دوو کۆڵبەری تر لە بانە کوژران و ئەوەش نارەزایەتیی خەڵکی لێکەوتەوە

0
1306

دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی ئێران گیانیان لە دەستدا و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتەوە.

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخرای مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، سەرلە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 10ی ژانویە/20ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، هەنگی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانە، تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە و لە ئەنجامدا دوو کەس لە کۆڵبەرەکان گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئەو هەواڵە، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی “قادر بەهرامی”، تەمەن 45 ساڵ و خەڵکی گوندی وزمەڵە و “حەیدەر فەرەجی”، تەمەن 21 ساڵ و خەڵکی گوندی شەشە، سەرلە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 10ی ژانویە/20ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی بانە، گیانیان لە دەست داوە.

کووژرانی ئەو دوو کۆڵبەرە، ناڕەزایەتیی خەلکی شاری بانەی لێکەوتۆتەوە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەبەردەم فەرمانداریی شاری بانە و نەخۆشخانە کۆبوونەتەوە و خوازیاری کۆتایی هاتن بەکوشتن و تەقە کردن لە کۆڵبەرەکان بوون.

خەلکی ناڕازیی بانە دەرگای ساختمانی فەرمانداری بانەیان شکاندووە و چوونەتە ژوورەوە. فەرماندار بۆ خۆی لەوێ نەبووە، بەڵام بەرپرسانی دیکە بەڵێنیان داوە بە دواداچوون بۆ داواکاریی خەڵک بکەن.

بەپێی زانیاریی تۆمارکرداو، لە ماوەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە هۆی تەقەی هێزەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێران، ۱۰ کۆلبەری خەلکی بانە گیانیان لە دەست داوە.