دادگای سەقز ٤ ساڵ و ٤ مانگ زیندانیی بۆ هاووڵاتییەکی کورد بڕییەوە

0
897

هاووڵاتییەکی کوردی خەلكی شاری سەقز، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلاب(شۆڕش)ی ئەو شارەوە حوکمی زیندانیی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری مرۆڤایەتی، ئێقباڵ زارعی، خەڵکی گوندی “خۆشە دەرە”ی سەربە ناوچەی سەرشیوی سەقز، لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر “شایەق” حوکمی ٤ ساڵ و ٤ مانگ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤٥ ساڵە کوردە، رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژیمی ئێرانەوە لە شاری سەقز، دەستبەسەر و بۆ شوینێکی نادیار راگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە خێزاندار و باوکێ چەند منداڵێکیشە، پێشتریش بە تۆمەتی سیاسی ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێراندا بووە.

لە رۆژانی رابردووشدا، لاویکی دیکەی خەلکی شاری سەقز بەناوی سەیوان عەلیزاده، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە حوکمی ١٨ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.