محەمەد ناهید

0
628

ساڵی ١٣١٨ هەتاوی هاتوومەدونیا باوکم لەبنەماڵەی ناهید لەهۆزی گەورەی فه‌یزوڵابه‌گین و خاڵۆانی باوکم له بنەماڵەی بەناوبانگی ئەردەڵانەکانی ناوچەی سنە و خاڵۆانیشم له تایفەی بێته‌ر‌‌ەفه‌کانی سنەن. ساڵی١٣٤٠ی هەتاوی زانستگای نیزامیم له تاران ته‌واوکرد هاتمه ڕێزی ئەرتەش و لەتاران مامەوه و بەهۆی خزمایەتی و دۆستایەتی که لەگەڵ دوکتۆر هاشمی شیرازیدا هەمبوو، هاتوچۆی ماڵیانمدەکرد و هەرلەوێ زۆرجار بەخزمەت ژێنڕاڵ ئێحسان نووریپاشا(هەڵۆی ئارارات) ده‌گه‌یشتم که بەزانایی و ڕاوێژی شیرینی خۆی، درگای دونیایەکی نوێی بۆ ئاواڵەکردم، هەتا ڕۆژێک فسۆسێکی کوردی هاوشاریم بەمچاوپێکه‌وتنانەی زانی و بوو به هۆی هه‌ڵداشتنم له تارانەوه بۆ شاری خۆی و پاش پێنج ساڵ گەڕامەوه تاران.
خزمایەتیێکی دوورم لەگەڵ مامۆستا موحەممەدی قازی نووسەر و وەرگێڕی بەناوبانگ هه‌بوو، پاش دیدارێک بەهۆی زانینی گۆرانی و تارژەندنەوه ئەو هەلەم بۆ ڕەخسا کە زۆر به‌ساناهی ڕێگەم بکەوێته کۆڕ و مەجلیسی شەوانەی ئەدیب و شاعیر و نووسەر و هونه‌روه‌رانی به توانای ئەو کاته که له‌گەڵ مامۆستا قازی و دوکتۆر شیرازیدا دەورە میوانیان هەبوو، وەک: بەڕێزان و مامۆستایان (جەلیل و موحسین) جافرزاده و ناسر مستەوفی و ناسرموحسنی و زیایی و عەلی سەیفی قازی و (سەیفوڵا و نەسروڵا) تاهیری و زۆر له شاعیران و نووسەرانی فارس زمان….و سێ ساڵ لەکۆڕی شەوانەیاندا بەشداریم کرد که باندۆرێکی گرینگی لەسەر ژیانم دانا، ئەوەیش منەتباری مۆسیقام دەنا ئەفسەرێکی لاو لەکوێ و کۆڕی وەها لەکوێ؟ بۆجاری دووهەم بەڕاپۆرتی هەر ئەو سیخوڕه سەبارەت بەکۆڕی شەوانەمان، هەمدیسان هه‌ڵیانداشتمەوه بۆ شاری خۆی و له تاران دووریان خستمەوه، و هەتا دوو ساڵ پاش سەرکەوتنی شۆڕِشی گەلانی ئێران لە پارێزگای ئازربایجان مامەوە،ساڵی١٣٥٨ پلەی سەرگوردیم وەرگرت و بووم بە بەرپرسی تەداروکاتی مەراغه‌و بناو و بریکاری تەداروکاتی ئەرتەش بۆ دابەشکردنی بەرهەمەکانی فابریکای قەندی میاندواو به‌سەر هەموو فرۆشگاکانی تەداروکاتی ئێراندا، لەو سەروبەندەدا تەداروکاتی مەهاباد تاڵانکرا و سەرهەنگ (ف) دۆستی لەمێژینەم، ببوو به بەرپرسی گشتیی ته‌داروکاتی ئێران و به تەلەفون پێی ڕاگەیاندم که بچم بۆ مەهاباد و فرۆشگای تەداروکاتی مەهاباد دامەرزێنمەوه که لەبواری به‌رژەوەندی کادێری عەسکەری و بنەماڵەی کارکەنارەکان و تەنانەت له بواری بەرژەوەندی ئابووری شارەکەدابوو. سەربەستیێکی ته‌واوی پێدام که لەگەڵ هەرکەس و هەر بەرپرسێک لە حیزبەکاندا که به پێویستم زانی دانیشم و گفتوگۆ بکەم. لە پایزی ساڵی ١٣٥٨دا چوومه مەهاباد و لەگەڵ دۆستێکمدا چووم بۆ ماڵی شێخ عێزەدین حوسەینی، خەبەریان پێدا بوو که ئه‌فسەرێکی