سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە چاوپێکەوتن لە گەڵ حەسەن ڕۆحانی دا خوازیاری ئازاد کردنی خێرای نازەنین زاغری بوو

0
887

مرۆڤایەتی :
بووریس جانسۆن، سەرۆک وەزیری بریتانیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵگای گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران دیدار و چاوپێکەوتنی پێکهێنا. بووریس جانسۆن لەم چاوپێکەوتنەدا داوای لە ئێران کرد بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا نازەنین زاغری و شارۆمەندانی خاوەنی دوو ڕەگەزنامەیی ئازاد بکرێن.

چاوپێکەوتنەکان و وتووێژەکانی دیپلۆماتیک لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵگای گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک هاوکات بەردەوامە. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئێران دوای دیدار و وتووێژ لە کەڵ ئەمانوئێل مەکڕۆن، سەرۆک کۆماری فەرانسە و ئانگێلا مێرکڵ، سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان، چاوپێکەوتن و وتووێژی لە گەڵ بووریس جانسۆن، سەرۆک وەزیری بریتانیا پێک هێناوە.
ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرز ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ئەیلوول بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە نیۆیۆرک باسی لە وتووێژی ڕۆحانی و جانسۆن لە بینای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. لە ڕاپۆرتەکە دا ڕۆیتێرز ئاماژەی بە خواست و داواکاری بووریس جانسۆن سەبارەت بە ئازاد کردنی هەموو شارۆمەندانی خاوەن دوو ڕەگەزنامەیی بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران کردووە.
بووریس جانسۆن لەم چاوپێکەوتنەدا داوای لە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کردووە لە زووترین کاتدا و بە بێ فیڕۆدانی کات هەنگاو هەڵبگرێت بۆ ئازاد کردنی نازەنین زاغری ڕاتکلیف و هەموو ئەو شارۆمەندە خاوەن دوو ڕەگەزنامەییانە وا لە ئێران دەسبەسەر و بەند کراون. هەواڵی دیدار و وتووێژی بووریس جانسۆن لە گەڵ حەسەن ڕۆحانی لە لایەن وتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە لەندەن خرایە بەردەست ناوەندە ڕاگەیەندنەکان. ئەم چاوپێکەوتنە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ئەیلوول لە نیۆیۆرک بەڕێوەچووە.
وتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە بووریس جانسۆن لە ئاستی چالاکییەکانی سەقامگیرنەکردنی ئارامی ناوچەکە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە توندی نیگەرانی دەربڕیووە. هەروەها بووریس جانسۆن ئاماژەی بە هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٤ی ئەیلوول بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ لە وڵاتی عەرەبستان کردووە. ناوبراو داوای لە حەسەن ڕۆحانی کردووە بۆ ئەوەی ئێران بە خێرایی کۆتایی بەو چەشنە چالاکییانە لە ناوچەکەدا بهێنێت. پێویستە ئەوەش وەبیر بهێنینەوە کە ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ئەیلوول، ڕێبەرانی هەر سێ وڵاتانی ئەوروپایی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بەرپرسیارەتی هێرش بۆ سەر پاڵاوگەی نەوتی “بەقیق” و گۆڕەپانی نەوتی “خەریس” لە عەرەبستانی سعوودییان بەرەوڕووی ڕژیمی ئێران کردبوو. ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرز لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی دا جارێکی دیکە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە دەوڵەتی بریتانیا هەروەها بە بەردەوامی خوازیاری ڕزگارکردنی ڕێکەوتننامەی ناوەکی بەرجام لە گەڵ ڕژیمی ئێرانە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیری بریتانیا هەر لەم پێوەندییەدا جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە جانسۆن سەبارەت بە بەڕێوەچوونی خولی نوێی وتووێژەکان لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی لە گەڵ ئێران پێداگری کردووە. ئەو ئاحافتن و وتووێژانەی کە باس لەوە دەکرێت بەرنامەی مووشەکی ڕژیمی ئێران و چالاکییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە لە ناوچەکەدا لە خۆ دەگرێت.