ئیتلاعاتی پیرانشار، کارتی هاتووچووی سەر سنووری لە مام خدری ٧٠ ساڵان ئەستاندەوە

0
3094

مرۆڤایەتی: مام خدر عەسکەرزادە، ئەو پیرە پیاوە کۆڵبەرەی کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر کۆڵبەران لە بی بی سی، بوو بە هەواڵ و وتەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تا ئێستاش چەندین کەسی خێرخواز ڕایانگەیاندووە، ئامادەن یارمەتیی مام خدر بدەن، لەلایەن ئیتاعاتی پیرانشارەوە، کارتی هاتووچووی سەرسنووری لێ ئەستێندراوەتەوە.

مام خدر تەمەنی ٧٠ ساڵانە و ٥ منداڵی هەیە کە هەموویان کوڕن و ٤یان ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە بەڵام دۆخی ئابوورییان لاوازە و هەر بۆیەش مام خدر کە بە هۆی نەشتەرگەرییەوە لایەکی دەم و چاو و گوپی، کێشەی هەیە و دۆخی ساخڵەمی باش نیە بەڵام بۆ دابین کردنی ژیانی ناچارە کۆڵبەری بکات و لە هەمبەر هەڵگرتنی بارێکی ١٢٠ کیلۆگرەمی تەنیا شەست تا حەفتا هەزار تمەن پارە وەردەگرێ.

مام خدر ١٤ ساڵان لە فەرمانگەی کشت و کاڵ کاری کردووە و دواتر دەرکراوە و بە ناچار ئێستا بەو دۆخە نالەبارەی لەشساغییەوە، ناچارە کۆڵبەری دەکات.

سەرەرای ئەوەش، بەرپرسانی ڕژیم لەجیاتی ئاوڕدانەوە لە ژیانی مام خدر و سپاس کردن لەو کەسانەی کە ئامادەبوون یارمەتی بدەن و تێچووی نەشتەرگەریی مام خدر بدەن، کارتی هاتووچووی سنوورییان لێ ئەستاندۆتەوە.

مام خدر لەمبارەوە گوتوویەتی: “هەنگی سەرسنوور، کارتەکەیان لێ ئەستاندم و گوتیان کە گەڕایەوە دەتدەینەوە بەڵام کە گەڕامەوە گوتیان کارتەکەی لە ئیتلاعاتی پیرانشارە و دەبێ بچی لە ئەوێ وەریبگرییەوە”.

کاتێک مام خدر بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکەی سەردانی ئیتلاعاتی پیرانشار دەکات پێی دەگوترێ کە ئەو کارتەمان داوە بە تۆ تا بچی بار بێنی نەک لەگەڵ بی بی سی وتووێژ بکەی. تۆ ئابڕووی ئێرانت بردووە.

مام خدر دەڵێ منیش لە وڵامدا کوتم، من هیچی خراپم نەگوتووە، ئەو کابرایە دەیویست یارمەتیم بدا منیش کوتم ڕەحمەت لە باوکت. بارەکەی منی ئەوەندە پێ گران بوو کە نەیتوانی بەرزی بکاتەوە. هیچم بە دژی ئێران نەکوتووە، باسم لە ژیان و پیشەی خۆم کردووە. کارێکی نایاساییش ناکەم و کارتی هاتووچووم هەیە.

مام خدر دەڵێ: “بەڵام کارتەکەیان نەدامەوە و گوتیان دەیسووتێنین”.