لاوێکی بانەیی لە لایەن ئیتلاعاتی ئەو باژێڕەوە دەستبەسەر کرا

0
1093

شەپۆلی دەستبەسەرکردنی گەنجانی کورد لە لایەن ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپاوە بەردەوامە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا 11 کەس لە بانە، بۆکان و سەردەشت، دەستبەسەر کراون.

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە “مرۆڤایەتی”، گەنجێکی کوردی بانەیی بە ناوی زانیار یان ڕزگار مەحموودی، تەمەن 32 ساڵان و خەڵکی باژێڕی بانە، ماوەی دوو حەوتوو لەمەوبەر لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی بانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاونێشتمانییە دەستبەسەر کراوە بە مرۆڤایەتی گوت: “ڕزگار مەحموودی، خێزاندارە و منداڵێکیشی هەیە، ڕۆژی 14ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی لە ماڵی براکەی لە بانە لە لایەن ٣ کەس لە مەئموورە جل شەخسییەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات و بێ بوونی مۆڵەتی دادوەری، دەستبەسەر کراوە”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتیشی: “هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ڕزگاردا، تا ڕادەیەکی زۆر لێیان دا و بێ ڕێزییان پێکرد و هەڕەشەیان لە براکەشی کردووە کە دەستبەسەری دەکەن”.

لە دوای دەستبەسەرکردنی ڕزگار، هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان بردۆتە ماڵی ئەو گەنجە کوردە و بەتەواوی ماڵەکەی گەڕاون و پشکنیویانە و کامپیوتێری ناوبراو و هەندێ نووسراوەی ئەو هاونیشتمانییەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا ئێستا هیچ ئاگاداری و زانیارییەک لەمەڕ دۆخی ناوبراو، شوێنی ڕاگیران و هۆکاری دەستبەسەر کرانی لەبەر دەستدا نیە.