ئێرانی هاتووه و کوردیشه، لەهەمان کاتدا که‌سانێکی زۆر له ڕۆژنامەوانان وهه‌واڵنێرانی ژن وپیاوی ئێرانی و بیانی میوانی بوون، بۆ ماوەیێک بەجێی هێشتبوون، گۆچان به‌دەست و به شەلین و دەنگی نووساوەوه پێشوازی لێکردم و بەئەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوه ڕه‌سمی مێوانداری بەجێ هێنا و له پەنای خۆی داینام، پاش چاک وچۆنی و ته‌عارفات عه‌رزمکرد فرۆشگاتان تاڵانکردووه و ئێستایش من لەلایەن ئەرتەشی جمهووریی ئیسلامی ئێرانەوه هاتووم دایمه‌زرێنمه‌وه، ڕای ئێوه چیه؟ وەڵامی داویەوه که من نازانم، ڕەحمان ده‌زانێ (مەبەستی دوکتۆر رەحمانی قاسملوو بوو) ئادرێس و شوێنی دوکتۆرم لێپرسی فەرمووی من نازانم خۆت دەبێ پەیدای بکەی. چەند ڕۆژ له مەهاباد سەرگەردانی پەیداکردنی شوێنی دوکتۆر قاسملوو بووم، هەتا له تەنگی ئێوارەیێکدا نەناسراوێک دەستی هەڵێنا و بەر سەیارەکەی گرتم و گوتی مەگەر لەماڵی کاک محەمەدی ماملێ بانگهێشت نەکراوی؟ گوتم بەڵێ چەند ڕۆژێکه پیان گوتووم و بیرمکردەوه بۆی هەیه کاک محەمەد بزانێ و ڕێنموونیم بکا، ئەوەبوو ده‌مووده‌ست ڕووم‌کرده ماڵی به‌ڕێز ماملێ، لە دەرکی ماڵیان قەرەباڵغێکی سەیربوو سەیارەی جۆراوجۆر، پێشمەرگه بە ڕواڵەتی جیاواز و چەکی جۆربەجۆرەوه له هاتوچۆدابوون (پاشان بۆم دەرکەوت هەرکام سەر به حیزبێکی جیاواز بوون). لەوەدا نەناسراوێک هاته پێشەوه و ناوی‌هێنام و باسکی گرتم و بردمیه قاتی سەرەوه، له دوو یان سێ ژوور تێپەڕبووین و له سووچێکی لای سەرووەوه داینام، لەگەڵ چەند کەسی ئاشنا چاکوچۆنیم کرد بەڵام هەر ئه‌وکه‌سه تێگەیشت که من کەسی پاڵدەستم نەناسیوه، هات و چپاندی به گوێمدا: ((ئەوەی پەنا دەستت هەر ئەو کەسەیه که لیدەگەری، پرسیم قوربان بمبووره لەکوێ به‌خزمەتتان گه‌یشتووم؟ فەرموویان: (بە من دەڵین قاسملوو).گوتم: لەزیارەتتان خۆشحاڵم چەند ڕۆژه حه‌ولدەدەم بەخزمەتتانبگەم، فەرموویان: بەلێ خەبەرم هه‌یه. کاتێ دووبەدوو لەژوورێکدا دانیشتین دەستمکرد به شرۆڤەکردنی ڕاسپاردەکه: (( بەڵێ ئێستا که فرۆشگاتان تاڵان‌کردووه…)) دەستێکی هێنایه پێشەوه و فەرموویان فەرمایشتەکەت لەبیر نەچێ بەڵام ئێمه تاڵانمان نەکردووه و بۆ سه‌لماندنیشی بەڵگەمان هەیه پاشان دەیخەمەڕوو، ئەیتر تۆمه‌تبارکردن شیاو نەبوو، منیش بەم جۆره ڕەستەکەم گۆڕی: ((فرۆشگای تەداروکات تاڵانکراوه و منیش لەلایەن ئه‌رته‌شەوه هاتووم دایمه‌زرێنمەوه، ڕای ئێوه چیه؟ ))زەردەیکی کەوته سەرلێو زانیم سەبارەت به‌گۆڕینی ڕەستەکەیه و وەها هه‌ستیکردووه گۆڕینی ڕەستەکه به‌واتای پەژراندنی مەبەستەکەیشه، لەوەڵامدا فەرموویان ئێمه‌یش زۆرمان پێخۆشه و هه‌رکارێکیشتان هەبێ درێغیمان نیه و دەزانین بۆ گەشەکردنی ئابووری ناوچەکەیش باندۆرێکی زۆر باشی هەیه، بەڵام ئێمەیش قسه و ڕاسپاردەمان هەیه چاوەڕوانین وەک ئەفسه‌رێکی دەروەست، به ئەرتەشی جمهووری ئیسلامی ئێرانی ڕابگەینی. ئەویش ئەوەیه : پاش چەند کاتژمێر که خەڵک فرۆشگایان تاڵانکردبوو دوو ترێلی برنج که لە تارانەوه بۆ فرۆشگای مەهاباد به‌ڕێکرابوون گەیشتبوونه مەهاباد و شۆفیڕەکان بێخەبەر له‌هەموو ڕووداوێک لە بەر دەرکی فرۆشگا ترێلیەکانیان ڕاگرتبوو، منیش که ئاگادارکرام دەستوورمدا دوو پێشمه‌رگه لەپاڵدەستی شۆفیڕەکاندا سواری ترێلیەکان بن و بۆ ئەوەی خەڵک تاڵانیان نەکەن له شەقامەکاندا بیانگێڕن هەتا کارگەر پەیدا دەکەن، پاش بەتاڵکردنی ترێلیەکان و هه‌مارکردنی٤٤ تۆن برنج بارنامەکان مۆر و واژۆکران و درانه‌وه دەست شۆفیڕەکان و به‌ڕێکرانەوه بۆ تاران و تا ئێستایش چاودێریمان لەو برنجه کردووه، ئه‌گه‌ر ئێمه تاڵانکەر بووایتین خۆ ئەو برنجه زۆر زیاتربوو لە کاڵای تاڵانکراو، ئەوەیش کلیلی هه‌ماری٤٤تۆن برنج پێشکەش بە تۆ که نوێنەری دامەزراندنەوەی فرۆشگای مەهابادی و خۆشحاڵین به پیرۆزیەوه ئەرکی ڕاسپاردەیەکەت جێبەجێ بکەی و هیوادارین (حوسنی نەزەری) ئێمەیش ئەو جۆره که هەیه ڕابگەینی، به‌ڵێنم ‌پێدا و بە دەستدانەوه (تەوقه)یک خاتیمەمان به گفتوگۆی سه‌رکه‌وتووانەی هەردوو لایەن هێنا و گه‌ڕاینەوه ناو کۆڕی میوانەکان کە زۆربەیان بۆمن نه‌ناسراو بوون و کاک ڕەشید فەیزنیژاد بە کەمان و گۆرانی کۆڕەکەی ڕازاندبووەوه، تارەکەی منیش وەکوو هەمیشه لەناو سەیارەکەمدابوو هاتەگۆڕی و مەجلس گۆردڕا و بوو به کۆڕی مۆسیقا و لەبیرمه گۆرانیکم گوت بەناوی (سێوێ) و زۆرم پێسەیربوو که دوکتۆر داخوازی دووپاتکردنەوەی هەرئەو گۆرانیەی لێکردم و پاشان بۆیان گێڕامەوه لەچەند شوێن گوتبووی هەرکات ئەو گۆرانیه دەبیسم لەوانەیه خۆم لە پەنجەرەوه هەڵدێرم، پاش چەندین ساڵ بۆم دەرکەوت هۆی ئەو خۆهه‌ڵداشتنه شێعری گۆرانیەکە بووه نەک دەنگی گۆرانیبێژ و من به هەڵکه‌وت ئه‌وگۆرانیه‌م گوت و بوو به سەرسووڕمانی چەندین ساڵەی خۆیشم. شەو ڕاشکابووکه بۆ نووستن وه‌ده‌ر کەوتم و سبەینێ زوو کادێرەکانی تەداروکاتم کۆکردەوه و بەرپرس و جێگر و حیسابدار و هه‌ماردار و فیش‌ نووسەکان و فرۆشیارەکانم دیاریکرد و به تەلەفون لەگەڵ ته‌داروکاتی مەراغەدا پێوەندیم گرت و دەستوورم به جێگرەکەمدا جگه لەبرنج، کاڵا وکەلوپه‌لی پێویست بۆ فرۆشتنی مانگێک بەلەز له ته‌داروکاتی مەراغەوه بنێرێ بۆ مەهاباد و به فابریکای قەندی میاندواویش ده‌ستووربدا دەسبەجێ دوو ترێلی قەند و شەکر بۆ مەهاباد بەڕێبکەن. له‌ئاکامدا بەهیمەت وکارامه‌ی و دڵسۆزی کادێرەکانی هاوکارم پاش دوو ڕۆژ جەماوەری کڕیار لەکاتژمێری هەشتی بەیانیدا له فرۆشگای مەهاباد بەڕیز ڕاوه‌ستابوون بۆکڕینی کەلوپەلی