دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستاندا وتووێژ لەگەڵ کەماڵ حوسێنی

0
1168

بەشی یەکەم

کۆڕی ژووری تلێگرامی (ڕاوێژ) بۆ چالاکوانی مافی مرۆڤ (کەماڵ حوسێنی)، ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباری ٢٧١٥ی کوردی. ئەنجامدانی وت و وێژ لە لایەن هەیبەت کامەران پوو بە نوێنەرایەتی لە ژوور (ڕاوێژ) ئەنجام دراوە.

بەخێرهاتنی بەرێز کاک کەماڵ حوسێنی چالاکی بواری مافی مرۆڤ دەکەین وهەروەها سپاسی بەڕیزیان دەکەین بۆ ساڵیانێکی درێژ خەبات لە بواری مافی مرۆڤ لە
کوردستاندا و سپاس بۆ ئەو دەرفەتەی لە ئیختیاری ئێمەیان نا، سپاس بۆ بەڕێز کاک هەیبەت کەمەرانی پوور کە ئەرکی پرسیارەکانی لە ئەستۆیە.

بەر لە باس لە مافی مرۆڤ و ورووژاندنی باسی سەرەکی، پێمان خۆشە جەنابت وەک چالاکوانێکی بە ئەزموونی ئەو بوارە لە خۆرهەڵاتی کوردستان، دۆخی چالاکوانانی مافی مرۆڤی کوردمان بۆ باس بکەی؟ لە چ دۆخێکدا کار دەکەن؟ هاوکاری چۆنە؟ بارای ئابووری چیە؟ فشاری دەزگاکانی دەوڵەت چۆنە و بە گشتی چیتان پێ باشە لەو بارەوە باسی بکەن؟

حوسێنی: من دەمهەوێ سەرەتا باس لەوە بکەم کە لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵ دەدەن یارمەتیدەر بن بۆ بەڕێوەچوونی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەو کەسانە بە چالاکوانی مافی مرۆڤ نازانم. با شی بکەمەوە بۆ؟ ئەندامانی حیزب و لایەن و ڕەوتە سیاسییەکان، زیاتر هەوڵیان بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتە و گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵام چالاکوانی مافی مرۆڤ، هەوڵ دەدا تا ئەو دۆخە (دۆخی مافی مرۆڤ) لە هەر قۆناغێک کە تێیدایە بیبا بەرەو جێ بە جێ کردنی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ. چالاکوانی سیاسی، ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە، جا ئەو ئامانجە بۆی هەیە مافی مرۆڤی تێدا جێ بە جێ بکرێت یان نەکرێت. بەڵام چالاکوانی مافی مرۆڤ، تەنیا یەک ئامانجی هەیە ئەویش بریتیە لە جێ بە جێ کردنی خاڵەکانی مافی مرۆڤ و ئاشتی نێوان یاسای وڵات لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ. دەکرێت کەسێک ڕۆژنامەوان بێت بەڵام کێشە سەرەکییەکەی مافی مرۆڤ نەبێت.

 ئەوانەم بۆیە باس کرد ویستم پێتان بڵێم کە لە وڵامی پرسیارەکەتاندا دەبێ ئاماژە بە بەڕیز کاک محەممەد سدیق کەبوودوەند بکەم کە لەو بوارەدا هەوڵێکی یەکجار زۆری داوە و بەداخەوە تا ئیستاش لە زیندانە و دوای ئەو برایانی کوردپوور (خوسرەو و مەسعوود) کە سەرجەم هەوڵەکانیان بۆ جێ بە جێ کردن و ئاشت کردنەوەی یاساکانی نێوخۆیە لەگەڵ خاڵەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ. لە بواری مافی مرۆڤدا من کە ئەو سێ کەسە بە مامۆستای خۆم و بە چالاکوانی مافی مرۆڤ دەزانم، بەڵام لەگەڵ ڕیزم بۆ هەموو کەسایەتییەکانی تری ناوخۆ، بەڵام تەنیا ئەو سێ کەسە لەو بوارە نرخیان داوە.

