ئه‌منێستی سەبارەت بە دۆخی كه‌یوان كه‌ریمی دەرهێنەری کورد نیگەرانی دەربڕی

0
1478

لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئەگەری قامچی لێدان لە کەیوان کەریمی دەرهێنەری کورد نیگەرانی دەربڕی و، خوازیاری ئەوەیە کە لە زووترین کات جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە ڕابگیردرێ.

رۆژی هەینی بەرانبەر بە ١٣ی سەرماوەز، لێبوردنی نێونەتەوەیی  داوای لە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە هەموو توانای خۆیان وەگەڕ بخەن بۆ ڕێگریی کردن لە بەڕێوەچوونی سزای  قامچی لێدان لە کەیوانی کەریمی کە ماوەیەکە لە زیندانی “ئێوین”ی تاران ڕاگیراوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە کەیوان کەریمی دەرهێنەری لاوی سەقزی بە تۆمەتی بانگەشە بە دژی نیزام و بێ‌ڕێزی بە پیرۆزییەکان، ساڵی ڕابردوو  ٦ساڵ زیندان و لێدانی ٢٢٣ قامچی بەسەردا سەپا، کە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

وەک لە هەواڵەکانی پێشتر باس کرا، دووحەوتوو لەمەوپێش کەیوان کەریمی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی سەرلە نوێ بانگهێشتی دادگا کراوە.

ناوبرا بە هۆی سازکردنی فیلمێکی دیکۆمینتی دەسبەسەر و دواتر لە لایەن داداگای ئینقلاب لە شاری تاران تۆمەتی ئەمنییەتی وەپاڵ دەخرێ.

دوابەدوای دەسبەسەرکردنی کەیوان کەریمی لە زیندانی “ئێوین”، دەیان کەس لە دیکۆمنت‌سازەکانی ئێرانی،  بە واژۆ کردنی نامەیەک خوازیاری ڕاگرتنی ئەم حوکمە بوون.

لە لایەکی دیکەش، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سزای قامچی لێدان،  کە رۆژانە لە ئێران بەڕێوەدەچێ بە سزایەکی نامرۆڤانە و، دژ بە یاساکانی نێونەتەوەیی لە قەڵەم دەداو،  داوای کردووە بە گوشار خستن بە سەر کۆماری ئیسلامی ئەو سزایە هەڵوەشێنەوە.

سه‌رچاوه‌: كوردستان و كورد