دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات لە پیرانشار دەستبەسەر کرا

0
1154

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، دوو هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئتلاعات لە پیرانشار دەستبەسەر کراون.

حەبیب دەستمەردی خەڵکی مهاباد و دانیشتووی پیرانشار و ئاکام خەڵکی شاری مهاباد، ئەو دوو لاوەن کە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون.

ئاکام  کە شۆرەتەکەی نەزاندراوە، ، لەدایک بووی ١٣٦٧ی هەتاوی، کاتژمیر ٩ی بەیانیی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە “مرۆڤایەتی” ڕایگەیاند، حەبیب دەستمەردی بە ئەکاونتی پووشپەڕی مەینەت لە تلێگرام چالاکی کردووە و بە هۆی چالاکییەکانی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: “مەئموورەکانی ئیتلاعات سەرەتا چوونە ماڵی باوکی حەبیب و ناچاریان کردووە شوێنی نیشتەجێ بوونی ئاکامیان نیشان بدات و دواتر دەستبەسەریان کردووە.

تا ئێستا شوێن و دۆخی جەستەیی و دەروونیی ئەو هاووڵاتی کوردە، ناڕوونە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی مرۆڤایەتی، مەئموورەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردنی حەبیب، ئەکاونتی تلێگرام و ژومارە تەلەفوونەکەیان چالاک کردووە و دەیانهەوێ لەو رێگایەوە کەسانێک کە پەیوەندی پێوە بکەن، دەستبەسەر بکەن.

ئەو سەرچاوەیە داوای کرد هیچ کەس بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەو گەنجە کوردەوە نەکات.