مرۆڤ لە ”زمان”ـدا دەژی

0
98

ساماڵ ئەحمەدی

کۆمەڵگەی کوردەواری و زمانی کوردی لە دواین ساڵەکانی سەدەی بیستەم و لە بەرەگەی سەدەی بیست و یەکەمدا، تازە هەلی ئەوەی بۆ ڕەخسا، کە لە بەشێکی نیشتمانەکەیدا پشوویەکی بێتەوە بەرخۆی و شان وەبەر کۆمەڵێک بواری خۆپێگەیاندن بدات. لە لایەنی ئاوەدانکردنەوەی بوارە ماددییەکانی ماڵەکەیدا پێشکەوتنەکانی دیارن، بەڵام ئاخۆ ئەو پێشکەوتنە ماددییانە ـــ هەرچەندی بەرفرەوانیش بن ـــ هەر لە جێدا بەسمانن، یان دەبێ لە بیری داڕشتنەوە و نوێژەنکردنەوەی بنەما فکری و کلتوورییەکانیشماندا بین. بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم باسەدا بە ناچارەکی دەمانخاتە بەردەم ڕەوتە تیژتێپەڕە نوێباوە جەهانییەکان و، لەبەر ئەوەشی کە لەوەتای بووە، هەتاکو ئێستاش گەورەترین هەڵڵای نێو مێشکی مرۆڤ هەر زمان بووە و، چوونە نێو هەر بابەتێکی نوێباوەوە پێویستی بە زمانی تایبەت بە خۆی هەیە، بە بۆچوونی من نەک هەر پەڕۆیەک، بگرە دەبێ هەرچیمان پێکرا لەو بوارەی دادڕین.

یەکێک لەو کارە هەرە گرینگانەی کە دەتوانێت ببێ بە کەرەستەی دۆزینەوەی بنەچەک و دابینکردنی پێوانەی داڕشتنی ئەو زمانەی کورد پێویستییەتی بۆ چوونە نێو دنیای بابەتە نوێباوە ناچارەکییەکانەوە، کۆکردنەوە و تۆمارکردن و ڕێکخستنی ئەدەبی زارەکیی کوردە لە چێوەی فەرهەنگێکی گەورەی زارەکیی کوردیدا. هەرچەند لە سەردەمی ماڵبەکۆڵیشدا، کەسانێکی دڵسۆز، هێندێک کاریان لەو بوارەدا کردووە، بەڵام ئێستا کە هیچ نەبێ دەستمان بە دەممان ڕادەگات و ماڵیشمان هەیە شەوانە تێیدا وەحەسێین، بۆچی نێوەندیكی کلتووری دانەمەزرێنین کە دەستی لە گیرفانی خوێدا بێت و لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و لە نێو هەموو زاراوەکانی زمانی کوردیدا، کەسانێک ڕاسپێرێت بۆ کۆکردنەوە و تۆمارکردنی ئەو سامانە مەزنەی کە هەر ئێستاش زوو نییە و ئەگەر وەدرەنگتریش بکەوێت، لەوانەیە بەشی هەرە زۆریمان لەدەست دەربچێت.

ئەفلاتوون گوتوویەتی: ”مرۆڤ بەردەوام گیرۆدەی شەرح و لێکدانەوەیە.” واتە بەردەوام دەیەوێت دەستی بە شتێک ڕابگات کە پێویستە، بەڵام تاکو ڕادەی نامومکین دژوارە. ئەو ”شەرح و لێکدانەوە”یەی کە مرۆڤ عەوداڵییەتی هەر بە کەرەستەی زمان دەردەبڕدرێت و، مانای وایە کە مرۆڤ لە زماندا دەژی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