هاجەر پیری لە زیندانی کرمانەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی تەورێز

0
1967

مرۆڤایەتی: هاجەر پیری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەلكی شاری نەغەدە، کە ماوەی ٩ ساڵە لە زیندانی شاری کرمان لە دەستبەسەریدایە، بە هۆکاری ناروون بۆ زیندانی تەورێز راگوێزرا.

بەپێی راپۆرتی مرۆڤایەتی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی رێکەوتی ٣ی بەفرانبار، هاجەر پیری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە بە دەستبەندەوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژیمی ئێرانەوە لە زیندانی کرمانەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی تەورێز.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاجەر پیری بە توندی ناڕەزایەتیی بە بڕیاری راگواستنی خۆی بۆ زیندانی تەورێز دەربڕیوە و هێزە ئیتلاعاتییەکانیش هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کەلووپەلی شەخسیی لەگەڵ خۆیدا بردووە وهەتا ئێستا لەمەڕ چارەنووسی و گەیشتن بە زیندانی تەورێز هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

هاجەر پیری تەمەن ٣٣ ساڵی ١٣٨٦ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کراو ماوەی ٧ مانگ لە گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیمی ئێراندا لە ورمێ و نەغەدە لەدەستبەسەریدا بوو.

ئەو ژنە چالاکە، سەرئەنجام مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٦ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا حوکمی ١٧ ساڵ زیندانیی تەعزیریی و دوور خرانەوەی بۆ زیندانی کرمانی بۆ بڕایەوە.

ئەو زینداییە سیاسییە کوردە، لە کاتێکدا نۆیەمین ساڵی زیندانی کرانی خۆی تێپەڕ دەکات، کە هەتا ماوەیەک پێش ئیستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ دۆخی ئەو زینداییە سیاسییە لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاو نەکرابوویەوە.

هەنووکە ئەفسانە بایزیدی و سۆهەیلا مینایی دوو زیندانیی دیکەی کورد لە زیندانی کرمان راگیراون و پێدەچێ دوور خستنەوەی ئەو زیندانییە کوردانە لە یەکتر، بە مەبەستی دژوار کردنەوەی دۆخی زیندانی کردنیان ئەنجام درابێت.