گوشار و هەڕەشە لەسەر خوێندکارانی کورد لە زانکۆکان، بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە

0
1954

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان – ڕۆژهەڵات، هەڕەشە و گوشارەکانی ناوەندی حەراسەتی زانکۆ و ئیتلاعاتی ئێران لەسەر خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەربەست و لەمەپەرەکانی بەردەم خوێندکاران و چالاکنی خوێندکاری گەیشتۆتە ئاستێک کە تەنانەت هەڕەشەی جیددی لەسەر خوێندن و ژیانی ئاساییشیان، دروست کردووە.

سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لەمبارەوە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات (مرۆڤایەتی)ـی  ڕاگەیاندووە، “ماوەیەک پێش ئێستا یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی پەیامی ‌نووری مەریوان (بە هۆکاری ئەمنیەتی ناوی ئەو خوێندکارە پارێزراوە)، لە دوای هەڕەشەی توندی حەراسەتی زانکۆ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراوە و دوای لێپرسینەوەیەکی چەند کاتژمێری، بە دانانی سنوور بۆ چالاکییەکانی، ئازاد کراوە”، ئەم بانگهێشتە نموونەیەکە لەو هەڕەشانە و بەربەستانە بۆ نەمانی چالاکیی فەرهەنگی لە زانکۆکان.

هەروەها ئەنجومەنی “ئەندێشە” لە زانکۆی ئازادی سنە هەڵوەشاوەتەوە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گوشار و هەڕەشەی حەراسەتی زانکۆ و دابین نەکردنی پێداویستییەکانیان لە لایەن زانکۆوە.

دەرکردن لە زانکۆ و دوورکردنەوە لە خوێندن، بانگهێشت بۆ ئیتلاعات، بەند کردن و ئەشکەنجە‌کردن، دروست‌کردنی دۆسیەی ئەمنییەتی و دەیان هەڕەشەی تر، بووەتە کۆسپێک لە بەردەم چالاکانی خوێندکاری لە زانکۆکان و هۆی لاواز چوونەپێشی چالاکییەکانیان.

چالاکیی مەدەنی و فەرهەنگی و زانستی، لە زانکۆکەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەمیشە بەشێک بووە لە ئەرکی خوێندکاران و ئەو خوێندکارانەی کە خۆیان لەهەمبەر کۆمەڵگاکەیان بە بەرپرسیار دەزانن.