نامەی ئەمجەد حوسێن پەناهی لەمەڕ دۆخی ڕامین حوسێن پەناهی ڕوو لە ڕای گشتی

0
1457

مرۆڤایەتی: ئەمجەد حوسێن پەناهی، برای ڕامین حوسێن پەناهی، دەستبەسەرکراوی سیاسیی کورد کە سێ مانگە دۆخی ناڕوونە، ڕوو لە ڕای گشتی نامەیەکی بڵاو کردۆتەوە کە وێنەیەکیشی بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵاتیش نێردراوە.

دەقی نامەکە:

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

چالاكانی مەدەنی و سیاسی كورد

رێكخراوەكانی مافی مروڤ و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵات

هەروەك دەزانن ئەوە نزیك بە سێ مانگە رامین حوسین پەناهی كە كوڕی بنەماڵەی ئێمەیە لە كاتێكدا كە بریندار بووە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە قوڵبەست كراوە، هاوكات لەگەڵ ئەوە، “ئەفشین حسێن پەناهی” برایەكی دیكەمان كە یەكێك لە چالاكانی مەدەنی ناوچەی لەیلاخە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە قوڵبەست كراوە و پاش 83ی رۆژ بە بێ هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو هێشتاكە لەزیندان بەسەردەبات. ئێستاكەو پاش ئەنجامی دادگایی یەكەمی ئەفشین كە بە بێ بوونی هیچ پارێزەرێك بەرێوە چووە چەندین تۆمەتی بێ بنەماو  دەستكردیان خستۆتە پاڵ ئەفشین حسێن پەناهی كە هەمووان ئاگادارن ئەفشین جیا لە چالاكێكی مەدەنی ئەو ناوچەیە هیچ گرێدراوییەكی رێكخراوەیی بە هیچ لایەن‌و حیزبێكی سیاسی نەبووەو تەنیا تاوانی ئەوەیە كە ئەندامی بنەماڵەی حسێن پەناهییە. تۆمەتی هاوكاری كردن‌و ئەندامییەتی یەكێك لە حیزبە كوردییەكان بۆ ئەفشین بێ گومان دەبێتە هۆی سەپاندنی چەندین ساڵ زیندان بەسەر ناوبراوداو ئەمەش تاوانێكی گەورەیە كۆماری ئیسلامی لە بنەماڵەی ئێمەو بەتایبەتی ئەفشین دەیكات.

هەر سەبارەت بە دۆخی ئێستاكەی بنەماڵەی ئێمە هاوكات ئاگادارین كە ئێستاكە رامین لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەرەو و لە ژیر سەخترین گوشارەكاندایەو وەك ئەوەی تا ئێستاكە ئاشكرابووە گوشاری ئەوەی لەسەرە كە دەبێت هاوكاری ئیتلاعات بكات‌و لەگەری هاوكاری نەكردن‌و مل نەدانی بە خواست‌وداوا ناڕەواكانی ئیتلاعات دەبێت چاوەڕێ سەپاندنی حوكمی ئیعدام بێت.

هەر لەدرێژەی گوشارەكان بۆ سەر بنەماڵەی حسێن پەناهی، پەروانە خوشكی گەورەمان پێشووتر بە بێ هیچ تاوانێك‌و تەنیا بە حوكمی ئەوەی لەم چەند ساڵەدا بە دواداچوونی بۆ چارەنووسی براكانی كردووە بە پێنج ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو مەحكووم كرابوو، هەڕەشەی ئەوەی لە لایەن ئیتلاعاتەوە لێكراوە كە دەستبەسەری دەكەن‌و بە پێی ئەو حوكمەی پێشووەی دەبێت پێنج ساڵ لە زیندان بمێنێتەوە. ئەم گوشارانەو هاوكات وەك هەمووان ئاگاداران كە هێزەكانی ئیتلاعات تەنانەت رەحمیان بە دایك‌و باوكی بە تەمەنیشم نەكردو بە زۆری چەك ناچاریان كردن لە دژی كوڕەكانیان قسە بكەن‌و فیلمیان لێ هەڵگرتنەوەو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە مەبەستی روخاندنی ورەی كوڕە زیندانییەكانیان‌و باقی ئەندامانی بنەماڵەی حسێن پەناهی بڵاویان كردەوە.

ئەم نیشانانە بێ گومان دەرخەری ئەوەن كە ئیدارەی ئیتلاعات بەشێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو لەهەوڵی دروست كردنی دۆسیە سازكردنن لە دژی بنەماڵەكەم‌و بەم جۆرە بە نیازن پاش دروست كردنی هەندێك سێناریۆی ساختە حوكمێكیان بۆ ببڕنەوەو راپێچی زیندانیان بكەن.

