بینای بنەماڵەیەکی سیاسیی کورد لە سنە لەلایەن ڕژیمەوە ڕووخێندرا.

0
2174

مرۆڤایەتی: هێزە جل شەخسییەکانی ئیتلاعاتی سنە بە هاوکاریی شارەوانیی ئەو شارە و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، هەڵیانکوتایە سەر خانووی باوکی پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە لە شارۆچکەی زیندانی شاری سنە و خانووەکەیان لێ رووخاندوون.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات، ڕۆژی دووشەممە، ١٤ خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، هێزە جل شەخسییەکانی ڕژیم بە هاوکاریی شارەوانیی شاری سنە و بە بێ بوونی مۆڵەتی فەرمی و یاسایی وبەبێ  ئاگادارکردنەوەی پێشووتر، هەڵیانکوتایە سەر بینای “عەلی بەنەفشی” باوکی پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە لە شارۆچکەی زیندانی شاری سنە و پاش ئەزیەت و ئازاری زۆری ئەم بنەماڵەیە دەستیان کردووە بە ڕووخاندنی بیناکەیان.

بەپێی ئەو هەواڵە، هێزەکانی ڕژیم، هاوکات لەگەڵ ڕووخاندنی ئەو بینایە، کۆمەڵێک کەلووپەلی خانووەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

عەلی بەنەفشی ماوەی ٢ ساڵە لەم خانووەدا دەژیت و هەموو بەڵگەیەکی یاسایشی هەیە کە ئەم خانووەی بە وەرگرتنی مۆڵەتی ڕەسمی دروست کردووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کوڕێکی ناوبراو بە ناوی “سمکۆ بەنەفشی” پێشمەرگەی کۆمەڵەیە، تا ئێستا چەند جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە هەڕەشەی لێکراوە کە لە ئەگەری پێوەندی لە گەڵ کوڕەکەی ماڵەکەیان بە سەردا دەڕوخێنن.