منداڵەکانی ئایەتووڵا تاڵەقانی مەرگی باوکیان بە گوماناوی دەزانن

0
682

دەمەقاڵەی ناو کەسایەتی و باڵەکانی ڕژیم، ڕۆژ بە ڕۆژ دەچێتە ناو بواری نوێترەوە و پێدەچێ دۆخی ناوخۆیی بەرپرسانی ڕژیم ئاڵۆز بێت.

ڕۆژی کورد: ماڵپەڕی “خەبەرئانلاین” لە زاری منداڵەکانی تاڵەقانییەوە بڵاوی کردۆتەوە کە ئەوان مەرگی باوکیان بە پرسێکی گوماناوی دەزانن و پێیان وایە کە ئەگەر باوکیان زیندوو مابایە، ئەوا ڕووداوەکانی پاش شۆڕشی 1357ی هەتاوی لە ئێران نەدەهاتنە ئاراوە.

مێهدی تاڵەقانی ، کوڕی ئایەتووڵا تاڵەقانی لەمبارەوە گوتوویەتی: “ئەگەر باوکم زیندوو مابا، بەدڵنیاییەوە کێشەکانی دوای شۆڕش نەدەهاتنە ئاراوە، بۆ وێنە نەیدەهێشت شەڕی ئێران و عێراق ڕوو بدات، یان نەیدەهێشت باڵوێزخانەی ئامریکا داگیر بکرێت.”

مێهدی هەروەها باسی لە دەسەڵاتخوازیی و  پاوانخوازییەکانی هاشمی ڕەفسەنجانی کردووە و گوتوویەتی: “هاشمی ڕەفسەنجانی بەهۆی زێدەخوازییەکانیەوە تەنانەت پاشقولی لە دۆستە دێرینەکانی خۆی دەدا، بۆوێنە “سەحابی”، کە یەکێک لە دۆستەکانی خۆی بوو بە بڕیاری ئەو خرایە زیندان.”

تاهیرە تاڵەقانی، کچی ئایەتووڵا تاڵەقانیش لەمبارەوە دواوە و بە “خەبەر ئانلاین”ـی گوتووە: “من پێم وایە ئەگەر باوکمان “لەسەر ڕێ لانەبرابایە”، ئەوا لایەنە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بۆ چەک نەدەبرد، چوونکە باوکم بە وتووێژ چارەسەری دەکرد”.

پێشتریش لە ساڵی 1394ی هەتاوی، لە نێوان مێهدی تاڵەقانی و هاشمی ڕەفسەنجانی، بە هۆی وتووێژی مێهدی تاڵەقانی لەسەر منداڵەکانی هاشمیی ڕەفسەنجانی، دەمەقاڵە ساز بووە و نووسینگەی هاشمی ڕەفسەنجانی بە فەرمی وڵامی ناوبراوی دابۆوە.

مێهدی تاڵەقانی، منداڵەکانی هاشمیی ڕەفسنجانی بە ناپاک وەسف دەکات و بە بەشێک لە گەندەڵیی ئێرانیان دەزانێ، هاشمی ڕەفسەنجانیش. مەهدی تاڵەقانی بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی مجاهدینی خەڵق، تاوانبار دەکات. مەهدی تاڵەقانیش لە بەرانبەردا گوتوویەتی کە هاشمی ڕەفسەنجانی خۆی یەکێک لەو کەسانە بووە کە دەورێکی کارای لە بەهێزکردنی ڕێکخراوی مجاهدینی خەڵقدا هەبووە.

ئایەتوڵڵا تاڵەقانی یەکێک لە دامەزرێنەرانی “نێهزەتی ئازادیی ئێران” بوو. ناوبراو ساڵی 1357ی هەتاوی لەلایەن خومەینییەوە وەک پێش نوێژی هەینیی تاران دیاری کرا و لە خەرمانانی ساڵی 1358ی هەتاویدا، بەهۆی جەڵدەی دڵ، گیانی لەدەست دا، بەڵام مێهدی تاڵەقانی کوڕی گەورەی ناوبراو پێی وایە کە مردنی تاڵەقانی گوماناوییە و هەندێک کەس لە نێو سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا لەڕووی “ڕق و قین”ـەوە لەناویان بردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت