گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بۆ سەر ژنە ڕۆژنامەڤانێکی کورد

0
1299

مرۆڤایەتی: نیشتیمان ئەسعەدی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لانیکەم دوو جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد کراوە.
ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد ڕۆژی پێنجشەممە 25ی ژانویە لە پەیوەندییەکی تلەیفونیدا بۆ جاری دووهەم داوای لە نیشتیمان ئەسعەدی کردووە بە مەبەستی لێپێچینەوە ڕۆژی شەممە سەردانی ئەم ئیدارەیە بکات. هەروەها بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە بنەماڵەکەی لەم سەردانە ئاگادار بکاتەوە، چوونکە ئەو سەردانە ئەگەری هەیە درێژ ماوەبێت و لای ئەوان بمێنێتەوە.
بەپێچەوانەی ویستی ئەم دەزگا ئەمنییەتییە، ئەسعەدی ئەم داوایەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕەتکردووەتەوە و پێداگری کردووە کە تەنیا لە ئەگەرێکدا سەردانی ئەم ئیدارەیە دەکات کە حوکمی دەستەڵاتی داد لە پەیوەندی لەگەڵ بانگهێشتکرانی خۆی بەدەست بگات.
بەهۆیی خۆ بوواردنی ئەسعەدی لە ڕۆژی شەممەدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد پەیوەندیان بەم ڕۆژنامەنوسەوە کردووە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە کە ئەگەر تا ڕۆژی چووارشەممەی ئەم هەفتەیە پەیوەندی بەم ئیدارەوە نەکات ئەوە دەستبەسەری دەکەن.
جاری یەکەم بیست و سێهەمی نوامبەری ساڵی 2017ی زایینی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد دووای بانگهێشت کردنی ئەسعەدی داوای ئەوەیان لێکردبوو کە دەبێت سەرجەم چالاکییە ڕۆژنامەڤانییەکانی ڕابگرێت. مەگەر ئەوەی نێوەرۆکی ڕاپۆڕت و چاوپێکەوتنەکانی بەر لە بڵاوبوونەوە لەگەڵ ئەم دەزگا ئەمنییەتییە هەماهەنگ بکات.
نیشتیمان ئەسعەدی لەدایکبووی شاری نەغەدە و نیشتەجێی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبراو لە بووارەوەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان چالاک بووە و زیاتر لەیەک ساڵە کە وەکوو پەیامنێری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان چالاکی دەکات.