ڕنوو لە سنووری ورمێش گیانی کۆڵبەرێکی کوردی ئەستاند

0
1717

مرۆڤایەتی: ڕۆژی سێ‌شەممە ١٢ی ڕێبەندان، لە سنووری نێوان ورمێ و وڵاتی تورکیە دوو کۆڵبەری کورد تووشی هەرەسی بەفر بوون کە یەکێک لەو کۆڵبەرانە گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کۆڵبەری گیانی لەدەست داوە “ڕزگارساکانی فەر” خەڵکی گوندی “پێسان” لە ناوچەی تەرگەوەڕی شاری ورمێ ڕاگەیەنراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: “ڕنوو، سەرما و کرێوەی زۆر، گەڕان و پشکنینی هێزە خەڵکییەکانی بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو کۆڵبەرە لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە و هەتا ئێستا تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە نەدۆزراوتەوە.”

لەو ڕووداوەدا، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی”سەرکار ئەحمەدی” کوڕی سەلیم خەڵکی گوندی “کوران”ی سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆست، لە مردن ڕزگاری بووە.

ئەو کۆڵبەرانە لە گوندی کوران لە ناوچەی سۆما و برادۆستی شاری ورمێ لە نزیک سنووری تورکیە تووشی ڕووداوی سروشتیی هەرەس هێنانی ڕنوو هاتوون.