یادداشتێک لە سەر مرۆڤ و کۆمەڵناسی

0
405

هادی عەزیزی

 مرۆڤ زۆر درەنگ ئاوری لە خۆی داوەتەوە و لە دوای حەول دان بۆ ناسین و دیتنەوەی جەوهەرە سروشتییەکان و پانتایی دەورووبەری خۆی وەک دوایین بابەت بۆ خوێندنەوەکانی، مەیل بە ناسینی خۆی هەڵیدەگرێ کە ئەوەش رەنگە قسەیەکی شیاو نەبێت. رەنگە باشتر ئەوە بێت کە بڵێن مرۆڤ لە ڕووی ئاکادێمی و زانستییەوە زۆر درەنگ کەوتە بەر خوێندنەوە، دەنا حەول بۆ ناسینی جەوهەرە و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان مژارێکە کە لە کۆنەوە مرۆڤ ویستوویەتی بیانزانێ و تەنانەت مرۆڤ پێش لەوەی بیر لە سروشت و جێگای ژیانی خۆی بکاتەوە، بیری لە خۆی و هەڵس و کەوتەکانی کردۆتەوە. ئەگەر چی ئەو دۆخە زیاتر جێی تێڕامان و سەرنجی فیلسووفەکان، مێژوو نووسەکان، جوگڕافی زانەکان و سەفەر نامە نووسەکان بووە، لە کۆنترین چاند و فەرهەنگە مرۆڤایەتییەکان دا هەموو کات لە گەڵ ئەوە رووبەڕوو دەبینەوە کە مرۆڤ دەیهەوێ شوناسێک بۆخۆی بینێتەوە، مرۆڤ بە شوێن ئەوە دا دەگەڕێ خۆی ببینێتەوە، کە وابوو دەبێ لێکچوون و لێک نەچوونەکانی نێوان خۆی و مرۆڤەکانی دیکە ئاشکرا بکا.

بە ڕامان لە سەر ئەو بابەتە و لە ڕێگای مکانیزمی(هەڵسەنگاندن) مرۆڤ خۆی لەوانەی دیکە جیا دەکاتەوە و دەبێتە خاوەن شوناس، ئەو جار لە رێگەی بیری جیابوونەوە کە لە مێشکی مرۆڤ دا بەرجەستە دەبێ دوو مژاری چاک و خراپ لە مێشکی دا دەخوێنێتەوە.

دوو دونیای لە یەک جیا کراوە کە لە بیری مرۆڤ دا دوروست دەبێ وا دەکا مرۆڤ بوونی خۆی لە پەیوەندی لە گەڵ ئەو دوو جیهانە وەدەر بخا. لێرەدا مرۆڤ حەول دەدا خۆی بە لای دونیای چاکە دا بشکێنێتەوە. ئەوانی تر بە لای خراپە دا.

لێرە دا مرۆڤ حەول دەدا پانتایی ژیان و دەورووبەری خۆی بە دەسەڵاتی خوداکان بزانێ، کە لە دەرەوەی ئە سنوورە شەیتانەکان فەرمانڕەوان، مرۆڤ لە سەرەتا دا نەیدەتوانی بابەت گەلێک وەک زۆربوونی مرۆڤەکان و جیاوازی کلتوورەکان لە مێشکی دا جێگیر بکا، هەر ئەوانەش بەستێنی ترس لە بێگانە و نەفرەتی رەگەزی و ئایینی و لە ئاکامدا شەڕ و داگیرکاری بە شوێن بە خۆیدا هێناوە، ئەوەش جێی سەرنجە کە شەڕ و داگیرکاری و کۆیلەداری مرۆڤی پاڵ پێوە ناوە کە زیاتر لە سەر مرۆڤایەتی ورد ببێتەوە. لە ئاکامدا بە دوای دیتنەوەی شوناسی خۆی لە ناو کۆمەڵ دا بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگای ناسیوە و راستییەکەی زۆری بۆ خوێندنەوەی زیاتر بەرەوروو کراوەتەوە. تێڕامان لە مرۆڤ وەکوو زانست مێژوویەکی هەیە کە بۆ سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، خەڵک ناسی، مرۆڤ ناسی، کۆمەڵناسی، دەتوانین بڵێن کە هەموویان لە زۆربەی شوێنەکانی گۆی زەوی هاوزادی یەکن.

