مسته‌فا شه‌مامی: باشترین ڕێگه‌ بۆ پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی، پێكهێنانی كۆنفڕانسی ئاشتیی نه‌ته‌وه‌ییه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵات

0
3254

دۆسیەی تایبەتی رۆژی کورد سەبارەت بە بەرەی کوردستانی

ڕۆژی كورد : بۆچی لە پاش 37 ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئێران، پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵ نادەن هێز و توانای سیاسی و نیزامی خۆیان لە چوارچێوەی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوودا بەکار بێنن؟ لەمپەرەکانی بەردەم پێکنەهاتنی ئەو بەرە یان هاودەنگییە سیاسییە چییە؟ چۆن دەکرێ لایەنە سیاسییەکان لە دەوری یەک پلاتفۆرمی هاوبەش کۆ ببنەوە و خەباتێکی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەدژی کۆماری ئیسلامی بکەن؟
ماڵپەڕی رۆژی کورد لە پێناو لێک نزیککردنەوەی هێز و لایەنەکان و لێک تێگەیشتنیان لەسەر پرس و بابەتی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستان ئەم دۆسیەی کردۆتەوە و ڕای ئەندامانی رێبەریی حیزبەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و شرۆڤەکارانی سیاسی وەرگرتووە.
بەرێز مسته‌فا شه‌مامی ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان وەڵامی پرسیارەکانی رۆژی کورد دەداتەوە.

ڕۆژی كورد: گرنگیی پێک هێنانی بەرەی کوردستانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چی دایە و زەروورەتەکانی پێکهێانی ئەو بەرەیە چین؟

شه‌مامی: گرینگیی بەرە، و زەروورەتی پێکهێنانی بەرەی کوردستانی دەکرێت لە هەبوونی بزاڤێکی سیاسی/نەتەوەیی دا زەق بکرێنەوە، بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی کورد کە خاوەنی ئیستراتێژی لەپێناۆ دەستخستن و دابینکردنی ئامانجەکانی رزگاری نەتەوایەتی، ئازادی، عەدالەتی کۆمەلایەتی و سەرئەنجام ساغکردنەوەی سەروەری سیاسی لەسەرئاستی ئەسلی مافی دیاریکردنی چارەنووس لە شکلی مومکینی خۆیدایە، هەنووکە لە قۆناغی خەبات لە پێناۆ رزگاریدا خۆی دەبینێتەوە، کەوایە مەنتیقییە مادام خەباتی قۆناغی هەنووکەیی کورد بۆ رزگاری لە ستەم و جەۆری نەتەوەیی ئۆرگانیزەکراوە، ئەم خەباتە پێویستی بە هێز و پتانسیلی نەتەوەیی گشت رەهەندی بەلام هەمگەرا و بگرە ئەگەر بگوونجێت موەحەد و یەکگرتوو هەیە، ئەم هێزە موەحەد و یەکگرتووە لەئەنجامدا، وەک فاکتەری کارگەر و کارساز رۆلی خۆی لە ساغکرنەوەی بەرەیەکی کوردستانی‌، وە یان هێزی هاۆپەیمانی رۆژهەلاتی کوردستاندا دەگێرێت، تاکوو بتوانرێت بزاڤی نەتەوەیی بە سوودوەرگرتن لە تەوانایی و قابیلییەتیەکانی بەرەی پێکهاتوو، ئامانجی ئیستراتێژیکی ئەم قۆناغە لە خەبات کە بریتی بوو لە رزگاری لە ئاست زوولم و زۆری نەتەوەیی مسەۆگەر بکات.

مسته‌فا شه‌مامی: باشترین ڕێگه‌ بۆ پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی، پێكهێنانی كۆنفڕانسی ئاشتیی نه‌ته‌وه‌ییه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵات

ڕۆژی كورد: هۆكار ، به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ره‌كان له‌ به‌رده‌م پێكنه‌هاتنی به‌ره‌ی كوردستانی له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات چین؟