پێویست، لەکاتژمێری نۆدا به تەلەفون به سه‌رهه‌نگ(ف) م ڕاگەیاند که فرۆشگا کاتژمێرێکه ده‌ستیکردووه بەفرۆش، پیوابوو سەرم لەشتێک کەوتووه و مێشکم شڵەقاوه یان وڕاوە دەکەم بەتایبەت کاتێک لە وەرگرتنەوەی٤٤ تۆن برنج ئاگاداربوو سەری سووڕما، پاشان منیش‌ گوزارشتێکی چەند لاپەڕەیم لەهەموو بابەتێکەوه نووسی و به‌گوێرەی بەڵێنێ که به دوکتۆر قاسملووم دابوو بەڕێمکرد بۆ ڕێخراوەی باڵادەست له تاران، پاش ماوەیک سه‌رهه‌نگ( ف) که ئاکامی کاره‌کەی منی بەدڵبوو به تەلەیفون پیڕاگەیاندم هەموو به‌رپرسایەتیەکانم به کەسانێکی دیاریکراو بسپێرم و خۆم تەنیا فرۆشگای مەهاباد بەڕێوه بەرم که کارێکی زۆر ئاسان بوو بەڵام جارێک تاڵانکرابوو لەو بارودۆخەدا ئەگەری ئەوەیش هه‌رمابوو که جارێکی دیکەش تاڵان بکرێتەوه وئەگەر شتی وەها ڕووی بدایت بۆی هەبوو ببمه بەر سووچی هەندێ نەیاران و ئەوەیش له تاقەتی مندا نەبوو، ئه‌وەبوو لێبڕام کارکەنار بم….
ئێستا پاش ٣٥ساڵ کارکەناری له‌خەرمانی بەرباگەڕی تەمەنم ٧٧ عەیاره پێوراوه وهێندەی نەماوه شیاوی ئه‌وەبێ هووشەی بۆبکەم یان له ڕاستی لابدەم خەریکی نووسینی بەسەرهاتی پڕله کەندوکۆسپی خۆمم، ٤٢ساڵی ته‌مەنم تەرخانکرد بۆ نووسینی وشەدانێ که وشەکانی لەبیرچووی فەرهەنگی هەنبانەبۆرینەی مامۆستا هەژاری مەزنی گرتووەته بەرخۆ و ئێستا ١٤٣٥ لاپەڕەیه و له چوار ڕەنگ و له دوو به‌رگدا ئامادەی چاپه.بەڵام پاش چاپ بوونی وشەدانی یەک به‌رگی ناهید له٧٢٦ لاپەڕەدا،کەسێ له گۆڤاری مەهاباد دا نووسیبووی که‎گوایه فەرهەنگی ناهید هەر فه‌رهه‌نگۆکەکەی ئەوبەڕێزه‌یه، (ئەگەر هەر بەو سایزه چاپ بکرایت دەوروبەری ٢٥٠ لاپەڕه ده‌بوو). ئەگەری ئەوه هه‌بوو خۆهەڵکێشان و خۆنواندنێک بێت، لە لایکی دیکەوه ڕادەی تێگه‌یشتنی جه‌ماوەری ڕۆشنبیرم زۆر لەوه پێ‌زیاتره که من شتێکی وەها ڕوونیان بۆ شی بکەمەوه، ئەوە بوو هێند پێم بێبایه‌خ بوو کە ‌به شیاوی وه‌ڵامدانەوەم نەزانی، هەتا چەند مانگ لەمەوپێش ڕەنگه لەتاو سزای یاسا هانای بردەبەر هه‌ندێ له‌دۆستان و ناچارما له ژمارەی ١٦٦ی هەرئەو گۆڤارەدا داوای لێبووردن بکا و منیش لی خۆش بووم و دۆسیەی شکایەتەکەم له دادگا ڕاگرت، لەژیانمدا حەزم به ئەزیەت و ئازاری کەس نه‌کردووه و ته‌نانەت لەسەر ئەو بڕوایەم که سه‌رکەوتنم له ئیشی عەسکەریشدا هەر ئەو هه‌ستی دڵسۆزیە بووه که سه‌باره‌ت به هاوکارەکانی ژێر به‌رپرسایه‌تیم هەمبووه و هەرگیز کادێرێکی تاوانباری ژێر دەستم نەسپاردووه به مەقامی باڵادەستم بۆ سزاکردنی، خۆم بەگوێرەی تاوانەکەی سزامکردووه و پاش ماوه‌یکیش دڵنەوایم کردووه، له‌وڕا ئێستایش زۆربه‌یان خۆشەویستی خۆیان دەنوێنن و پێوەندی و دۆستایەتیان نەپساندووه وچه‌شنی زۆربه‌ی شاگرده بەوەفا و ئه‌مه‌کناسه‌کانی شێوه‌کاری و مۆسیقام ئەگەرچی ئەوڕۆ زۆربەیان ئوستادی منن فه‌رامۆشیان نەکردووم.