بەڵام بنەمای قووڵبوونەوەی ئەو زانستە دەتوانین لە دابەشکردنە سەرەتاییەکانیش دا بیدۆزینەوە کە خەڵک ناسی زیاتر لە سەر خەڵکانێک بوو کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئورووپا دا دەژیان، ئەویش ئەو کۆمەڵگایانە بە هۆی کلاسیک بوون و نەبوونی سیستمی حوکمڕانی کە تێیدا بە کار نەهاتبوو (جیا لە نموونە گەلێک کە بە هۆی سیاسەت و قازانجی داگیرکەران) پێشکەوتنێکی ئەوتۆی نەبوو. ئەورووپاییەکان زاراوەی خەڵک ناسی لە بنەمای (ethnos)ی یۆنانی کە بە واتای هۆزە کۆچەر و غەیرە شار نشینەکان و خەڵکە گەڕۆکەکان بوو، بە کەسانێک کە لە دەرەوەی بازنەی کۆمەڵگای خۆیان دابوون دەلکاند و زاراوەی کۆمەڵناسی (socio)شیان بۆ کۆمەڵگا و پێشەیی مۆدێڕنەکانی خۆیان بە کار دەهێنا، کە ئەو جیا کردنەوەش دەتوانین بڵێن لە گەڕان بە دوای شوناس و لێکدانەوەی ئەاوانی تر دا سەرچاوەی دەگرت.

ئەم دۆخە لە خۆی دا هەڵگری پەیامێکی نگەتیڤ بوو. بەڵام مرۆڤ ناسی (anthropology)کە لە مەکتەبە ئەمریکی و ئینگلیزییەکان دا بە کار دەهات، ئەو پەیامە نگەتیڤەی پێ نەبوو و بە هۆی ئەوە کە هاوبەشییەک لە مرۆڤ ناسی دا هەبوو زۆر بە زوویی لە کۆمەڵگا دا جێی خۆی کردەوە. مرۆڤ ناسی بە تەنیا باسی لە مرۆڤ دەکرد و بە پێناسەی ئەوەی کە لە کلتوورەکان و ژینگە جۆراوجۆرەکان دا دەژیا، بەڵام لە زۆربەی زۆری تایبەتمەندییەکانی خۆیدا، مانای مرۆڤ بوونی خۆی لە دەست نەدابوو.

بەستێنی ئەو لێکدانەوەیە کاتێک هاتە کایەوە کە زۆربەی خوێندنەوەکانی خەڵک لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بۆ دەرەوەی ئورووپا تەشەنەی کرد و خۆی گەیاندە تەواوی کۆمەڵگاکانی جیهان. لە لایەک داگیرکاری و کاریگەری ژیانی مۆدێڕن تەواوی کۆمەڵگای کۆن و کلاسیکەکانی خستە بەر گۆڕانکاری و مرۆڤناسی ئەمریکایی بازنەیەکی گەورەی ناسینی پێک دەهێنا، کە لە لایەک مرۆڤی وەک زیندەوەرێکی سروشتی و لە لایەکیش وەکوو بوونەوەرێکی فەرهەنگی لێک دەدایەوە، هەر بۆیە کۆمەڵناسی کەوتە بن رکێفی مرۆڤناسی کلتووری و لە راستیدا زاراوەی کۆمەڵناسی هەر لە بە کارهێنان دا خۆی لە شێوە فەرانسەوییە زانستییەکە دا دەدیتەوە. کە لە مەکتەبەکانی ئانگلۆساکسۆن دا بە کار دەهات.

ئەنجامی بەرچاو ئەوەیە کە مرۆڤناسی و واتە ناسینی مرۆڤێک و کۆمەڵناسی واتە ناسینی دەستەیەک مرۆڤ. کاتێک بە سەر لێکدانەوەی خەڵک ناسی و مرۆڤناسی دا تێپەڕ دەبین جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی لە سەر ئەساسی شێواز و پانتایی حوکمڕانی دوو مەکتەب دیار دەکەوێت، رەنگە جیاوازییەکان ئەو پرسیارانەمان ڕووبەڕوو بکاتەوە زاڵبوونی فەرهەنگ بە سەر کۆمەڵگا دا یان زاڵبوونی کۆمەڵگا بە سەر فەرهەنگ؟ کۆمەڵگا مرۆڤ دوروست دەکا یان مرۆڤ کۆمەڵگا؟ ئایا مرۆڤ دەبێ وەک تاک لێک بدرێتەوە یان بە کۆمەڵ؟ لێکۆلەری مرۆڤناس نە تەنیا راستییەکان دەخوێنێتەوە بەڵکوو دەچێتە ناو حەقیقەتەکان و لە گەڵیان دا دەژی، لێکۆلەر بێ هیچ پرسیار و لێکدانەوەیەک، تەنیا بە چاو لێکردن وەک چیرۆک دەیگێڕێتەوە و لێرەدا زیاتر پرسیار دەورووژێنێ تا وەڵام بداتەوە. لێرەدا مرۆڤناس بۆخۆی تاکێکە لە ناو بازنەی کۆمەڵگا دا. لە بەرانبەر دا کۆمەڵناس بە پرسیار و لێکدانەوە دەست پێدەکا و ئەوم حاڵەتە پێداگری لە سەر شرۆڤە و شی کردنەوەی دەکا، کۆمەڵناس لێرە دا وا دەچێتە ناوەرۆکی راستییەکان کە ئەو روانگەیە وەکوو بیانوو ئامرازە بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵ. کۆمەڵناس لە دەرەوەی بازنەی کۆمەڵگا کۆمەڵ دەخوێنێتەوە.