شه‌مامی: هۆکار و بەربەست و لەمپەرەکان، دەتوانرێن لەهەبوونی کەماسی و لاوازی هەستی نەتەوەیی/ نیشتیمانی‌دا زەق بکرێنەوە، کە ئەم کەماسییە بۆتە لەمپەرێک لەئاست مسەۆگەرکردنی “سازانی نیشتیمانی”، سازانی نیشتیمانی واتە ساغکردنەوەی ئیرادەیەکی موەحەدی نەتەوەیی لەسەر ئاستی کۆکردنەوە و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی/ نەتەوەیی، کە ئەمەش واتە پێویستی زەقکردنەوە و تەفەوقی هەست و بەرژەوەندی نەتەوەیی بەسەر گشت هەست و بەرژەوەندییەکانی شەخسی، سێنفی، حیزبی تاک تاکی ناۆ کۆمەلگای کوردستانی، کە ئەم پێویستییەش بەداخەوە لەئەنجامی لاوازی هەستی نەتەوەیی/ نیشتیمانی تاکەکان، و نەگوونجانی دەگەل سایکۆلۆژی سیاسیان، مسەۆگەربوونی بۆ هەنووکە ئەگەر نەلێم ئاستەمە، بەلام ئاسانیش نی‌یە، هەر بۆیەشە بەتەبەع لەم کەماسییە هەموو هەۆلەکان لەئاست ساغکردنەوەی بەرە، یان هاۆپەیمانێکی ئیستراتێژیک، لەدەستپێکدا تووشی ئاستەنگی و تەفەوقی بەرژەوەندی تاک و کۆ و حیزب و گروپەکان، بەسەر بەرژەوەندی گشتی/ نەتەوەیی دەبێتەوە و لەئەنجامدا پرۆسێسی هەمگەرایی حیزبەکان بۆ پێکهێنانی بەرە، لە واگەرایی زیاتر لەپێشوویی نێوانحیزبی و نێوانگروپیدا، خۆی دەبینێتەوە.

ڕۆژی كورد: به‌ره‌ی كوردستانی به‌ چ مكانیزم و شێوه‌یه‌ك پێك بێ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان خۆی تێدا ببینه‌وه‌ ، پێشنیارتان بۆ خێرایی به‌خشین به‌ دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو چیه‌ و چ ڕێكارگه‌لێك ده‌توانن ببنه‌ ڕێخۆشكه‌ر بۆ پێك هێنانی به‌ره‌ ؟

شه‌مامی: ئەگەر مەبەست لە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی، ساغکرنەوەی هێزێکی یەکگرتوو، وە موەحەدی نەتەوەی بۆ قۆناغی هەنووکەیی رزگاری نەتەواییەتی بێت، باشترین شێوە بۆ پێکهێنانی ئەم بەرەیە، سوودوەرگرتن لە مکانیزمگەلی پێوەست و پێویست بۆ ساغکرنەوەی مۆدێلی ” نوێنەرایەتی ئاوێنە “یە، واتە مادام بەرەی کوردستانی لە ئەگەری پێکهاتن و هەبوونی، رۆلی دەمراستی گشت رەهەندی لە بوارگەلی سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی،،،، دەنوێنێ، سروشتییە ئەگەر لە جەۆهەردا سازانی نیشتیمانی مەبەست بێت دەبێ لەبواری ساختاری و پێکهاتەیی، ئاوێنەی تەواۆنمای جۆراۆجۆرییەتی ناۆ کۆمەلگای سیاسی کوردستان بێت، واتە پێویستە وە دەبێ گشت حیزب و هێز و کەسایەتی کوردستانی زەمینەی ” مشارەکەت بۆ دەستەبەرکردنی ئەسلی رەزایەت “یان، بۆ فەراهەم بکرێت و عەمەلەن لە رێگای نوێنەرانیان لە پرۆسێسی بریاراتی سیاسی کە پەیوەندییان بە چارەنووسی خەلکەوە هەیە، بەئەندازەی وەزن و قورساییان بەشدار بکرێن.
وەک پێشنیار، لەدستپێکی پرۆسەی پێکهێنانی بەرەدا، پێویستە کەمپینێک بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری سەبارەت بە گرینگییەت و زەروورەتی هەنووکەیی بەرە، روو لەخەلک بەمەبەستی هیدایەت و جەهتدارکردنی بیرورای گشتی رێکبخرێت، ئەم کەمپینە دەتوانێ هاۆتەریب دەگەل گەیاندنی زانیاری بەخەلک و ساغکرنەوەی بیرورای گشتی لەئاست زەروورەتی بەرە، لە فازی دووهەمیدا دەتوانێ وەک هێز و ئیرادەی گەل، لەشکلی گروپی فیشار رۆل بگێرێت و فیشار و زەخت و داواکاری لەپێناۆ پێکهێنانی بەرە روو لە ئەحزاب و هێز و کەساییەتیەکانی ناۆ گۆرەپانی خەبات ئاراستە بکات.
لە فازی سێهەمدا، باشترین رێکار بۆ ساغکردنەوە و پێکهێنانی بەرەی کوردستانی، پێکهێنانی کۆنفەرانسی ئاشتی نەتەوەیی بۆ رۆژهەلاتی کوردستانە، کە وردەکارییەکانی چۆنییەتی پێکهێنانی لە مەنشوری بزووتنەوەی کۆماریخوازانی رۆژهەلاتی کوردستان، لە بەشی ” نەقشەی رێگا “دا، بە ووردی ئاماژەی پێکراوە

berey-kurdistani-mistefa-shemammi

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت