محەممەدساڵح بەدرخان: کودتای تورکیە بە هیچ شێوەیەک شانۆگەری نەبوو

0
162

خوێنەری هێژا

بابەتی بەردەستت، وتووێژی گەورەماڵی ڕاوێژە لە ڕایەڵەی تلێگرام کە لەسەر مژاری “شرۆڤەی کودتای تورکیە و دۆخی کوردستانی باکوور“، ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی بە میواندارێتیی بەڕێز محەممەدساڵح بەردرخان، بەرپرسی بەشی کوردیی  ناوەندی باس نووچە لە کوردستانی باکوور و بە پێشکەشکاریی خاتوو ژوان عینایەتی، ئەندامی دەستەی ەبڕێوەبەریی گەورەماڵی ڕاوێژ ئەنجام دراوە.

بەڕێز ڕەحیم قەدروون چالاکی سیاسی و ئەندامی دەستەی ەبڕێوەبەریی گەورەماڵی ڕاوێژ، ئەرکی وەرگێڕانی ئەم وتووێژەی لە کرمانجیەوە بۆ سۆرانی، لە ئەستۆ بووە.

ڕاوێژ: دوای شکستی کودتای ١٦ی جولای لە تورکیا، شەپۆلێکی فراوانی بنچاڤ کرن و دەست بەسەر کردن دەستی پێ کردووە، ئێستا دۆخی تورکیا چۆنە؟

بەدرخان: بەڵێ لە دوای شکستی کودتاکە، تورکیا بەرەو پرسێکی نوێ دەچێت، دیار نیە بە کام ئاراستەدا دەڕوا، پرسێکی زۆر گرینگە کە کەس نازانێ تورکیا بۆ کوێ دەچێت، ڕاستە کودتا شکستی هێنا بەڵام خەریکە کودتایەکی سیڤیلی سیاسی دەست پێدەکا، ئەوە ماوەی ١٥ ساڵە تورکیا لە ژێردەستی سەرۆک کۆماری تورکیا و ئاکپارتی دایە، ئەوان دوای ئەو کودتایە دەیانهەوێ دووبارە دەوڵەت ساز بکەنەوە و زۆر دام و دەزگای فەرمی بوروکراسیی تورکیا داخراون و کادرانی دەوڵەت دەستبەسەر کراون و ئەوەش مەترسی ئەوەی چێ کردووە کە کودتایەکی سیڤیل یا بڵێین کودتایەکی سیاسی سیڤیل لە تورکیا سەرهەڵدەدا و کەس دڵنیایی لە داهاتووی خۆی نیە، دۆخی دارایی تورکیا تێکچووە، سەدا چلی داهاتی تورکیا لە سەر گەشت و گوزار بوو و دوای ئەو قەیرانانە ئیدی تووریست نایەنە تورکیا، نە توریستی ڕووسی و نە ئوروپایی و بە تایبەت ئاڵمانی لە دوای کودتا و ئەو تەقینەوانە کە ڕوویدا لە ئیستانبوڵ و ئانکارا نایەنە تورکیا و ئێستا دۆخی دارایی تەواو تێکچووە، پرسێکی تر لە بواری کۆمەڵایەتیە، ئێستا کۆمەڵگا و خەڵکی تورکیا زۆر دەترسن، لەبەر ئەوەی لە زۆر شوێن تەقینەوە ڕوودەدا، لە زۆر شوێن کە لەشکەر و ئەڕتەشی تورکیا دێتەدەر لە بنکەکانیان، پۆلیس پێشیان پێدەگرن و هەندێ جار پێکدادان ڕوودەدا و مەترسی و هەڕەشەی ئەو پێکدادانانە دەکەوێتە سەر خەڵکی مەدەنی، لە بواری دەروونیەوە، کۆمەڵگا ڕەوشێکی باشی نیە، تا ئێستا نزیک بە ١٨ هەزار کەس لە کارمەند و کادرانی دەوڵەت گیراون، هەندێک دەڵێن ١٢ هەزار ئەڕتەشی و ١٠ هەزار کارمەند گیراون، خەڵک لە داهاتووی خۆی دڵنیا نیە و نازانێ چ ڕوودەدا. زۆر کارناسی سیاسی و ئەو کەسانەی تایبەت لە سەر دۆخی تورکیا کار دەکەن دەڵێن دۆخی تورکیا بەرەو سووریایەکی تر دەچێت ئەو ئەگەرە یەکجار نیزیکە، بە تایبەت کە پەکەکە دۆخی شەڕ و پێکدادان زیاتر و چڕتر بکات دەکرێ دۆخی تورکیاش وەکوو سووریای لێ بێت.