ژووری ڕاوێژ له‌ تێلێگرام
ژووری ڕاوێژ له‌ تێلێگرام

ڕاوێژ: بەڕیز حوسێنی زۆر بە سادە و ساکاری مافی مرۆڤ چیە؟ پێناسەی ئێوە چیە لە مافی مرۆڤ؟

حوسێنی:  بە سەرەتایی ترین مافەکانی تکا، وەکوو مافی ژیان، گەورە بوون، خوێندن، کار، ئازادی، هەڵبژاردن و هەبوونی ئاسایش و هێمنایەتی و ژینگەیەکی خاوێن و ئارام و ئاشتەوایی و ئاوەدانی هەر لە سەرەتای لە دایک بوونەوە تا کاتی مردنی و زۆر جار تا دوای مردنیشی، دەڵێن مافی مرۆڤ.

ڕاوێژ: دۆخی مافی مرۆڤی کورد لە هەر چوار وڵاتی زاڵ بەسەریدا بە کورتی چۆن دەبینن؟ دۆخەکە جیاوازە یان کورد لە هەموو شوێنێک وەک یەک ماف خوراوە؟ مەبەست دۆخی مافی مرۆڤ و ئاستی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤه لە هەر کام لەو چوار بەشەی کوردستاندا.

حوسێنی: مافی مرۆف كورد و تورك و فارسی بۆ نیه. لە ولاتێکدا کە ئێستا پێی وایە مافی مرۆڤ زۆر خاڵی دژایەتی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامدا هەیە، پێشێلکاری مافی مرۆڤی تێدا دەبێت. من لام وایە لەو چوار بەشەی کە کورد تێیدا دەژیت، پێشێکاری تێدا هەیە بەڵام زیاد و کەمی هەیە. با ئەوەش زیاد بکەم کە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تەنیا لە لایەن دەسەڵات و سیستەمی حکومەتییەوە نایەتە ئاراوە، سووننەت و شەریعەت و کەلتووری زاڵ بە سەر کۆمەڵگاشدا دەیکات.

ڕاوێژ:  دەتوانن باس لە چەند نموونەیەک پێشێلکاریی مافی مرۆڤبکەن کە بە هۆی سونەت و شەریعەتە دێنە ئاراوە؟

حوسێنی:  بۆ نموونە کوشتن لەسەر نامووس، خوێن بە خوێن کوژاندنەوە، نامووس پەرەستی، بەشێک لە جیاوازییەکانی نێوان ژن و پیاو، نەدانی بەشێک لە مافەکانی منداڵان، ژینگە و ….تاد.

 ڕاوێژ: کە چالاکوانێک یان بنکەیەک بۆ داکۆکی لە مافی مرۆڤ دێتە ئاراوە ئەوە یانی مافێک لە مافەکانی مرۆڤ پێشێل کراوە، کام ماف لە ئیران لە مرۆڤی کورد پێشێل کراوە کە ئێوە و چالاکوانانی تری مافی مرۆڤ کار دەکەن و هەن؟

حوسێنی ئەوە دەتوانێت بە هۆی بوونی پێویستی کۆمەڵگاوە بووبێت و بۆشی هەیە  تەنیا حەزی خۆم بێ هاتبم لەو بواردە کار دەکەم.

ڕاوێژ: کاک حوسێنی لە هەر حاڵدا مافێک پێشێل کراوە لە ئێران و کوردستانی خۆرهەڵات، تکایە پەنجەیان بۆ درێژ بکە.

ڕاوێژ: ئەرکی ئێوەمانا وەکوو چالاکانی مافی مرۆڤ چییە؟ لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێراند ، هیچ دەتوانن ئەو مافانه دەستەبەر بکەن؟ تاکو ئێستا تا چ ئاستێک چالاکیەکانتان کاریگەری هەبووە؟

حوسێنی: بەشێک لە ئێمەی چالاک لەو بوارەدا، بردنە سەری ئاستی کۆمەڵگایە بە گشتی و تەنانەت بەرپرسانی حکومەتیش. کاریگەری ئێنە لەو بوارەدا جیا لە هەندێک کاری دیاریکراو وەک ڕاگەیاندنی پێشێلکارییەکان دیارە لە یەک ساڵ و دوو ساڵدا خۆی نیشان نادات بەڵام جوان لە بیرمە من قوتابی دەیەی ٦٠ و ٧٠ بووم، ئەو کات لێدانی منداڵ لە قوتابخانە کارێکی پەسەندکراو و شیاو بوو، تەنانەت بنەماڵەکان پێیان خۆش بوو، بەڵام ئێستا هەم بنەماڵە و هەم مامۆستاکان، زۆر بە دەگمەن لێدان لێدان و سزای جەستەیی بەکار دێنن، لە هەموو خاڵەکاندا دەبێ بەو جۆرە چاوی لێ بکەین واتا کاریکی درێژخایەنە، ئێستا لە بواری ژینگەپارێزیدا، خەڵک زۆر بوون و لە بواری چوونە سەری تەحەموول و پشوودرێژی لە هەمبەر بیروڕای جیاوازدا خەڵک زۆر گۆڕاوە و باش بوون، ئەوانە هەمووی دەسکەوتی مامۆستایانی منە لەو بوارەدا کە زەحمەتیان کێشاوە و نرخیشیان بۆی داوە.

ڕاوێژ: هەرچەند هەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤمان لە کوردستان ئەزموون کردووە بەڵام ئێران هەمیشە نکوڵی کردووە و لە هەمان کاتێشدا بە گژ کەسانی وەک ئەحمەد شەهید دادێتەوە، ئێوە کە لە ناوخۆن تا چەند دەتوانن بە دژی ئەو نکوڵییە ئاشکرایانەی رژیم بوەستنەوە؟

حوسێنی: ئێمه بەردەوام و بە هەواڵ و ڕاپۆرت لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ وەدرۆیان دەخەینەوە بەڵام هەوڵی سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئەو دۆخە بەرەو باشتربوون ببەین، نە دەبینە قوربانی سیاسەتەکانی دوژمنانی خەڵکی ئێران و نە ئی بەشی تووندئاژۆی نێو حکومەت.

ڕاوێژ:  پێتان وانیە ڕاگەیاندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئەرکەو  ناکرێ وەکوو کاریگەری و دەستکەوت چاوی لێ بکرێت؟ مەبەستم ئەوەیە بە کردەوە چیتان بۆ نەهێشتنی ئەو پێشێلکارییانە کردووە و چ دەستکەوتێکتان بووە ؟

لە بواری مین و کۆڵبەران و منداڵاندا و هەروەها مافی ژنان و خوێندکاراندا، کاریگەریمان بووە بەڵام بە کۆمەڵ بووە و کاری یەک کەس نیە، من وەک خۆم بە تەنیا هیچم بۆ ناکرێت. مامۆستایان و زیندانیانی سیاسی و ئایینی و خەڵکانی تر هاوکار بوون بۆ پێش گرتن لە لەسێدارەدانی مەحکووم کراوان بە سێدارە جا بە هەر هۆیەکەوە بووبێت چ بە هۆی تۆڵە، چ مادە هۆشبەرەکان و چ هۆکاری سیاسی و ئاساییشیەوە.

ڕاوێژ: خوێندن بە زمانی زگماکی سەرەتاییترین مافە و لە یاسای بنەڕەتی ئێرانیششدا هاتووە، چیتان لەو بارەوە کردووە کە یاساییشە تەنانەت.

حوسێنی: ئێستا لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران، هەر کەس پێی خۆش بێ لە مامۆستایانی زمانی کوردی و تەنانەت بە فەرمیش لە بنکەکانی فێر بوونی زمان ڕاهێنانیان بۆ دەکرێ و فێری نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی دەبن بەڵام لە قوتابخانە و زانکۆکان ناکرێت، هۆکارەکەشی تەنیا بەرچاوتەنگی بەشێکە لە دەسەلات. لە وڵاتی سویس دوو شاری دراوسێ یەکی بە ئاڵمانی دەخوێنێ و ئەوی تر بە فەڕانسەیی، ئەمنیەتی سویسیش لە هەموو شوێنێکی دونیا سەیرترە و تووندترە. برای بەریزم تاک بەتەنیا ناتوانێ هیچ کات کاری مەدەنی بە ئەنجام بگەیێنێت، کاری مەدەنی جیاوازی لەگەڵ کاری سیاسی هەیە. من کوتم و باسم کرد کە ئەو مافەی کورد پێشێل کراوە بەڵام ئێمە هەر کات بۆ چرکەیەکیش دەست و دەنگمان بە نوێنەرانی پارلمان و دەسەڵاتدارانی سیستەم ڕاگەیشتبێت، ئەو خالە کە لە یاسای بنەڕەتی ئێرانیشدا هاتووە، بە گوێناندا چرپاندوومانە و وەکوو داواکارییەکی هەمیشەیی، کوتوومانەتەوە.

ڕاوێژ: تا ئێستاش پرسیاری یەکەمم بێ وەڵام ماوەتەوە. کاک حوسێنی ئیستا من ئاوا دەپرسمەوە ئەو کەسانەی بە پێوەری جەنابت چالاکی راستەقینەی مافی مرۆڤن،لە ئێران دۆخیان چۆنە بەتایبەت دۆخی ئەمنیەتی؟

حوسێنی: به داخه وه زور خراب. سەرەتاش باسم کرد، بەڕێز کەبوودوەند تا ئیستاش لە زیندانە، کاک مەسعوود کوردپوور لە ماوەی چوار ساڵدا، دوو جار گیراوە و چوار ساڵی حوکمی بەسەردا سەپاوە و دوای ٢٢ ساڵ مامۆستایەتی دەرکرا و بێ کار و بی دەرەتان ماوەتەوە، کاک خوسرەو کوردپوور دوای چەند جار داخران و فیلتێر کرانی ئاژانسی هەواڵدەری موکریان، بە تاوانی ڕاگەیاندن، هەشت ساڵ زیندان و دوورخرانەوەی بەسەردا سەپا و ئیستاش بەردەوام لە ژێر گوشار دان، بەڵام چون بڕوامان وایە کە ئەوە تەنیا ڕێگای گەیشتنە بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێموکراتیک و بەڕێوەچوونی خاڵەکانی مافی مرۆڤ، ئامادەین لەو رێگایەدا هەموو نرخێک بدەین بەو هیوایە بتوانین لە ئامانجی خۆمان نزیک و نزیکتر ببینەوە.

ڕاوێژ: کەواته چالاکوانانی مافی مرۆڤ، خۆیان لە قوربانیانی سەرەکیی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤن لە لایەن حکوومەتەوە. کاک حوسێنی ، حکوومەتی ئێران جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤی پەسەند کردووە؟ تا چ رادەیەک جێبەجێی دەکات ؟

حوسێنی: تا ئەو ڕادەیە کە بەرژەوەندییەکانی نەخاتە مەترسییەوە، هەم لە بواری ئایینی و هەم لە بواری سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی، ئەویش بە پێی خوێندنەوەی خۆیان.

ڕاوێژ: لەو 30 خاڵهی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتی ئێران چەندیان جێبەجێ دەکات ؟ پێتان وانیه ئیسلام رێگرە لە بەڕێوەچوونی ئەو جاڕنامەیە ؟

ڕاوێژ: بەپێی ئەو ئیسلامەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە. بۆ نموونە پێگەی ژن.

حوسێنی: ده بی بزانی ئیسلام كی لیكدانه وه ی بو ده كات. ئیسلامی شه ریعه تی یان مونته زیری یان میسباحی یه زدی.

ڕاوێژ: کاک حوسێنی با لە باسەکە دوور نەکەویەوە. راپۆرتی هاوڕێیەکم دەخوێندەوە نووسیبووی هەموو 30 خاڵەکەی جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشێل دەکرێن. با کەمێک زیاتر شی بکەمەوە، یەکێک لە خاڵە لاوازییەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ بە پێجەوانەی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، لایەنی جێبەجێکردنیەتی. لە ڕاستیدا جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، نەک وەکوو یاسا، بەڵکوو وەکوو بەهایەکی بەرزی مرۆڤایەتی پەسند کراوە. پێتان وایه هەر ئەوە نیه کە حکوومەتی ئێران سەرەڕای واژوی ئەو جاڕنامەیە، بە کردەوە هەموو خاڵەکانی پێشێل دەکات؟ واته ئەگەر ئەو جاڕنامەیە وەکوو یاسا پەسند بکرێت باشتر نیه ؟

حوسێنی: تەواوی هەوڵی ئێمەش ئەوەیە کە جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ لە نێو یاسای ئێراندا پەسەند بکرێت و بگونجێندرێت، بەڵام لە حاڵی حازردا زیاترین هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە ئەو خالانەی کە لە نێو یاسادا بوونی هەیە بخرێنە بواری جێ بە جێ کردنەوە. لە نێو یاسای ئێراندا زۆر خاڵ هەیە کە بە جێ بە جێ بوونیان، بڕێک لە خەونی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤیش، دێتە دی. بۆ نموونە ئازادی کۆبوونەوە، ئازادی درووست بوونی ڕێکخراوە وەکو مافی شارۆمەندی، وەکو مافی هەبوونی پاریزەر و مافی ئازادی ڕادەربڕین (گوتار).

ڕاوێژ: کەواته بەس بە نووسراوە بوونیان هەیە، نموونەیەکمان بۆ باس بکەن کە لەو جاڕنامەیە جێ بەجێ بێت لە ئێران. لە با ڕێکتر بیڵێم مەبەستم لە ناو یاسادا نیە، لە بواری جێبەجێ کردنەوە دەڵێم لە ئێراندا چەند خاڵ نە بە نووسراوە بەڵکوو بە کردەوە لەو 30خاڵە جێبەجێ دەکرێت ؟

حوسێنی: هەمووی ئەوانە هەن، بەڵام بەشێک لە دەسەڵات ناهێڵێ یاسا سەروەر بێت. کۆمەڵگای مەدەنی و بەتایبەتی چالاکوانانی مەدەنی، ئەرکیان ئەوەیە نەهێڵن تاک یان ڕەوت و لایەنێکی سەرتر لە یاسا پێک بێت و پێش بە بەڕێوەچوونی یاسا بگرێت و هەر کات بیهەوێت بەرێوەی ببات و هەر کات نەیویست پێشێلی بکات چونکە یاسا سەروەر نیە، بەڵام بە گشتی پێشێلکارییەکان ئەوەندە زۆرن لە لێرەدا بسس ناکرێن و ناهێنە ئەژمار.

ڕاوێژ: یاسا سەروەر نیە. مەجلیس بۆ یاسادانانە، کەواتا بوون و نەبوونی یەکە، ئەدی کەوایە ئەو هەنگامە و شەڕە بۆ ڕۆییشتن بۆ مەجلیس و یاسادانان چییە ؟

حوسێنی: بەریز نووریزاد دەلێ: ئەوانە مێگەلن چونە سەر ئەو کورسییە سەوزانە. ئەوانە لە پێش هەموو شتێکدا دەبێ بڕۆن فێری زمانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی و ئازاد ببن، فێر بن وڵامدەر بن، فێر بن بە ئەخلاق بن، فێر بن بەڵێندەر بن بە بەڵێنییەکانیان، دوایە بێن بڵێن دەبین بە نوێنە. بەڕیز سەریعولقەلەم ئەوڕۆ نووسیبووی: خۆرهەڵات (خۆرهەڵاتی جیهان) مرۆڤەکان بەلێندەر پەروەردە ناکات. ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین بە ڕاهێنان و پەروەردەی مافی مرۆڤ، مرۆڤی بەڵێندەی بار بێنهن.

ڕاوێژ: ئەوانە مەبەست کێیە ؟

حوسێنی: زۆربەی نوێنەرانی پارلمان. هەڵبەت هەشمانە کەسانی وەک موتەهەری و پزشکیان لە دەنگ و دەستیان لەگەڵ دەنگ و دەستی خەڵکە.

ڕاوێژ ئەگەر ئیزنتان لەسەر بێ: پرسیاری هاوڕێیانی ژوورەکەمان دەخەینە بەر باس:

رۆڵ و دەوری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ له‌ دوای سدیق که‌بوودوه‌ند، له‌ ئیعدامه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان،له‌ ئێران و کوشتنی کۆڵبه‌ران و تێزاو پژاندنه‌کان و خۆکۆژیه‌ جێ گومانه‌کانی بژارده‌ خوێندکاره‌کان له‌ کوێ دایه‌؟

حوسێنی: تەنیا کاک ئیجلال وەکو خۆی زەحمەت دەکێشێ و کاک سەدیقیش لە زیندانەوە ئەرکی خۆی بەجێ دێنێت.

ڕاوێژ: سپاس و رێز بۆ بەشداری بەڕێزتان و هەروەها سەبر و لە خۆ بوردوویی ئەندامانی ژوورەکەمان. ئەو باسە لە دوو شەوی داهاتوودا، درێژە دەدەین. هەروەها سپاس و رێزمان بۆ هەوڵی بێ وچانی ئاژانسی هەواڵدەری موکریان و سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ خۆڕاگری برایانی کوردپوور و کاک سەدیق کەبوودوەند.