراد قارەئیلان ئەندامی  كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان کوژراوە، هەندێک ماڵپەڕ ڤیدیۆیەکییان لە موراد قارائیلان بڵاو کردەوە کە تێیدا باسی دوژمنایەتی (ئاکەپە) لەگەڵ کورد دەکات.

ڕۆژی کورد: موراد قەرەیڵان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان “پەكەكە” رایگەیاند هەموو جیهان رازی بێت دەوڵەتی كوردی لە باشور دروست بێت ئاكەپە رازی نابێت، ئەوە بنووسن با ئەمە بۆ مێژوو بمێنێتەوە.

لە لێدوانێكی ڤیدیۆییدا  موراد قەرەیڵان  دەڵێت ” ئێوە وەك قەندیل ، ئاكەپە ناناسن ، ئێمە لە پرۆسەی خوێندن بە یەكەوە بووین .
قەرەیلان ئەوەش دەخاتەروو كە ” بە رووكەش ئاكەپە برایە ،بەڵام لە ژێرەوە قەبرت بۆ لێ دەدات ،بۆ پێویستە بروای پێ نەكەن.”
لە درێژەی لێدوانەكەیدا ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت  پاشەرۆژی كورد یەك چارەسەری هەیە،ئەویش كورد (یەک بگرین).

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە هەندێ لە چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لاپەڕە فەیسبووکییەکانی خۆیادا بە چاوێکی تر لەو ڤیدیۆیەیان ڕوانی و دەڵێن قارائیلان و پەکەکە هەوڵ دەدەن تەنیا (ئاکەپە) و نە هەر هەموو تورکیەش بە دوژمنی قەستەسەری کورد بناسێنن.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

ڕۆژنامەنووس هەڵمەت مەعرووفی لەمبارەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “بەڕێز قارائیلان لەو گرتە ڤیدیۆییەی خۆیدا و لە زۆربەی لێدوانەکانی خۆیدا باس لە داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنایەتیان لەگەڵ کورد دەکات بەڵام لە کۆی قسەکانیاندا تەنیا دەوڵەتی (ئاکەپە) بە دوژمنی کورد دەناسێنن و هیچ کات ئەگەری دوژمنایەتیی ئێران لەگەڵ کورد و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نیشان نادەن و باسی ناکەن، هەڵبەت ئەوە هەڵوێستی فەرمیی پارتی کرێکارانە”.

مەعرووفی لە درێژەدا ئاماژەی بە دوژمنایەتیی ئاشکرای ڕژیمی ئێران لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: “وەک هەموو لایەک دەزانن، ئێران و بەرپرسانی جیاوازی ئەو ڕژیمە بە گشتی و تەنانەت بیروڕای گشتی پان ئیرانیش بە ئاشکرا دژایەتی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و قسەکانی کۆنسوولی ئێران لە سلێمانی و قسەکانی عەلی ئەکبەر ویلایەتی لە تورکیە و ڕووسیە و سەردانی ئەو دواییانەی وەزیری ئیتلاعات بۆ هەرێم و دەست تێوەردانیان لە زۆنی کەسک و ساز کردن و پەرەپێدانی حەشدی شەعبی و ساڕووڵای عێراق و زۆر بەڵگەی تر سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، ڕاستییەک کە مخابن پارتی کرێکاران و بەڕێز قارائیلان بە هۆی هەبوونی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران و بەرژەوەندیی حیزبیی و هەروەها سوێندخواردووییان بە دژی دەوڵەت-نەتەوە، نکوڵی لێدەکەن و پەردەی بەسەردا دەکێشن، ئەگینا کێ بێ و نەزانێ کە هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان، دژ بە سەربەخۆیی کوردن لە هەر بستێک لە خاکیدا و ئەوە تەنانەت، ئەسەدیش دەگرێتەوە کە ئێستا لە ئاویلکە دایە”.

هەروەها بەشێکی تر لە چالاکانی  سیاسی ئەو قسانەی قارائیلان دەگەڕێننەوە بۆ گرێدراویی مێژوویی ئێران و پ ک ک و هاریکاریی سیاسی و سەربازیی لە باری چەک و چۆڵ کە ئێران و ڕووسیا دەیدەن بە پ ک ک و ئەوەش لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدان و کردنی شەڕی نیابەتییە بە پارتی کرێکاران.

خاڵێکی تری بەرباس لە تێڕوانینی چالاکانی سیاسیی کوردی خۆرهەڵات لە قسەکانی مورات قارائیلان، نەهێنانی ناوی دەوڵەتی تورکیەیە وەک دوژمنی کورد و تەنیا باس کردن لە ئاکەپەیە.

شایانی باسە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا لە هەواڵەکاندا بڵاو بۆوە کە دوڕان کاڵکان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی پ ک ک، گوتوویەتی: “ئەگەر ڕفراندۆم ئەنجام بدرێ، گۆمی خوێن لە باشووری کوردستان وەڕێ دەخەین”.

کاڵکان هۆکاری ئەو هەڕەشەی خۆی گەڕاندۆتەوە بۆ مەترسی ساز بوون بۆ سەر پرسی برایەتیا گەلان لە ئەگەری پارچە پارچە بوونی خاکی تورکیە و هەر بۆیەش ئەوان وەک پ ک ک بە پێویست و درووستی دەزانن سایکس-پیکۆ وەک خۆی بمێنێتەوە و ئیزن بە هەڵوەشاندنەوەی نادەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.