گەنجێکی کوردی خەڵکی بۆکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا

0
1383

گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستانی باشوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات، لە بۆکانەوە، ئەمین ڕەحمانی، کوڕی ئەبووبەکر، ڕۆژی دووشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی بۆ جاری دووهەم لە سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو گەنجە تەمەن ٢٠ ساڵانەی خەڵکی بۆکان، لە کاتی ئاودیووبوونی نایاسایی لە سنووری دەستکردی کوردستان، لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ فەرمانگەی ئیتلاعاتی سەردەشت ڕاگواستراوە.

بەپێی ئەو هەواڵە، ئیتلاعاتی سەردەشت دوای لێپرسینەوە و ئەشکەنجە، ڕۆژی ٧ی جۆزەردان، ڕایانگواستووە بۆ ئیتلاعاتی بۆکان.

ئەمین ڕەحمانی، مانگی جۆزەردانی ساڵی پاریش بە هەمان شێوە لە سنوورەکانی شاری سەردەشت دەستبەسەر کرابوو و دوای لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی زۆر لە ئیتلاعاتی بۆکان، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.