لاوێن کەریمی، بەندکراوی سیاسیی کورد، مانی لە خواردن گرتووە/دۆخی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە نالەبارە

0
1052

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری “مرۆڤایەتی”، لاوێن کەریمی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خوێندکاری کارناسیی بەرێوەبەری، لە بەندیخانەی هەمەدان، بە توندی تووشی خوێنڕێژیی مێعدە بووە و بەرپرسانی بەندیخانەش تا ئێستا ڕێگریان لە ڕاگواستنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە گرتووە.

بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسیی کوردە، ماوەی ٢ مانگە بە شوێن وەرگرتنی مۆڵەت بۆ دەرمان کرانی لاوێنن بەڵام تا ئێستاش، دادستانی ئامادە نەبووە ئەو داوایە وەرگرێت.

لاوێن کەریمی، بە هۆی دۆخی نالەباری لەشساغی و خوێنڕێژیی قووڵی مێعدەی، ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، مانگرتن لە خواردنی خۆی ڕاگەیاند و دەشڵێ تا کاتی پێمل نەبوون بە داواکارییەکانی، لەسەر مانگرتنەکەی بەردەوام دەبێ.

هەروەک لە هەواڵەکانی پێشووتری مرۆڤایەتی ـدا هاتبوو، لاوێن لە سەردەمی لێپێچینەوە لێی لە دەستبەسەرگەی سەقز، بە هۆی ئەشکەنجە، تووشی خوێنڕێژیی مێعدە بووە و تا ئێستاش خوێنڕێژییەکەی هەر بەرەو ئاقارێکی نالەبارتردا دەڕوات.

لاوێن کەریمی، ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی 1394ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران لە سەقز، بە تاوانی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران، دەستبسەر کراوە و لە دادگا، سزای ٥ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

سزای داسەپاوی ئەو چالاکە سیاسی و خوێندکارییە کوردە تەمەن ٢٦ ساڵانە، دوای دەنگ هەڵبڕینی پارێزەرەکەی، لە لایەن دادگای پێداچوونەوە، بۆ ٣ ساڵ بەندیخانە و ڕاگوازران بۆ هەمەدان، داشکا.

ناوەندی ڕۆژی کورد و ماڵپەڕی مرۆڤایەتی، پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لە دۆخی لاوێن کەریمی کردووە و باسیان لە ئەشکەنجە و ئازاردرانی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە کردبوو کە بە هۆی ئەو ئەشکەنجە لەڕادەبەدەرە، تووشی خوێنڕێژی مێعدە بووە و لە ئازارێکی لەڕادەبەدەر دایە.

 بەرپرسانی بەندیخانە بە لاوێن ـیان گوتووە کە وەزارەتی ئیتلاعات ئامادە نیە تێچووی دەرمان و پێڕاگەیشتنیی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە بۆ دەرەوەی دابین بکات.

لاوێن کەریمی لە ئێستادا لە بەندیخانەی هەمەدان، ماوەی سزای بەسەرداسەپێندراوی تێدەپەڕێنێت.