دوو گەنجی کوردی شاری سەقز، پێکەوە لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، دەستبەسەر کران.
مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری مرۆڤایەتی لە شاری سەقز، کاتژمێر ١٠ی شەو چوارشەممە 24ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، گەنجێکی ئەو شارە بە ناوی سەلاح کاکه میرزا، کوڕی ڕەحیم و تەمەن ۲۱ساڵان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەقز، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.
هەر هەمان شەو، گەنجێکی تری سەقزی بەناوی ئالان عەلیپوور کوڕی تەها و تەمەن ۲۳ساڵان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.
ئەو دوو گەنجە کوردەی شاری سەقز، لە ناو ماڵی ئالان و لە لایەن ٤ کەسی سەر بە فەرمانگەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەر کراون.
کەسێکی ئاگادار لەمبارەوە بە “مرۆڤایەتی” ڕاگەیاند: “مەئموورەکان بە تەواوی ماڵی ئالان ـیان پشکنیوە و زۆریشیان لە سەلاح داوە و ئازار و کوتانێکی زۆری بەرکەوتووە”.
بەپێی زانیارییەکان چەند ڕۆژ بەر لەو دەستبەسەرکردنە، سەلاح لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەر و دواتر ئازاد کرابوو.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەرکران، شوێنی ڕاگیران و دۆخی جەستەیی و دەروونیی ئەو دوو لاوە کوردە لەبەردەستدا نیە.