لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا، ٤ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون

0
1016

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە “مرۆڤایەتی”، هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی باژێڕی بۆکان بە ناوی “عەلی نەسیری”، کوڕی حەسەن، تەمەن 31 ساڵان، ڕێکەوتی 28ی خەرمانانی ئەمساڵ لە بەندیخانەی ئورمیە لە سێدارە دراوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری مرۆڤایەتی، “عەلی نەسیری”، مانگی بەفرانباری 1394ی هەتاوی و بەتاوانی هەڵگرتنی 400 گرەم مادەی هۆشبەری شیشە و کراک، دەستبەسەر کراوە و ڕێکەوتی 28ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی لە بەندیخانەی ناوەندیی باژێڕی ئورمیە لە سێدارە دراوە و دواتر تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

هەروەها بەیانیی ڕۆژی شەممە، 3ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی، سێ زیندانیی کوردی خەڵکی سەردەشت بە تاوانی مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز، لە سێدارە دران.

هەواڵدەریی “ماف نیوز”، شوناسی ئەو سێ هاووڵاتیە کوردەی “سەلاح قادریان، عەبدوولکەریم باپیری و مەهدی مەلایی” ڕاگەیاندووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، خەڵکی باژێڕی سەردەشت بوون.

هاوکات لەگەڵ ئەو سێ هاونیشتمانییە کوردە، کەسێکی ئازەری بە ناوی “عەلی مەهتابی پووریش” لە هەمان ڕۆژ لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز لە سێدارە دراوە.

ئەو ٤ کەسە ساڵی 1392ی هەتاوی و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا و بە تاوانی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ئاستی ئێراندا، دەستبەسەر و دواتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.

لە هەمان کاتدا،٦ زیندانیی تر بە ناوەکانی “ئەمیرعەلی مەدەدنەژاد، حوسێن مەهالی، عەلیڕەزا جەعفەری، عەلی حوسێنی پوور، محەممەد زەحمەتکێش و سەعید عەتایی”ـش سزای سێدارەکەیان یەکجارەکی بووە و ئەگەری جێ بەجێ کرانی لە ماوەیەکی نزیکدا هەیە.