من وەكە خۆم لەم ماوەدا بە هاوكاری‌و یارمەتی ئێوە خەڵكی تێكۆشەری كوردستان‌و چالاكانی سیاسی‌و مەدەنی لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی زۆرمداوە، زۆر درگام كوتاوە هەر لە ناوەندە جیهانییەكانەوە بگرە تا ئێرانییەكان‌و چالاكانی فارس‌و لەئەنجامدا بۆ دەركەوت چەندە كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بنەماڵەم دڵی راچڵەكاوە ئەوانیش هەر ئەوندە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە دەبێت پشت بە هێزو ئیرادەی خۆمان ببەستین.

هەر وەك ئاگادارن لە چەند ساڵی رابردوودا بە هەوڵ و كۆششی چالاكانی بواری مافەكانی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان، تا رادەیەك پرسی كورد لەكوردستانی رۆژهەڵات زیاتر لەئاستی جیهانییدا بەهای پێدەدرێ‌‌و لەبەرچاو دەگیردرێ‌. كەوتنەرێی كەمپەینی بەربڵاوو كەڵك وەرگرتنی گونجاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن چالاكانی سیاسی‌و مەدەنی  بە مەبەستی رووماڵكردنی هەواڵەكانی پێوەندیدار بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەكوردستانی رۆژهەڵات، هێماكانی دەركەوتنی پرسی پێشێلكارییەكانی مافی تاكی كوردە لە ئاستی جیهانییدا، كە ئەمەش زیاتر بە هۆی بوونی بزووتنەوەی گەلی كوردو لەهەمانكاتدا هەوڵی چالاكانی مافی مرۆڤ بووە لەئاستی كوردستان‌و دەرەوە.

ئێستاكەش و پاش ئەوەی بەشێك لە ناوەندەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ  پاش پێشێلكارییەكانی ئەم دوواییانە لەكوردستان‌و بەتایبەتی بێ چارەنووسی رامین حسێن پەناهی، جارێكیتر دەركەوتنی پرسی كوردو قورسایی‌و سەنگی زیاتری ئەم بزووتنەوەیە لەدەنگدانەوەی لەئاستی جیهانییداو دانپێدانانی ناوەندە نێونەتەوییەكانە، بەوەی نەتەوەیەك لە ئێران هەیە بە ناو نەتەوەی كورد كە مافەكانی پێشێل دەكرێ‌ و ئەو كاتەش كە خوازیاری مافی رەوای خۆیەتی سەركوت دەكرێ‌‌و بە پشت بەستن بە كۆمەڵێك چەمكی ئاڵۆز و پێناسە نەكراو تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایە دەخرێنە زیندان. هەر وەها ئەمە ئەوە دەخاتە روو كە ئیتر كۆماری ئیسلامی ناتوانێ‌ وەك پێشتر لە بێدەنگەدا لاوانی كوردو تاكەكانی كۆمەڵگای كورد حوكمی قورسیان بەسەردا بسەپێنێت‌و بە خشكە و لە بێ دادگاكاندا حوكمی ئیعدامیان بۆ بڕێتەوە.

پێویستە لەم سەردەمەدا بزووتنەوەی كورد وسەرجەم لایەنە پێشكەوتنخوازەكان هەوڵی خۆیان بۆ بردنی پرسی كورد بۆ ناوەندە نێونەتەوەییەكان بخەنە دەستوری كاری خۆیانەوەو تاكوو بەم شێوەیە كێشەی كورد لەئاستی جیهانیدا زیاتر بناسرێت‌و لەلایەكی دیكەشەوە سیاسەتی دوژمنكارانەی رژیم لەدژی گەلی كورد زیاتر ریسوا بكرێت.

مەرجی رزگاربوون لەم دۆزەخە، هاودەنگی و یەكێتی ریزەكانی جەماوەرە و دەبێ ئەم خاڵە وەك بنەمایەك بپارێزرێت. خواستی ئازادكردنی بەندكراوە سیاسی و مەدەنییەكان، خواستێكی ئینسانییە و نابێ زیندانییەكان لە مەیدانی خەبات، تەنیا بمێنن. هاوپشتی جەماوەر دەتوانێ پڕكەرەوەی خەباتی بەندییەكانی ناو زیندان بێت و رەوتی بەرزگاربوون و هەنگاونان بەرەو دێمۆكراسی لە كۆمەڵگای ئێران، هەموار بكات.

ئێستاكەو پاش ئەم رووداوانە لێرەوە دوبارە وێڕای سپاسی هەوڵ‌و بەخەمەوە بوونتان لەمەڕ بنەماڵەم، جارێكی دیكە دێمەوە بەر درگاتان‌و تكاتان لێ دەكەم وەك هەمیشە پشتیوانیمان بكەن‌و چییتان لە دەست دێت لە پشتیوانی كردنمان كۆتایی مەكەن، ئێمە تەنیا دڵخۆشیمان هێزی لە بن نەهاتووی ئێوەیەو بوونی ئێوە بۆ ئێمە گەورەترین سەرمایەو هاوكاتیش شانازییە. لە هەر رێگەیەكەوە بۆتان دەكرێ رێگر بن لە پرۆژەی دەستبەسەركردنی بنەماڵەكەم.

بەسپاسەوە

ئەمجەد حوسین پەناهی