“میدیای نەخۆش و کۆمەڵگای قەیران”/جەلیل ئازادیخواز

0
1121
جەلیل ئازادیخواز
جەلیل ئازادیخواز

جەلیل ئازادیخوز

میدیا بە هەموو فۆرم وجۆرەکانیەوە ، بە هەر بوار و ڕووبەرێکی کارکردنیانەوە ، لە هەر ئاراستە و ڕەوتێکا کە هەیانە،  ئاماژەن بۆ بوونی کۆمەڵگایەکی شارستانی و دەربازبوو لە ئەقڵی خێڵ و کولتووری نەریتی و دەمارگیری عەشایریی . میدیا بەرئەنجامی گؤرانێکی هەراوی جیهان و ژینگە و ئەقڵی مرۆڤ و بەگشتی بوونی زانیاری و شکانی کاستەکانی زانیاری وبەرهەمی شۆڕشەکانی پیشەسازی و ڕۆنیسانس و رۆشنگەری و گوتارە مرۆڤ چەقەکانی سەردمی مۆدێڕنن . هاوڕێ لەگەڵ هەموو گؤڕانەکانی ، چەمکەکانی دیکەی ژیان و گەشەی تەکنەلۆژیاو  هەڵکشان و ئازاد بوونی زۆرتر و زۆرتری ئەقڵی مرۆڤ،   میدیایش وەک بەشێک لە ئەم ڕووبەر و ڕەهەندانەی ژیان و کۆمەڵ کەوتووەتە بەر گؤڕان و گەشەی شیاو. ئەم ڕەوتە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ ئەم واقیعە کە میدیا بەگشتی و لەکۆی خۆیدا[نەک بەشیوەیەکی تایبەت] میکانیزمی پێگەو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی کراوەیە کە دەخوازێ لە ریگایەوە کۆی بەهاو پرێنسیپەکانی خۆی ، هاوڕێ لەگەڵ دەستەبەرکردنی دابەشبوونی زانیاری و مانا سازیدا هەناویی بکاتەوە . کۆمەڵگایەکی شارستانی کە بەهاکانی هاوسۆزی نیشتمانیی و ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارێتیەکانی تاک و کۆی خۆی بکاتە کولتوور.

بەم ئاماژە و پێناسە ، دەزانین میدکار دەبێت لە وشیارترین تاکەکانی کۆمەڵ بێت و هەموو بەهاکانی سەرەوە و پایزگاریکردن لە ماڤی ، هاوشارێتی وسازادانی زەینەیەتی هاوبەشی نیشتمانیی و سۆزداری نەتەوەیی و بەهەندگرتنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی باڵای گەڵ ، زۆرجاران ئەرکی پەروەردە و مانا بەخشی بە هاووڵاتی بوون و ئاشتی و بەرپرسارێتی تاک و کۆ دەکەونە ئەستۆی . جیهانی نوێ، جیهانێ کە مەکۆی کاری میدیایە  . جیهانێکە لە گوتارەکانی قەبیلە و ووردە کولتوور و دەمارگیریی ناوچەیی و هەتا ئیدئۆلۆژیکیش تێپەڕیووە . لە سەر ڕێرەوی سەروەری یاسا وبەهاکانی ماڤی مرۆڤ و هاو وڵاتی و هاو شاری بوون،وە لە سەر وهەموویانەوە مرۆڤ و مرۆڤ بوون کاردەکات و کولتورسازی  و واتاسازی و مانا بەخسیەکانی خۆی ئەنجام دەدات .

لەهیچکوێی ئەم جیهانە بەرینەی ئەمڕۆماندا، هیج میدیایەکی گشتی نابینی کە بە سەروەت و سامانی نیشتمانیی و نەتەوەیی دامەزرابێت، کار لەسەر تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی و ئاشتی کۆمەلایەتی بکات . هیچ میدیایەکی وا نابینیت کە گیانی ناوچەگەری و ووردە کولتورسازی  وبنکوڵکردنی کولتووری گشتی نیشتمانی بکاتە ئەرکی خۆی . ناشیرینکردنی نیشتمان و بنکوڵکردنی گیانی نیشتمانخوازی و سڕینەوەی خەبات ، بۆئازادی و ڕزگاری و دادوەریی کۆمەڵایەتی لە کارەسەرەکیەکانی بن .[تەنانەت میدیا تایبەتەکانی دەستەو تاقم و گروپ و لایەنە سیاسیەکانیش لە جیهانی ئەمڕۆدا ناتوانن شتی وا بکەن ] کۆمەڵگا قەیراناویەکانی دنیا مۆدیڕن لەڕیگای میدیاو کاری کارناسانەو پیشەی میدیاو  میدیاکارانەوە،  زۆر بە جدی و راشکاوییەوە کار لەسەر خەسار و قەیرانەکانیان و هۆکارەکانی قەیارنەکان دەکەت ، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاشتی کۆمەڵایەتی  و سۆزداری نیشتمانی و بەرژەوەدنی باڵای گەل و ماڤەکانی مرۆڤ و مانەوە لە چوارچێوەی یاسادا ، هەموو ئەمانە ئەنجامدەدات و داویەتی . دەوڵەت بەکۆی پێکهاتەی خۆیەوە ، یادەسەڵات بە هەرسێ بەشی ، یاسادانن و جێبەجێکردن دادوەرییەوە هەمیشە مەکۆی خوێندنەوە و  ڕەخنە بوون  و دەبێت ببن . بەرپرسی هەموو خەسار وقەیرانێکەو هیچ پاساوێک نییە بۆ قبوڵنەکردنی ئەم بەرپرساریەتی و خەسارانە ، وە ک ئەوە کە دەتوانی ئاخێزگەی خۆشگوزەرانی و دەستەبەر کردنی ئاشتی و ئاسایش بێت. هەتا داڕووخان و داماڵێنی دەسەڵات لە هەموو تواناو  دەسەڵات و فەرمانڕەوایەکانی خۆی، پاساونییە بۆناشیرین کردنی نیشتمان و هەڕاجکردنی سەروەریەکانی نەتەوەو نیشتمان .دایارە ئەم پرۆسە بۆهەموو حیزب و پێکهاتەو  دیاردەیەکی دیکەش هەروایە . فرەڕەنگی و فرەدەنگی و فرەچەشنی ، دۆخی گەشەی میدیاو ئەقڵی مۆدێڕن و گەشەی هاوسۆزی وئازادییە. هەرهەوڵێکی سەپینەرانە بەهەرناو بەهانە و حیکایەتێکەوە لە رووبەری گشتی ژیانی کۆمەڵگادابۆ سەپاندنی گوتاری ئیدلۆژیەک هێزێکی سیاسی ، قیزەون و ناشیرینترین هەوڵە . ئەوەی ئەمڕۆ میدیا زەبەڵاحەکانی کوردیی لەکۆی خۆیاندا دەیکەت ، لەڕادەبەدەر ناشیرین قیزەون ، ناوچەگەرایانەو کۆنەپەرستانەو هەڕاجکردنی نیشتمان و بەهابەرزەکانی ئازادیی و دادەریی و هاوسۆزیی نیشتمانییە. میدیای کوردی زۆر بەئاشکرا ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی نیشتمانی و هاوسۆزی و مرۆڤ و یاسا و فرەڕەهەندی وفرەچەشنی هەتک  دەکات. مرۆڤی کورد بەرەو لێکترازان و خۆبەدەستەوەدان و لێک هەڵوەشانەوەدەبات .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت