گەنجێکی 19 ساڵانی کورد 94 ڕۆژ، بێ تاوان لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە

0
1101

گەنجێکی کوردی 19 ساڵانی خەڵکی باژێڕی بۆکان، ماوەی 94 ڕۆژ، بێ ئەوەی تاوانێکی هەبێ لەژێر بێ بەزەییانەترین و دڕندانەترین ئەشکەنجەکاندا بووە.

مرۆڤایەتی: گەنجێکی کوردی 19 ساڵانی خەڵکی باژێڕی بۆکان بە ناوی “سامڕان ڕەزایی”، کوڕی سلێمان، ماوەی 94 ڕۆژی تەواو لە ژێر دڕندانەترین و هۆڤانەترین ئەشكەنجەکانی ئیتلاعاتی بۆکان دابووە.

کەسێکی نزیک لە سامڕان، بە هەواڵنێری “مرۆڤایەتی” ڕاگەیاند: “سامڕان ڕەزایی، کاتژمێر 7ی سەر لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 31ی جۆزەردانی 1395ی هەتاوی، لە لایەن 2 کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی بکان و لە شوێنی کارەکەی، دەستبەسەر کرا و زیاتر لە 3 مانگی ڕەبەق، بێ ئەوەی کە هێچ تاوانێکی دیاریکراوی هەبێ، لە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دابووە و ڕێکەوتی 3ی ڕەزبەری ئەمساڵ ئازاد کراوە بەڵام لە دۆخێکی یەکجار نالەبار دایە”.

سەرچاوەکەی مرۆڤایەتی هەروەها گوتیشێ: “سامڕان، تراشکارە و خەریکی کار و ژیانی خۆیەتی، ئیتلاعات پێیان گوتووە کە لە کاتی سەردانە کورت خایەنەکەی بۆ کوردستانی باشوور، لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران، چاوپێکەوتنی هەبووە، بەڵام سامڕان دەڵێ ئەوە درۆیەکی زەقی هەڵپێچراوە و ئیتلاعاتی بۆکانیش هیچ بەڵگەیەکی لەمبارەوە نیە بەڵام بەو حاڵەشەوە 94 ڕۆژ، سامڕان لە ژێر هەموو جۆرە ئەشکەنجەگەلێکی دڕندانەدا بووە و ویستوویانە دان پێدانانی زۆرەملی لێ وەرگرن و لە ئەنجامدا ناچار بەو دۆخە ئاڵۆز و نالەبارەیەوە ئازادیان کردووە”.

ئێستا بە هۆی ئەو دۆخە نالەبارە جەستەیی و دەروونییەوە کە سامڕان تێیدایە، بنەماڵەکەی، ماوەی 3 ڕۆژە خەریکی دەرمان و تیمارکردنی ناوبراون، بەو هۆیەشەوە سکاڵایەکیان لە تاران تۆمار کردووە بەڵام لە جیاتی پێڕاگەیشتن و وڵام دانەوە، ڕۆژی سێ شەممە 6ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی، ئیتلاعاتی بۆکان، باوکی سامڕانیان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردووە کە ئەگەر بێت و وەدوا سکاڵا بکەوی، کوڕەکەت دەگەڕێنینەوە ئەو شوێنەی وا 94 ڕٶژ تێیدا بووە.