دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی قوروە بەمەبەستی لەسێدارەدان بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگواستران

0
961

ڕۆژی کورد: دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی قوروە، بەتاوانی مرۆڤکوژی و مادە هۆشبەرەکان، لە بەندیخانەی قوروە، بە مەبەستی لەسێدارەدان، بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان ڕاگواستراون.

محەمەد ڕەسووڵ حەیدەری، خەڵکی قوروە کە بە تاوانی مرۆڤکوژیی بەئانقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و بابەک حەسەن زادە، خەڵکی سەردەشت کە بە تاوانی مادە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بۆ جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژوورە تاکەکەسیی بەندیخانەی قوروە ڕاگواستراون.

بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە کوردە، ڕۆژی ڕابردوو دوایین سەردانیان لەگەڵ ئەنجام داون و پێدەچێ بە زوویی لە سێدارە بدرێن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی ڕاگەیاندووە: “محەممەدڕەسووڵ ٤ ساڵ و ٨ مانگ لەمەوپێش دەستبەسەر کراوە و بابەک ٤ ساڵ بەر لە ئێستا. هەر ٢ کەسیشیان 20 ڕۆژ لەمەوپێش لە بەندیخانەی هەمەدان ـەوە، گواستراونەتەوە بۆ بەندیخانەی قوروە و سەرجەم ماوەی سزاکەیان لە بەندیخانەی هەمەدان تێپەڕاندووە”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی گوتووە: “بابەک لە ڕێگای هەمەدان-قوروە، بە تاوانی هەڵگرتنی 350 گرەم شیشە، دەستبەسەر کراوە”.