بەداخەوه دوای ماوەیک خەبەرم پێ‌گەیشت هەرئەوکەسه لەشوێنێ گوتبووی گوایا لەبەر خاتری دڵی من داوای لێبوردن و بەخششی کردووه بەقەولی فارسەکان (عاقڵان دەزانن) و هیوادارم خەبەرەکه هەڵه بووبێ و له‌وه زیاترخۆی لەبەرچاوی جەماوەر نەخستبێ.هێشتا جەوهەری داوای لێبووردنی ئەو کەسه وشک نەببووەوه که بەڕێزێکیتر بیره‌وەریەکانی مامەم (عه‌بدوڵاخانی ناهیدی) وەرگێڕابووە سه‌رزمانی کوردی و لەوێدا فەرموو بووی ڕەنگه ئەو فەرهەنگه مامەی نووسیبێتی، ئەگەر وه‌هابووایه زیاتر جی شانازیم دەبوو بەڵام هەروا که خۆی هیمای پێکردووه، مامم فه‌رهه‌نگه‌کەی خۆی له دووساڵدا نووسیوە، هه‌میسان(وشەی فەرهەنگی هەنبانەبۆرینه + وشەدانی ناهید) سه‌رجەم زیاتر له سه‎د هەزار وشەیه و له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا نانووسرێ و نووسینی تەنیا ئەو وشەدانەی من که ١٤٣٥ لاپه‌ڕه‌یه ٤٢ساڵی خایاندووه ، له‌مه‌ودوایش نازانم چەند خاوەنی تری بۆ پەیدا دەبی که دژ بە قسەکانی هه‌ردووکیان ڕاده‌وەستن و به ‌نووسراوەی خۆیان یان که‌سانێکی دیکەی ده‌زانن ، لەبەرئەوه بایەخ بەوقسانه نادەم، واباشتره ئه‌وکه‌سانه کێشەی خۆیان لەگەڵ خۆیاندا ببڕنەوه که کامیان ڕاستتر ناکەن هه‌تاوه‌کوو وەڵام دانه‌وە بەم کارەساته ئاسانتر ببێتەوه. جیی خۆیەتی بڕوانینه وشه‌ی ماسی جه‌نگی هه‌رلەم نامیلکەیەدا. هیوادارم له نووسینی بەسەرهاتی خۆمدا ڕوونی بکەمەوه که ئەم بەزم و ڕەزمه (که تەشبیهاتی نەبێ دەمخاتەوه یادی شانۆی بیبی جان خانم) کەچۆناو چۆن ده‌گەڕا ؟..
سپاس بۆخودا له ئاست دۆستایەتیدا مووم نەپساند و بەرهەڵستیم لەئاست خۆبەزلزانانی نەگونجاودا هەڵویستێکی تاڵتر له‌چاوەڕوانی بوو، شانازی بەوەدەکەم که بۆ بڕینی داهات و نانی که‌س هەرگیز کەڵکم له دەسەڵاتی شۆلیم و‌ه‌رنه‌گرت‌ و به‌درێژای تەمەنم فسۆسیم بۆ هیچکەس و هیچ ڕێخراوێک نەکرد، حەوجێم نەبردەبەرکەس، به‌مه‌عاشی کارکه‌ناری(خانەنشینی)ی سێ یه‌ک کەمکراوەکەمەوه سازام و کەمایەسییەکانی پێداویستی ژیانم به نیگارگەری و دروستکردنی که‌ره‌ستەی مۆسیقا و ئه‌کتەری سینما و پاچڤه‌کردن و نووسینی کتێب دابین‎کرد و هەرگیز کاری مۆسیقا و گۆرانیبێژی و ئاهه‌نگسازیم نه‌خسته‌ بەر باندۆری داخواز و فرمان و پاره و شتی‌تر، هه‌رچیکم‌ له‌وبوارەداکرد بۆ دڵی خۆم و کۆڕی دۆستانم بوو. کاری پڕکردنەوەی شریت و کاری مۆسیقایشم له ڕادیو و ته‌له‌ویزیۆندا هەر لەسەر ئه‌و حیسابە دانا که بەگشتی بۆ جه‌ماوەری کوردی خۆشەویست دەبێ.

محەمەد ناهید                               Mihemed Nahid

 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت