‎چالاکێکی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات، مەترسیی جیدیی ڕادەست کرانەوە بۆ ئێراق و لەوێوە بۆ ئێرانی لەسەرە

0
7276

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، هیوا عەبدووڵاهی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە وڵاتی سوید، مەترسیی جیدیی ڕادەست کرانەوە بۆ عێراقی لەسەرە کە لە ئەگەری ڕادەست کرانەوەی، بە هۆی سیاسی بوونی خۆی و بنەماڵەکەی و دەسەڵاتی ئێران لە عێراق، لەگەڵ مەترسیی مەرگ بەرەوڕوو دەبێ.

بەپێی ئەو هەواڵە، هیوا عەبدوڵاهی، کوڕی حەسەنی مامە قالە، پێشمەرگەی ناسراوی دێرینی حیزبی دێموکرات و خەڵکی شاری بانە و لەدایك بووی ساڵی  ١٣٦٧ـی هەتاوی، دوای شەش ساڵ تێپەڕین بەسەر داوای پەنابەری کردن لە وڵاتی سوید و ڕەت کرانەوەی دۆسیەکەی، ئێستا دەستبەسەر کراوە و مەترسیی ڕادەست کرانەوە بۆ عێراقی لەسەرە و بە هۆی زاڵ بوونی ئێران لە عێراق، شیمانەی ئەوە دەکرێ لەوێوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێتەوە

فەرمانگەی پەنابەریی وڵاتی سوید بە هیوا ـیان ڕاگەیاندووە کە ناتوانن متمانەی پێبکەن کە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەو بە ئێراقی دەناسن و هەر بۆیەش دۆسیەکەی و داوای پەنابەری کردنەکەی ڕەت کراوەتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هیوا نەک تەنیا خۆی چالاکێکی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، بەڵکوو جیا لە بنەماڵەکەشی کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانن، باپیریشی بەناوی مامە قالە، شەهیدی حیزبی دێموکرات و خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- رۆژهەڵات (مرۆڤایەتی)، هیوا عەبدووڵاهی، چەندین خول. ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێكخراوی یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە و ساڵی ٢٠١٢ وەك پەناخواز چۆتە وڵاتێ سۆئێد، بەڵام بۆ ماوەی ٥ ساڵە لەو داواکارییە، بە تۆمەتی ئەوەی کە ئێرانی نیە و ئێراقیە، داواکەی ڕەت کراوەتەوە.

فەرمانگەی پەنابەریی وڵاتی سوئێد، پێشتر بە هیوایان ڕاگەیاندووە كە لە دەبێ تەنیا لە ماوەی یەك حەوتوودا، وڵاتی سۆئێد بەجێ بهێڵێ، هەر بۆیە هیوا بڕیار دەدا بچێتە وڵاتی ئاڵمان.

هیوا عەبدووڵاهی، چالاکی سیاسیی کورد، دوای ئەوەی کە ماوەی نزیك بە ٨ مانگ لە وڵاتی ئاڵمان ماوەتەوە، بەیانیی ڕۆژی ١٥/١١/٢٠١٧ لەلایەن پۆلیسی ئاڵمان دەست بەسەر کراوە و بە فڕۆکە ڕەوانەی وڵاتی سۆئێد كراوەتەوە و ئێستا لە لایەن پۆلیسی سۆئێدەوە دەست بەسەر كراوە و پێی ڕاگەیەندراوە كە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا ئاودیوی بەغدای پێتەختی عێراق دەكرێتەوە.

‎یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی عەبدووڵاهی لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات گوتی :”داواكاریمان لە سەرجەم چالاكانی مەدەنی و سیاسیی  کورد و  هەموو كەسانی بەرپرس  هەیە تا بە هەست بە بەرپرسیارەتی کردنەوە لەەمبارەوە یارمەتیدەرمان بن تا پێش بە ڕادەستکرانەوەی هیوا بۆ عێراق و لەوێوە بۆ ئێران، بگرین”.