مرۆڤناس لێرەدا کاری دیتنەوە و دیتن و ئاشکرا کردن ئەنجام دەدا کە خۆی یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی مرۆڤناسییە لە روانگەی دیتن و ناسین، هەر بۆیە زۆر جار مرۆڤناس بە شێوازێک لە هەست و ئیحساس و رۆحی ئەو کۆمەڵگایەی لە ناوی دایە نوقم دەبێت، کە ناتوانێ لە دەرەوەی بازنەی کۆمەڵگا دا لێکدانەوەی بۆ بکات. بەڵام کۆمەڵناس، بە لە بەرچاو گرتنی خەڵک و شرۆڤە بە کەرەستەی لێکدانەوەی دەبینێ. بە بروای کۆمەڵناس زانایەکی لێکۆڵەر ناتوانێ بە شێوەی دیتنی حەقیقەتەکان کاری خۆی دەست پێ بکات،پرسیار ئەوەیە کام حەقیقەت؟ بێ گومان بە ملوێن حەقیقەت هەن، بەڵام لە سەرووی هەموانەوە هەڵبژاردنی مژار و دواتر پرسیار و سازدانی ڕوانگەیە. کۆمەڵناس بێجگە لە (بۆچی)یەکان لە سەر (لەبەرچی)یەکیش دەکۆڵێتەوە. جیا لە پرسیارە راستییەکان پرسیاری لێکدانەوەکان، پرسیاری مێژوویی، کۆمەڵێک پرسیاری بیرۆکەیی دێنێتە ئاراوە، چۆن بە بروای گیدێنز حەقیقەتەکان بۆخۆیان قسە ناکەن، بەڵکوو ڕوانگە هزرییەکان بۆ گەیشتن بە راستییەکان یارمەتیمان دەدەن، ڕوانگە هزرییەکان زیاتر ماناکان و ناوەڕۆک ئاشکرا دەکەن و زۆر لە روخسار ناکۆڵنەوە.

کۆمەڵناسی ئەو کاتە بایەخی خۆی پەیدا دەکا،لە سەرووی مرۆڤەوە شرۆڤە دەکرێ و بۆخۆی تەنیا واتادار دەبێت. واتایەک کە لە دەرەوەی مرۆڤ ئاشکرایە و هێندە بەهێزە کە مرۆڤ لە خۆیدا دەشارێتەوە و کۆمەڵێک بابەتی بە سەر دا دەسەپێنێ. کۆمەڵناس لە زنجیرەیەک وەک: دژکردەوەکان، رێکخراوەکان، جیاوازییەکان، گۆڕانکارییەکان و هتد دەکۆڵێتەوە. ئەو دۆخەی کۆمەڵناس زیاتر لێکدانەوەی کێشەکان و لێکەوتنەکانەو لەو بڕوایە دایە کە بە بێ گۆشەی هزرهیچ هەنگاوێک هەڵناهێندرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە بە وێنەیەک کە ئێستا لە دەورووبەری خۆمان دا دەیبینین(پێشکەوتن، تێکنۆلۆژی، زانیاری، جیهانی بوون). تەنیا کۆمەڵناسە کە دەتوانێ، تێگەیشتن لەو دونیا نوێیە لێک بداتەوە. تەنانەت بە سەر داهاتووش تێز بدات. هەر وەک رابێڕت مێڕتۆن دەڵێ: سەردەمی ژیانمان، سەردەمێکە کە کۆمەڵناسی حاکمە.

کۆمەڵگا تەنیا شوێنێکە مرۆڤ تێیدا هاوبەشە، بەڵام فەرهەنگ و کلتوور ئەو تایبەتمەندییەی نییە، کۆمەڵناسی دەتوانێ بە جوانترین شێوە تەواوی خوێندنەوەکان لە سەر بەستێنی وەک هەژاری، نەخۆشی، نەسازان،عەداڵەت و هتد بخوێنێتەوە و هەر ئەوانەش زیاتر بایەخەکەی دەر دەخات.

کۆمەڵناسی واتایەکی فەلسەفی هەیە و دەتوانین وەک فەلسەفەی کۆمەڵ، فەلسەفەی مێژوو، فەلسەفەی سیاسی، فەلسەفەی ئەخلاق و تەنانەت فەلسەفەی ئایین ناوزەد بکرێت.

رەنگە زۆر جار مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە کۆمەڵگا لە زنجیرەیەک مرۆڤ دوروست دەبێت، کە وابوو مرۆڤ و مرۆڤناس سەرکەوتووترە، بەڵام مرۆڤ بە جووڵانەوە و هەڵس و کەوت و زنجیرەی ژیانی لە کردەوە و دژ کردەوە دا دەردەکەوێ، کە ئەوانەش هەمووی لە ژێر چەتری کۆمەڵگا دان، کە وابوو کۆمەڵناسی زۆر بەهێزترە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