نۆروێژ: پەناخوازێکی سیاسیی کوردی رۆژهەڵات، مەترسیی گەڕاندنەوە بۆ بەغدا و کەوتنە بەردەستی حەشدی شەعبی و ئێرانی لەسەرە

0
5819

وڵاتانی ئوروپایی و بەتایبەتی نۆروێژ و سوید، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٧ و سەرەتای ئەمساڵی زایینی، بە هەڕەشەی گەڕاندنەوە و دیپۆرت کردنی چەند چالاکێکی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات بۆ ئێران و بەغدا، بوونە هۆکاری شێوانی دۆخی دەروونی و هەروەها کەوتنە مەترسیی گیانی ئەو پاناخوازە کوردە سیاسیانە کە لە ڕیزی حیزبە کوردیەکانی دژبەری ئێراندا چالاک بوون و هەن.

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، چالاکێکی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات، بەناوی “ئەنوەر محەمەدی”، کوڕی ساڵح، لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە گوندی “دادانە کەمانگەر”ـی سەر بە شاری مەریوان لە پارێزگای سنە کە لە سەرەتای ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویەوە تا پاییزی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بووە و ئێستا لە وڵاتی نۆروێژ داوای مافی پەنابەری کردووە، هەڕەشەی گەڕێندرانەوە بۆ بەغدای پێتەختی ئێراقی لەسەرە.

ئەنوەر محەمەدی، مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٥ ڕووی کردووەتە وڵاتی نۆروێژ بەڵام دوای زیاتر لە دوو ساڵ، ڕێکەوتی 30/01/2018 بۆ جاری دووهەم، لەلایەن فەرمانگەی پەنابەرانی ئەو وڵاتەوە، وڵامی نەرێنی پێدراوە.

پۆلیسی ئەو وڵاتە و فەرمانگەی پەنابەران بە فەرمی پێیانڕاگەیاندووە کە دەبێ تا 24ی مانگی فێوریەی ٢٠١٨ ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێ ئەگینا ڕادەستی بەغدا دەکرێتەوە.

بیانووی فەرمانگەی پەنابەرانی وڵاتی نۆروێژ بۆ ئەو وڵام و پیداگریەی، هەندێک بەڵگەی کاتیە کە سەردەمانێک دراوە بە پێشمەرگە و ئەندامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە کوردستانی باشوور کە بەپێی یاسای وڵاتی ئێراق و هەرێمی کوردستانیش کە ڕێڕەوی لە یاسای گشتیی ئێراق دەکات، هیچ بایەخێکی یاسایی نیە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەنوەر محەمەدی، سەرجەم بەڵگەکانی سەلماندنی ناسنامەی خۆی وەک کوردی ڕۆژهەڵات وو هەروەها پێشمەرگە بوون لە حدکای لەبەردەست دایە و ڕادەستی کردووە و لە ماوەی پێشمەرگایەتیی خۆیدا، بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئەو حیزبە “تیشک تی ڤی”، کاری دەنگهەڵگری کردووە و حیزبی پەیوەندیداریش پشتگیریی فەرمی داوەتێ.

بەهۆی دەسەڵاتی باڵای ئێران لە ئێراق و کێشە و ڕقی تایبەتیی حەشدی شەعبی وەک هێزێکی میلیشیایی کە خۆی لە هیچ کارێکی دژەمرۆڤی لە هەمبەر کورد بەپاراستووە، پێش بینیی ئەوە دەکرێ کە ئەو هاووڵاتیە کوردە رادەستی ئێران بکرێتەوە یان لەلایەن خودی حەشدی شەعبی و هێزی باڵادەستی ئێراقەوە، سزای مەرگی بەسەردا بسەپێ یان لەژێر ئەشکەنجەدا بکوژرێت.

ئەوە دووهەمین هەوڵی دوور لە چاوەڕوانیی وڵاتی نۆروێژ لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوو لە هەمبەر هاونیشتمانان و چالاکانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتە کە لەو وڵاتە بە فەرمی داوای پیدرانی مافی پەنابەرییان کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، داوا لە وڵاتی نۆروێژ کە وەک وڵاتێکی دۆست و پشتیوانی کورد ناسراوە دەکات، پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا بکات و خۆی لە هەمبەر پاراستنی گیانی کەسانی ئازادیخواز کە لە هەمبەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، شکێندرانی کەرامەتی مرۆڤی و سزای سێدارە و نەبوونی مافە سەرەتاییەکان وەک خوێندن بە زمانی زگماکی، دەستیان بە خەبات کردووە، بە بەرپرسیار بزانێت و لە ئەگەر ڕادەست کرانەوەی ئەو هاونیشتمانیانە، وەک هەوڵێکی ئاشکرا دژ بە مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، ئەوا وڵاتی نۆروێژ دەبێ وڵامدەرەوە بێت.

This slideshow requires JavaScript.