چارەنووسی دوو چالاکی ژینگەپارێزی شاری بۆکان یەک مانگ دوای دەستبەسەرکرانیان نادیارە

0
1613

پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی دوو ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی وڵات ـی شاری بۆکان لە لایەن ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، چارەنووسی ئەو دوو ژینگەپارێزە ناڕوونە و هەتا ئێستا ئیتلاعات هیچ وڵامێکی بنەماڵەی ئەو دوو گیراوە نەداتەوەتەوە.

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات لە زاری ناوندی ژینگەپارێزیی ژینگەوان، حامید سپهری و جەعفەر ئەمینی، دوو ژینگەپارێزی شاری بۆکان کە ۲۰ی ڕەشەمەی 1396ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ 11ی مارسی ٢٠١٨، بە شێوەیەکی کوتووپڕ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە شەوانە هێرش کرایە سەر ماڵ وحاڵیان و دەسبەسەر کران و هەتا ئێستا ئیتلاعات هۆکاری گیران و شوێنی بازداشتی ئەو دوو شارومەندە کوردەی ئاشکرا نەکردووە.

ئیتلاعاتی بۆکان داوای لە بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوەی کردووە کە بە هیچ شێوەیێک سەبارەت بە پرسی دەسبەسەرکرانی ڕۆڵەکانیان نابێ لێدوان لەگەڵ ڕاگەیاندن و کاناڵەکانی دەرەوە وڵات بکەن.

بێجگە لە دەسبەسەرکرانی ئەو دوو ئەندامەی ئەو ئەنجومەنە ژینگەپارێزیە، چەند کەسی دیکەش لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بانگێشتی ئیتلاعات کراون و چەندین ڕۆژ لێپرسینەوەیان و بازچوویی یان لێکراوە.

ئەنجومەنی وڵات، ئەنجومەنێکی چالاکی بواری ژینگەپارێزی و کاری مەدەنیە لە ناوچەی موکریان و لە سێ ساڵی ڕابردوودا دەزگا ئەمنیەتیەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای بۆکان بەردەوام چەندین کەسی بەرچاو و چالاکی ئەو گوروپەیان خستۆتە ژێر گوشار و بانگێشت کردن و تەنانەت سێ جاریش ئیجازە و مۆڵەتێ فەرمانداری بۆکان بۆ ئەو گورووپە هەڵوەشێندراوەتەوە و بە زەبری هەڕەشە و زەخت، چەندین جار چالاکی گورووپەکە بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە.

ئەو دووهەمین جارە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ئەنجومەنی “وڵات” و ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە دەکەونە بەر گوشار و هەڕەشەی بنکە ئاسایشیەکانی ئێران لەو شارە.

ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، دوای ناڕەزایەتی دەربڕین و شکاتی ئەو ئەنجومەنە لە فەرمانداری و شارەداری و شۆڕای شاری بۆکان بە هۆی تێکدان و بازرگانی کردن بە دوو پارکی قوللە و پارکی مییلەت و پێداگری ئەنجومەنی وڵات لە سەر مافی گشتی خەڵک، مەوجێکی تازەی هەڕەشە و تۆقاندن و گوشار لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکان خرایە سەر بەڕێوبەرانی ئەو ڕێکخراوە ژینگەپارێزییە.

جێی ئاماژەشە کە هاوینی ۹٥ یش. یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی وڵات بە پەروەندەسازی و بە بیانووی لاینگری کردن و هەواداری لە یەکێک لە حیزبە ڕۆژهەڵاتیەکان – لە لایەن ئیتلاعاتەوە – لە دادگای بۆکان سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا و لە ئاکامدا بە هۆی گوشار و هەڕەشەی ئیتلاعاتی بۆکان بەناچار پەڕیوەی باشووری کوردستان بوو.