تاووتوێ کردنی پرسی کۆڵبەران و کوژرانیان/وتووێژی گەورەژوری ڕاوێژ لەگەڵ ئارام فەتحی

0
1802

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکە لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕایەڵەی تلێگرام کە ڕێکەوتی ٥ و ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لەسەر مژاری “تاووتوێ کردنی پرسی کۆڵبەران و کوژرانیان” کە لەگەڵ بەڕێز ئارام فەتحی، چالاکی مەدەنیی کورد و بە پێشکەشکاریی داوود حەیدەری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: تکایە سەرەتا بە کورتی خۆتان بە ئەندامانی ژووری ڕاوێژ بناسێنن .

ئارام فەتحی
ئارام فەتحی

فەتحی: من ئارام فەتحی، خوێندکاری زانکۆ و دانیشتووی شاری مەریوان، ئێستاش لە خزمەتتان دام بۆ باسەکە.

ڕاوێژ: سەرەتا ئەگەر بۆمان باس بکەن مێژووی کۆڵبەری بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

فەتحی: دیارە من نازانم مەبەست لە پرسیارەکەی جەنابتان، کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بە تەنیا، یان هەر خودی کۆڵبەری وەک ئیشێکی مرۆیی؛ بۆیە لە باسی ئیشی مرۆییدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆیلایەتی (بردەداری) و لەوە پێشتریش؛ بەڵام لە کوردستان لەو کاتەوەی کە شتێک بە ناوی سنوور دروست بووە، کە دیارە ئەم سنوورە دراوسێیەتی ئێراق و

داوود حەیدەری
داوود حەیدەری

تورکیە دەگرێتەوە، کۆڵبەری بوونی هەیە. ئەگەرچی لەوانەیە لە سەرەتاوە وەک ئیشێک نەبووبێ بەڵام دواتر بەهۆی سەختی و دەسکورتیو بۆ وەدەست هێنانی بژیوی ژیان وەک ئیشێکی ناچاری لێهاتووە.

ڕاوێژ: ئەگەر ڕوونتر بپرسم، میژوەکەی لە کوردستاندا بۆ کەی و چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە؟

فەتحی: ڕاستییەکەی من ئاگاداری ئەوە نیم کە ڕێک بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە هەرچەند دوای هاتنی دەوڵەتی نوێ و بە پەرەسەندنی مامەڵەی هاوردە و هەناردەی ئەم سیتسمە نوێیەی دوای سیستمی پاشایەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، کۆڵبەریش وردەوردە دەست پێ دەکات و لە ماوەی نزیک پازدە ساڵی  دواییدا بەتایبەت پەرە دەستێنێت کە ئەوەش دەبینرێت هەتا دۆخی ئابووریی خەڵک ناجێگیرتر و خراپتر بێت زیاتر ئەو ئیشە دەکەوێتە بەرچاو و خۆی دەردەخات.

ڕاوێژ: بە ڕای بەرێزتان دەکرێ کۆڵبەری وەک کارێک بۆ بەدەست هێنانی بژێوی ژیان وەکوو کارێکی ئاسایی چاوی لێبکرێت و پێناسە بکرێت؟

فەتحی: سەرەتا شتێک بە وڵامی پێشووم زیاد بکەم کە پێوەندی بە وڵامی ئەم پرسیارەشەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە کۆڵبەری ئیشێکی حسێب کراو و ڕوون نیە کە بتوانین حسێبی لەسەر بکەین و کاتی بۆ دیاری بکەین تا بزانین دەقیق بو کەی دەگەڕێتەوە. ئەم ئیشە ئیشێکە کە لە ڕووی ناچارییەوە هەڵبژێردراوە و هەروەها ئیشێکی جێگیر و بەردەوامیش نییە، بەڵکوو زۆر کاتی و ماوەدارە. لەوانەیە کۆڵبەرێک بە هەموو ئەو کۆسپ و لەمپەرانەش کە بو ئەم ئیشە هەیەتی لە ماوەی ساڵێکدا تەنیا چەند مانگێک بتوانێ خەریکی کوڵبەری بێت. ناتواندرێ هیچ حسێبێک بەسەر کوڵبەرییەوە بکرێت بۆ بژێویی ژیان. یەکەم لەبەر ئەوەی کە شەوێک هەیە و چەند شەو نییە (وەک خۆیان دەڵێن ڕێگەیان لێ گیرابێ) دووەم لەبەر ئەوەی مەترسییەکانی ژیانی کۆڵبەری لە ئاستێکدان کە گیانی کەسەکان بخەنە گومانی مان و نەمانەوە بۆیە بۆ وەها ئیشێکی لەو جۆرە ناتوانین بڵێین کە کارێکی ئاسایی بێتە ئەژمار.

ڕاوێژ: هۆکارەکان چین کە خەڵکی ڕوو لەم کارە دەکەن لە حاڵێکدا کە دەشزانن ئەو کارە کوشتنی تێدا ، کەم ئەندام بوونی تێدا؟

فەتحی: دیارە دڵنیاین کە هیچ کەس پێی خۆشە نییە بە گوللـەی پاسگایەک بمرێت یان لاقێکی بەسەر شوێنێکی مینڕێژکراودا جێ بمێنێت. ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە کەسێک ئەو ئیشە هەڵدەبژێرێت کە ژیان لە ئاستێکی زۆر خراپدا بێت و هیچ کارێکی دیکەی گیر نەهاتبێ. کەم نین ئەو کەسانەی خاوەنی بنەماڵەن و بەخێوکەریشن، بۆیە ناچارن بنەماڵەیانبژیەنن، بەڵام لەم دۆخەی ئەم کۆمەڵگایەدا کە هیچ کارێک نییە و ڕێژەی بێکاری، ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکات ناچارن بۆ ئەوەی فریای بنەماڵەیان بکەون کارێک هەڵبژێرنکاتێ کە هیچ کارێکی دیکە نەبێت خەڵک ڕوو لە ئەو ئیشانە دەکەن کە ڕوو لە مەترسین ئێستا ئەم مەترسییە چ بۆ خۆیان بێت یان بۆ کۆمەڵگا.لەبەر ئەوەی بێکاری تەنیا بەسەر ڕێژەی کۆڵبەراندا کاریگەریی نییە، بەاکوو بەسەر زۆر بوونی ڕێژەی دزی، لەشفرۆشی، منداڵانی کار و…کاریگەری هەیە کە بێگومان ئاسەوارەکانی دەبینرێ

ڕاوێژ: دەبینین کە ئەم کارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زۆرە، ئایا لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ئەتوانین بڵێین هەر لەو ئاستەی ڕۆژهەڵاتدایە؟

فەتحی: نەخێر! بەدڵنیاییەوە هیچکام لەو بەشانە وەک یەک نین. دیارە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە. ئێستا بۆ وێنە دۆخی ئابووریی خەڵکی حوکمەتی هەرێم لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێران جیاوازی هەیە. وڵاتی ئێران تووشی گەمارۆی ئابووری بووە کە ئەوە کاریگەرییەی زۆری بەسەر ڕێژەی بێکارییەوە بووە.

ڕاوێژ: ک هەروەک ئاماژەتان پێدا ئەم کارە پراوپرە لە مەترسی، باشە ناکرێت کارێکی دیکە هەڵبژێردێت تاکوو چەندین بنەماڵە نەبنە قوربانی؟

فەتحی: وەک ئاماژەم پێدا ئەمە کارێکە کە لە ڕووی ناچارییەوە هەڵبژێردراوە. ئەو کارانە لە ڕووی ناچارییەوە هەڵدەبژێردرێن هەرکامەیان و مەترسیگەلێکیان هەیە.بۆ وێنە لەشفرۆشی یان دزی کردن هەرکام مەترسی خۆی هەیە. دیارە نامهەوێ بڵێم کۆڵبەری لە ڕیزی ئەو ئیشانەدایە بەڵکوو دەمهەوێ بڵێم ئەو خەڵکە ئەیانهەوێ کۆڵبەر بن نەک دز یان فرۆشیاری مادەی هوشبەر. لە کۆڵبەریدا ئەگەرچی مەترسیی زۆرترە بەڵام لەچاو کارە نائاساییەکانی دیکە زۆر ئیشێکی شەرافەتمەندانەیە. ئێمە باشتر وایە بیر لەوە بکەینەوە ئاخوو ڕێژەی بێکاری و نەبوونی دەرفەت و کاری گونجاو لە چ ئاستێکی نزمدا بێت کە بەشێک لەو خەڵکە گیانی خۆیان بۆ بژێویی ژیان و بۆ سەرەتاییترین مافی بوون دابنێن

بە بڕوای من ئەو بنەماڵانە هەر لە سەرەتادا بوونەتە قوربانی؛ تەنیا بە بوونی کۆڵبەرێک لە ماڵەکەیاندا مەرگەکە دوا دەخرێت. پێویستە ئەوەش بڵێم کە بە کوشتنی هەرکام لەو کەسانەی وەک کۆڵبەر ئیش دەکەن یانی بنەماڵەیەکی ڕووت و برسی بە کۆمەڵکا زیاد دەبێت کە دواتر ئاسەوارەکانی یەخەی خودی ئەو کۆمەڵگایە دەکرێتەوە

ڕاوێژ: پێشتر ئاماژەت پێکرد کە گەمارۆکانی سەر ئێران کاریگەری هەبووە بۆ زیاد بوونی کۆڵبەری، ئایا خوودی دەوڵەت هیچ خەتایەکی دیکەی نیە؟

فەتحی: بێگومان نەبوونی بەرنامەی دروست و پێویست بە دۆخی کۆمەڵگا، بێ کارگەری نییە لەم باسەدا. ئەوەی کە زۆرینەی ڕێژەی خەڵکی ئێران گەنج بە ئەژمار دێن و هێزی کارن، بەڵام کارێک بوونی نییە. ئێستا تەنانەت زۆرینەی ئەوانش کە خوێندنی باڵا تەواو دەکەن لە کۆتاییدا نە ئیشی پێوەندیدار بە زانستەکەی خۆیانیان دەست دەکەوێت نە ئیشێکی ئاسایی دیکەش. یانی نەبوونی بەرنامەی گونجاو گرفتی سەرەکییە

ڕاوێژ: ئایا هیچ ئامارێکی فەرمی هەیە کە بزانرێت لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا چەند کەس بوونەتە قوربانی لەم کارەدا؟

فەتحی: نەخێر بەداخەوە لەو بارەیەوە ئامارێک لەبەردەستدا نییە. ئەو کەسانەی دەبنە قوربانی دوو دەستەن: ئەوانەی دەکوزرێن و ئەوانەی کەمەندام دەبن. کوڵبەری لە ئێران وەک ئیشێکی قاچاخ سەیر دەکرێ و بەئەژمار دێت بۆیە ڕێژەی قوربانیان ڕوون نییە و بە شپرزەیی ماوەتە

ڕاوێژ: تا ئەو جێگەی ئاگادارین و دەبینین کە لە ڕەوتی کاری کۆڵبەریدا منداڵی زۆر لەو کارەدان ئایا ڕێکخراوەکانی تایبەت بە منداڵان هیچ هەولێستێکیان نواندووە لەو بارەوە

فەتحی: بەڵێ بەداخەوە ڕێژەی بەشداریی منداڵان لەو ئیشەدا زۆرە و بەرچاو.دیارە نالەباری دۆخیی ئابووریی بنەماڵەکان وەهای کردووە کە ئەگەر پێشتر یەک کەس کاری دەکرد بۆ هەموو بنەماڵە و هەموو بنەماڵەی دەژیاند، ئێستا ژیانی ئابووریی زۆربەی کۆمەڵگا ئەوەندە خراپە کە دەبێ زۆرینەی ئەندامانی بنەماڵە خەریکی کار بن کە ئەوە منداڵانیش دەگرێتەوە.تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەداخەوە ڕێکخراوەیەکی جدی بوونی نییە کە پێداگری لەسەر خواستی منداڵان و دنیای منداڵان(بەتایبەت کاری کۆڵبەری) بکات. ئەگەریش ببێت ئەوە تەنیا لە ئاستی هەڵوێستێکدا وەک دەرکردنی بەیاننامە یان شتێکی لەو چەشنە قەتیس مابێتەوە. باقی چالاکییەکانی دیکە تاکەکەسی بوون.

ڕاوێژ: ڕاستە و هەموو کەس بە باشی ئاگادارە کە ئەم کارە کارێکی نایاساییە لەچاو حکومەتەوە، بۆچی تا ئێستا کۆڵبەرەکان هەوڵیان نەداوە سەندیکایەک تایبەت بە خۆیان دانێن؟

فەتحی: ڕەنگە هەوڵ بۆ پێکهێنانی سەندیکای تایبەت درابێ و هەوڵەکە سەری نەگرتبێ یان ڕێگەی پێ نەدرابێ. هەرچەن من لەو باوەرەدام کە دانانی سەندیکا خۆی لە خویدا ئەگەرچی ئەرێنی دیارە بەڵام گرفتێک چارەسەر ناکات؛ لەبەر ئەوەی کاتێک کۆڵبەری وەک ئیشێکی نایاسایی دەرکەوتووە و لە ڕووی یاساییەوە شکاندنی سنوور بە بێ مۆڵەت ئیتر ئەچێتە بازنەی یاساشکێنی. وەک گوتم دانانی سەندیکا وەها ئاڵوگۆڕێک پێک نایەنێت کە دڵخۆشەر بێ بۆ باشتر کردنی ژیانی کۆڵبەران؛ هەر بەو شێوەیەی دانانی سەندیکای کرێکارانیش ڕۆڵێکی وەهای نەگێڕاوە کە دەبوا بیگێڕێ لەبەر ئەوەی ڕۆژ دوای ڕۆژ جۆری چالاکییەکان دەکۆردرێ و ئەو کارانە(چالاکییانە) ـش پێویستیان بە وەرگرتنی مۆڵەت هەیه

ڕاوێژ: بگەڕێینەوە پرسیاری پێشتر، بینیومانە ئەو منداڵانەی کە کۆڵبەرن لەهەمان کاتدا خوێندکاریشن، بە بۆچوونی جەنابت تا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەر خوێندنەکەیان دادەنێت؟

فەتحی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە زۆر کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی خوێندنی ئەو منداڵانە دادەنێت.ئەگەر چاوێک بە ڕێژەی قوتابییانی بەشدار بوو لە خوێندن بکەن و ڕێژەی ئەو قوتابییانەش کە دەس لە خوێندن هەڵدەگرن کە دیارە زۆرینە بەهۆی نەبوونی بەشی ماڵی و ئابوورییەوە واز لە خوێندن دەهێنن. ئێستا ئەو منداڵانەش کە خەریکی کۆڵبەری و هەروەها قوتابیشن جیا لەوەی کە لەو ئیشەدا زۆرێک خوو ڕو ڕەوشتی نادروست و نالەبار فێر دەبن،دوای ماوەیەک واز لە خوێندنیش دەهێنن.زۆرینەی ئەو منداڵانە هیچکات ناکەنە پلەی خوێندنی باڵا و پێش ئەوەی بچنە زانکۆ و وانەی سەرتر بخوێنن دەستی لێ هەڵدەگرن(ئەگەرچی ئێستا خوێندکارانیش هەندێکیان بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و تێچووی زۆری خوێندن بە ناچار کۆڵبەری دەکەن)

ڕاوێژ: بەرپرسانی ڕژیم دەڵێن لە ساڵی 1394 بەدواوە هیچ کۆڵبەرێک نەکوژراوە، بەڵام ئامارەکان دەڵێن تەنیا لە مانگی ڕابردوودا چوار کەس کوژراون، بەڕای ئێوە ئەو نکوڵی لێ کردنە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

فەتحی: ڕەنگە ئەو پێناسەیەی کە ئەوان ئیشێ “کۆڵبەری” پێ شرۆڤە دەکەن جیاواز بێت لەگەڵ ئەو پێناسەیەی کە لە کومەڵگا و لە نێو خەڵکدا لە “کوڵبەری” هەیە. هەر بەو شێوەیەی کاتێک ڕێژەی بێکاری حساب دەکەن بەپێی ئەو پێناسەیەی کە خۆیان بۆ کەسی خاوەن کاریان هەیە باسی دەکەن. هەرچەن ڕوون و ئاشکرایە کە بە نکۆڵی کردن و کۆرینی پێناسە شتێک لە گرفتەکە ناگۆڕدرێ و ناششاردرێتەوە. دەبێ بەرپرسان بەجێی پاک کردنەوەی ڕووی کێشە و پرسیارەکە،  ڕێگەچارەی گونجاو بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار دابنێن و کوشتنی کۆڵبەران قەدەغە بکەن.

ڕاوێژ: بڕیار بوو لە بانە هەڵمەتێک بۆ مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەران بەڕێوەبچێ بەڵام نەکرا. بێدەنگیی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگای کوردستان لە هەمبەر ئەو پرسە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

فەتحی: هۆکاری بەڕێوەنەچوونی ئەو هەڵمەتە نازانم. بەڵام وەهاش نییە کە یەکسەر چین و توێژەکان بێدەنگ بووبن؛ هەر لە شاری مەریوان چەندین جار خەڵک  هەڵوێستیان نواندووە و تەنانەت داوای وڵامیان لە بەرپرسان کردووە. بەڵام هەوڵەکان بەردەوام نەبوون یان ڕەنگە تەنیا لە خودی ئەو شارانەی کە سنوورین و ئیشەکەیان تێدا دەکرێت قەتیس مابێتەوە، کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکانی دیکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو قەیرانەدا بەرەوڕوو نین، بۆیە هەستیان بە گرنگیی  ئەو هەڵوێستەی کە دەبوا بە نسبەت ئەو گرفتەوە بیانبێ هەست پێ نەکردووە. ئەوەش حاشا هەڵنەگرە کە چینی سەرەوەی کۆمەڵگا و تەنانەت بەشێک لەچینی ناوەندیش(وەک مامۆستایان و کارمەندانی دەوڵەتی) لەبەر ئەوەی دۆخی ژیانی خۆیان ئاساییە و دوور بوون لەو ئازار و مەترسییانەی کە کۆڵبەران تووشی دەبن، گرنگایەتییەک بەو گرفتە نادەن و گوێی خۆیانیان لێ کەڕ کردووە

ڕاوێژ: بینیمان کە ماوەیەک لەوە پێش ڕژیم کوژرانی چەند کۆڵبەری لە سنووری باژێری ورمێ خستە ئەستۆی حیزبە کوردییەکان، بە بۆچوونی بەرێزت ئایا ئەمە تا چەند جێگەی باوەرە و چ کاریگەری هەیە؟

