گروپی هەڵپەڕکێی “ئاگری”ـی مەرگەوەر لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگ کران

0
1385

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری مرۆڤایەتی لە ئورمیە، ئەندامانی گرووپی گەڵپەڕکێی ئاگری ـی مەرگەوەری ئورمیە لە دوای بەشداری کردنیان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزیی ئورمیە، لەلایەن فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کران و بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی یاسایی، هەڕەشەیان لێکراوە.

گرووپی هەڵپەڕکێی ئاگری ـی مەرگەوەری بەشی سیلوانای شاری ئورمیە کە ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵە چالاکییان بەردەوامە، ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە هۆی بەشداری کردنیان لە ڕێورەسمی نەورۆزیی شاری ئورمیە کە لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمە بەشداریان تێدا کردبوو، ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لەلایەن ئیتلاعاتی ئورمیەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەواڵنێری مرۆڤایەتی ڕاگەیاندووە کە فەرمانگەی ئیتلاعات، ئەندامانی ئەو گرووپەی بە لایەنگری و ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم تاوانبار کردووە.

بانگ کرانی ئەندامانی ئە وگرووپە هەڵپەڕکێیە لەلایەن ئیتلاعاتی ئورمیە لە حاڵێکدایە کە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، ڕاگەیێنە و میدیا پان تورکەکان، هەڕەشەیەکی بەرینیان بۆ سەر ئەو گرووپە کوردیە و خەڵکی شاری کوردستانیی ئورمیە دەست پێکردبوو.

گرووپی هەڵپەڕکێی “ئاگری”ـی ئورمیە ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵە بە شێوەیەکی ئاشکرا چالاکی دەکات و لە زۆربەی بۆنە کەلتوورییەکانی ناوچەی مەڕگەوەر و باژێری ئورمیەدا بەشدار بوون.