تەقینەوەی مین سێ مێرمنداڵی کردە قوربانی

0
968

مرۆڤایەتی: بەپێی هەواڵی  ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕیکەوتی ١٦ی خەرمانان، سێ مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵە لە بەخشی هەورامانی شاری سەوڵاوا، بە هۆی تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵە بریندار بوون.

هەواڵدەریی ئیرنا شوناسی یەکێک لەو مێرمنداڵانەی بە ناوی “محەممەد ئیبراهیمی” ڕاگەیاندووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوە، محەممەد بە هۆی سەختیی برینەکەی، لاقی ڕاستی لە دەست داوە و دوو مێرمنداڵەکەی دیکەش ئاستی بریندار بوونیان کەمترە.

ئەو مێرمنداڵە هەنووکە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە کراوە.

بەشێک لە زەوییەکانی ئەو ناوچەیە بەهۆی شەڕی ئێران و عێراق ئالوودەی مین بووە و هەر ساڵە بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینەبەجێماوانە، هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دەبنە قوربانی.

هەرلەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە گوندی چەکۆ سەر بە شاری سەردەشت، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵە بە ناوی “محەممەد ئەلیاسی”، لە چۆمی “زێ” بە هۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا و هەروەها منداڵیکی تەمەن ١٠ ساڵە بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بووە.

زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە پارێزگاکانی ئیلام، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و خووزستان بوونی هەیە و زیاتر لە دوو هەزار و ٢٠٠ هێکتار زەویش لە ئوستانە کوردنشینەکان بە مین ئاڵوودە کراون.