نیشتمان حوسێن پەناهی خۆشکەزای ڕامین و ئەفشین حوسێن‌پەناهی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

0
1100

نیشتمان حوسێن پەناهی، خۆشکەزای ڕامین و ئەفشین و حوسێن پەناهی و هاوژینی ئەحمەد حوسین پەناهی لە تەمەنی ۲۵ ساڵیدا، بە هۆکاری لە ئەگەری جێبەجێ کردنی لە سێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی و گوشارەکانی ڕژیم بۆ سەر بنەماڵەی ناوبراو، کە مێردەکەشی چەند ماوە پێش دەستبەسەر کرابوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ڕۆژهەڵات، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەمە ۱ی مەی ۲۰۱۸ی زایینی بەرابنەر لەگەڵ ۱۱ی بانەمەڕی ۲۷۱۸ کوردی، دوای گواستنەوەی ڕامین حوسێن‌پەناهی بەندکراوی سیاسیی کورد کە بە سێدارە مەحکووم کراوە، سلوولی تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حۆکمەکەی و دەستبەسەر کردنی “ئەحمەد ئەمین‌پەنا” (زاوای بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی)، نیشتمان حوسێن‌پەناهی هاوژینی ئەحمەد ئەمین پەنا و خۆشکەزای ڕامین و ئەفشین حوسێن‌پەناهی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە پێی ئەو ئامارەی لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ڕۆژهەڵات، تۆمار کراوە، دووازدەهەمین دیاردەی خۆکوژییە لە ساڵی نوێی کوردیدا.

ئەحمەد ئەمین‌پەنا چالاکی مەدەنی و زاوای بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی، پێشتر لەگەڵ ئەفشین و زۆبەیر حوسێن‌پەناهی دەستبەسەر و لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری سنە بە هۆکاری بەڕێوە بردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دەژ بە ڕژیم (تبلیغ علیە نظام)، پێنج ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا و پاشان بە بارمەتەی ۱۵۰ میلیون تمەنی و بە ماوەیەکی کاتی ئازاد کرا، ناوبراو ڕۆژی چوار شەمە ۲۸ی مارسی ۲۰۱۸ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۸ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی، جارێکی تر لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

ئەحمە ئەمین‌پەنا، زاوا و خزمی ڕامین حوسێن‌پەناهی، لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، دوای دەستبەسەر کردنی ڕامین حوسێن‌پەناهی، هاوکات لەگەڵ ئەفیشن و زۆبەیر حوسێن‌پەناهی بۆ جارێکی دیکە دەستبەسەر کران و لە لایەن لەقی یەکی دادگای شۆڕش لە شاری سنە، ئەحمە ئەمین‌پەنا ۵ ساڵ، زۆبیر حوسێن‌پەناهی ٦ ساڵ و ئەفشین حوسێن پەناهی ۸ ساڵ بەند کردنیان بەسەردا سەپا.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، چالاکی سیاسی کورد، ڕۆژی ۲ی پووشپەڕی ۲۷۱۷ی کوردی لە شاری سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەر کرا و بۆ بەنخدیخانەی ناوەندی ئەو شارە گوازرایەوە، ۲۵ی ژانویەی ۲۰۱۷ی زایینی بەرانبەر لەگەڵ ۵ی ڕێبەندان ۲۷۱۷ی کوردی، لەقی یەکی دادگای شۆڕش لە شاری سنە، تەنیا بە یەک کۆبوونەوەی دادگایی بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی و دادوەرێکی تر، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژ بە ڕژیم و ئەندام بوون لە کۆمەڵە، حۆکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.

ڕامین حوسێن‌پناهی بەندکراوی سیاسی کورد، لەو دادگا نابەرانبەر و ناعادڵانەدا، بە تۆمەتی بەشداری لە شەڕی چەکداری دژبە ڕژیم حۆکمی سێدارەی بە سەردا سەپا، بەڵام ناوبراو ئەو تۆمەتانەی ڕژیم ڕەد دەکاتەوە کە بەشداری لە شەڕی چەکداری کردبێت، پارێزەری ڕامین ڕایگەیاند، حۆکمی سێدار بۆ ڕامین، حۆکمێکی نابەرانبەر و ناعادڵانەیە کە چاوەڕوان نەدەکرا.

پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر ڕایگەیاندبوو، بە دەستێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات لە کاروبارەکانی دادگا، لە کاتی دادگایی کردنی ڕامین، بڕیاری لە سێدارەدانی ناوبراو دەرکرا. بەپێی یاساکانی دادوەریی ناوخۆیی ئێران، ئەگەر ئەو دۆسیەیە لە دادگایەکی سەربەخۆدا بەڕێوە بچێت، ڕامین حوسێن‌پەناهی بە سێدارە حۆکم نادرێت.

پاش ڕاگەیاندنی حۆکمی سێدارەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆ و دەرەوی ئێران دەستی پێکرد، ڕێژەیەکی زۆر لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، هاووڵاتیانی مەدەنی و سیاسی، نووسەران، هونەرمەندان، ڕێکخراوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان، شاعێران، بازارییەکان، نوێنەرە کوردەکانی پێشووی پارلمانی ئێران، چالاکانی فەرهەنگی، شورای دێموکراسی خوازانی ئێران، چەندین ڕێکخراوەی سیاسی و مەدەنی تر، بە بڵاو کردەنەوەی ڕاگەیێندراوە و بانگەوازەکانیان و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، لە کوردستان و ئێران و هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپایی و کانادا، حۆکمی سێدارەی ڕامین حوسێن‌پەناهی و بەندکراوە سیاسی و مەدەنی و ئایینییەکانی تریان لە بەندیخانەکانی ئێران، شەرمەزار و مەحکووم کرد.

تا هەنووکە هەزاران چالاکی مەدەنی و سیاسی، بە مەبەستی مەحکووم کردنی، حۆکمی سێدارەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، واژۆیان کۆ کردووەتەوە، هەروها نزیکەی ۳۲ کەس لە نوێنەرانی پێشووی پارلمان و مامۆستایانی زانکۆ، لە نامەیەکدا داوایان لە سەرۆکایەتی وەزارەتی دادوەری ئێران کرد، حۆکمی سێدارەی ڕامین حوسێن‌پەناهی هەڵبوەشێتەوە. هەروەتر ۲٤ ڕێکخراوی چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە چەندین ڕاگەیێندراودا داوای هەڵوەشاندنەوە حۆکمی سێدارە ڕامین حوسین‌پەناهییان کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە بەیاننامەیەکدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی حۆکمی سێدارەی ڕامین حوسێن‌پەناهی کرد.

ئەو ڕێکخراوەیە لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی کرد، بەپێی هەواڵەکان و ڕاگەیێندراوەی بنەماڵەی حسێن‌پەناهی، دوای چوار مانگ بێ سەروشوێن بوونی ڕامین حوسێن پەناهی، لە دادگاییەکی ناعادڵانەدا حۆکمی سێدارەی بە سەردا سەپا. لە بشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەرپرسانی دادوەری و ئەمنییەتی حکوومەت ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حۆکمی سێدارەی ڕامین حوسێن‌پەناهی بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان دەبێت هەڵوەشێنێتەوە.