فەتحی: دیارە من ئاگاداری ئەوە نیم کە کێ ئەو کارەی کردووە. تەنیا ئەوەندە دەزانم کە کوشتنی کۆڵبەران کە لە ڕووی ناچارییەوە ئەو ئیشەیان هەڵبژاردووە کارێکی نامرۆڤانەیە و مەحکوومە. شکاندنی سنوور بۆ بژێویی ژیان لە وڵاتێک کە ڕێژەی بێکارییەکی زۆری هەیە و دەرفەتی کار نەماوە ناتوانێ تاوانی کوشتن بێ. بێگومان هەر کەس و لایەنێک کە کۆڵبەر دەکوزێ ناتوانی دڵخوش بێ بەوەی خۆشەویستی و متمانەی لە نێو خەڵکدا بمێنێت ئێستا ئەو لایەنە چ وەک حوکمەتێک بێت یان وەک حزبێک

ڕاوێژ: ئایا بە بۆچوونی بەرێزت حیزبە کوردییەکان تا چ ڕادەیەک ئەتوانن وەک پشتیوان یان پارێزەر بن بۆ کۆڵبەران لە بەرامبەر ڕژیمدا؟

فەتحی: من بڕوام وا نییە حیزبێک بتوانێ پارێزەری کۆڵبەر بێت. ئەو گرفتە وەک گرفتەکانی دیکەی کۆمەڵگایە کە دەبیندرێ و دەبێ لەلایەن بەرپرسانەوە هەوڵی بۆ بدرێ و بەرنامەی بۆ دابڕێژرێ (وەک ڕەخساندنی هەلی کار بەشێوەی یەکسان بۆ هەموو چین و توێژەکان).هەرچەند نکۆڵی لەوە ناکرێ کە هەندێ جار دەبێ کێشەکان زەق بکرێنەوە و بەو شێوەیە کارێک بکرێ کە بەرپرسان نەتوانن خۆیان لە چارەسەرکردنی گرفتەکە لابدەن

ڕاوێژ: بگەڕێنەوە بۆ پێشتر، ئایا تەنیا نارەزایەتی دەربڕین لە شارەکانی وەک بانە و مەریوان بەسە بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەران یان شارەکانی دیکەش پێویستە ببنە پشتیوان؟

فەتحی: بێگومان کاتێک گرفتێک لە کۆمەڵگا بوونی هەیە، دەبێ هەموو کۆمەڵگا لە فکری لەناوبردنی گرفتەکەدا بن و هەوڵی بۆ بدەن. ئامانج لە ناڕەزایەتی دەربڕین ئەوەیە کە دەنگەکە بگات بە بەرپرسان و ببێتە نوقتە فشارێک

ڕاوێژ: مەبەستم ئەوە بوو کە حیزبەکان تا چەند دەتوانن پێش لە کوژرانیان بگرن؟

فەتحی: ئەبێ سەرەتا بزانین کە چۆن دەیانهەوێ پێش لە کوژرانیان بگرن تاکوو بزانین دەتوانن یان نە

ڕاوێژ: بەرێز فەتحی ئێستا حیزبەکان لە سنوورەکاندا بوونیان هەیە مەبەست لەکاتی پەرینەوە لە سنوورەکەیە؟

فەتحی: من وا دەزانم دەبێ بەرپرسان بگەن بەو قەناعەتە کە کۆڵبەران تاوانیان کوشتن نییە.جا ئەوەی کە لە چ ڕێگایەکەوە دەگەن نازانم. پێویستە دۆخی کۆڵبەران ئاوڕی جدی لێ بدرێتەوە، بەتایبەت لە لایەن چالاکان و ڕێکخراوەکانی نێوخۆی ئێران

ڕاوێژ: وەک دوایین پرسیاری بەرنامە ، بۆچوونی جەنابت سەبارە بەم پرسە چیە؟

فەتحی:  بەبڕوای من پرسی کۆڵبەران، ئاوڕی جددی لێ نەدراوەتەوە و بەو شێوەیەی کە شیاوە نەبووەتە جێی باس و خواسی هەموو چین و توێژی کۆمەڵگا و چالاکانی مەدەنی