مەترسیی لەسێدارەدانی سابیر شێخ عەبدووڵا، زیندانیی سیاسیی کورد لە ئارا دایە

0
1381

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە “مرۆڤایەتی”، بەندکراوی سیاسیی کورد، بەمەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەکەی، گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و ئەگەری لەسێدارەدانی بە زوویی لە ئارادایە”.

سابیر شێخ عەبدووڵا، هاونیشتمانیی کوردی خەڵکی باژێڕی مهاباد، لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا خوێندکاری نیوساڵی کۆتایی بواری ئاماری ماستەری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران بووە.

ئەو بەندکراوە سیاسی کوردە، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەممەی 1392ی هەتاوی وێڕای دیاکۆ ڕەسووڵزادە و حوسێن عوسمانی لە باژێڕی مهاباد و بەتاوانی بۆمب نانەوە لە ڕێکەوتی 31ی خەرمانانی 1389ی هەتاوی لە مهاباد هاتبۆ ئاراوە  لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە.

موحسێن دانش، چالاکی سیاسیی کورد و هاوڕێی نزیکی سابیر شێخ عەبدووڵا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆمرۆڤایەتی گوتی: “سابیر کەسێک بوو کە هیچ تاوانی سیاسی نەبوو بەڵام کەسێکی دژ بە ئایین بوو و لەوبارەوە زۆر مشتومڕی دەدا، دواتر کە گیرا لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بە ناڕەوا، بۆمب نانەوە لە مهاباد و هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە ـیان خستە پاڵ و ئەو تاوانە هیچ بنەمایەکی نیە و دوورە لە ڕاستی”.

پێشتریش باوکی سابیر لە لێدوانێک بۆ کانوونی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان گوتبووی: “کوڕەکەم کەسێکی ئارامە و لە خوێن بێزارە و هیچ کات چالاکیی سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نەبووە و بەپێچەوانەی ئیدعای ڕژیم هیچ کات سەردانی هەرێمی کوردستانی نەکردووە”.