هاونیشتمانییەکی کورد، سزای18 مانگ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپا

0
940

مرۆڤایەتی: عەلی سورخی، چالاکی سیاسیی کورد، لە لایەن دادگای شۆڕشی مهاباد، سزای 18 مانگ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپا.

عەلی سورخی، چالاکی سیاسیی کورد و خەڵکی باژێڕی بۆکان، ڕێکەوتی 10ی پووشپەڕی 1395ی هەتاوی، لە باژێڕی بۆکان، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی ئەو باژێڕەوە دەستبەسەر کرا.

دادگای مهاباد بە تاوانی “لایەنگریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم”، سزای یەک ساڵ و شەش مانگ، زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپاندووە.

برای ئەو زیندانییە کوردە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، بە “مرۆڤایەتی” گوت: ڕۆژی چوارشەممە 7ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی، دوای دەربازبوونی ماوەی دوو مانگ دەستبەسەربوون و چارەنووسی ناڕوونی، لقی 1ی دادگای شۆڕشی مهاباد، ماوەی 18 مانگ، زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپاندووە و ئێستا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانەکەی، بۆ بۆکان ڕاگواستراوە”.

پێشتر ناوەندی ڕۆژی کورد، هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو هاونیشتمانییە کوردەی بڵاو کردبۆوە. عەلی سورخی کوڕی محەممەد، تەمەن 22 ساڵان و خەڵکی بۆکان ـە و ڕێکەوتی 10ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزە جل شەخسییەکانی ئیتلاعاتی بۆکان، لە ناو ماڵی خۆیدا لە گوندی کۆسە، دەستبەسەر کرابوو.