ڕوانسەر: کەوتنە خوارەوەی ئاسانسۆر لە یەکەی نیشتەجێ بوونی مێهر، مەرگی منداڵێکی ٣ ساڵانی لێکەوتەوە

0
925

مرۆڤایەتی: کاتژمێر ۱۲:۳۰ نیوەڕی ڕۆژی چوارشەممە 5ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی، کچێکی تەمەن ٣ ساڵانی خەڵکی شاری ڕوانسەر بەناوی ئاوا عەلیزادە لە یەکێک لە بیناکانی نیشتەجێ بوونی مێهر بە هۆی کەوتنەخوارەوەی ئاسانسۆر، لە جێوە گیانی لەدەست دا.

ئەو منداڵە ٣ ساڵانە لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ و بە هۆی کەوتنە خوارەوەی ئاسانسۆر، دەست و لاقی لە ناو دەرگای ئاسانسۆرەکە گیری کردووە و بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەست داوە.

بەپێی وتەی دانیشتوانی ئەو بنکەی نیشتەجێ بوونە، ئەوە سێهەمین جارە کە ئەو ئاسانسۆرە تووشی ئەو کێشەیە بووە بەڵام بەختەوەرانە پێشتر هیچ کەس تووشی خەسار نەبووە.

تەرمی ئەو منداڵە کوردەی ڕوانسەر، دوای دەرهێنانەوە لە ئاسانسۆر، ڕاگواستراوە بۆ پزشکی یاسایی و پزشکی یاساییش پشتڕاستی کردۆتەوە کە مردنی ئەو منداڵە بە هۆی ناستانداردبوونی ئاسانسۆرەکە بووە.

پزشکیی یاسایی گوتوویەتی: “ئەو منداڵە لە نێوان دیواری بیناکە و کابینی ئاسانسۆرەکەدا ماوەتەوە و ئاسانسۆرکە وەکار کەوتووە و ئەو کچەی لەگەڵ خۆی بۆ خوارەوە ڕاکێشاوە و بەو هۆیە شێلاوێتی و لە ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ ده‌ست داوه‌”.

گەڵاڵەی نیشتەجێ بوونی “مێهر” لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی مەحموود ئەحمەدی نەژاد و لە ژێر ناوی بەخاوەن ماڵ کردنی خەڵک هاتە ئاراوە بەڵام هەر لە سەرەتاوە گەڵاڵەکە بە فرت و فێڵ چۆ پێش و درەنگ خانووەکان ڕادەست کران و چەند قات پووڵ وەرگیرا و ئێستاش ڕۆژ بە ڕۆژ زیانی ماڵی و گیانیان لێدەکەوێتەوە. هەرچەند ئەو بیانایانە لە قەراغ شارەکان هەڵکەوتوون بەڵام لە هەمان کاتدا کەرستەی ناستانداردیان تێدا بەکارهاتووە و ئەوەش گیان و ژیانی هاووڵاتیانی خستۆتە مەترسییەوە.