ڕاوێژ : ئەگەر ئابووری تورکیا لەوە زیاتر تێکبچێ، تورکیا بەرە و تێکچوونی ڕەوشی ناوخۆ دەچێ؟ ئابووری چەندە کاریگەری لە سەر ڕەوشی تورکیا هەیە و لە سەر پێگەی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە؟

بەدرخان: ئەگەر ڕەوشی ئابووری لەوە زیاتر تێکبچێ، تورکیا دەتوانێ لە بانکی جیهانی قەرز وەربگرێ، گومانێکی تێدانیە کە کاریگەری لە ناوچەش دروست دەبێ، چوون تورکیە لە بواری ستراتیژیک و ئەمنی و جوغرافی و ژیۆپۆلیتیکەوە لە جێیەکی گرینگ دایە، ئەگەر ڕەوشی ئابووریی تورکیا زیاتر تێکبچێ کێشە بۆ باشووری کوردستانیش دروست دەبێ، لەبەر ئەوەی تێکەڵاوییی ئابوورییان پێکەوە یەکجار زۆرە، ئێستا باشوور دۆستێکی هەرە نزیک و پشتیوانێکی سەرەکی تورکیایەو هاوپەیمانی هەرە نزیک و سەرەکیەکانی باشوورن، تورکیا لەگەڵ یونان و ئەرمەنستان و ئێران کێشەی هەیە، ئەردۆغان هەرچەند داوای لێبوردنیش لە ڕووسیا بکا بەڵام کێشەکان چارەسەر نەبوون و هەر بەردەوامن، عێراق و سوریا دەزانن کە لەلایەن تارانەوە بەڕێوەدەچن و بڕیاراتیان لە دەستی تاران دایە. شیرکەتە گەورەکانی جیهان لە بەر ئەوەی داهاتوویەکی گەش و ئەرخەیان لە تورکیا نابینن سەرمایەگوزاری لەو وڵاتە ناکەن، بازاڕەکانی جیهان خاڵە ئابوورییەکانی تورکیایان داخست، هەرچەند کوکاکولا و مەک دامز کە دوو شیرکەتی گەورەی جیهانن، ڕایانگەیاند کە پێوەندیی ئەوان لەگەڵ تورکیا بەردەوام دەبێ، ئەو زانیاری و داتایانەی کە لەبەردەستی ئێمەیە نیشانی ئەوە دەدا کە بەرەو ڕەوشێکی خراپتر دەچین و ئەوەش بێگوومان کاریگەری ناوخۆیی و دەرەکی گەورەی دەبێت.

ڕاوێژ: بە ڕای ئێوە هۆکاری کودتا چ بوو و چ ئامانجێکی هەبوو؟

بەدرخان: هۆکاری یەکجار زۆر هەیە، هۆکاری سەرەکی سیاسی بوو، ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە سەرۆک وەزیر، ئەو بەڵێنیەی دابوو کە پشتیوانیی سەرەکی ئامریکا و ئوروپا و ئیسرائیل بێ، ئەردۆغان تا ساڵی ٢٠١١ دەوری خۆی زۆر بە باشی بەجێ گەیاند، ساڵی ٢٠١٠ ڕەوشێکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە ئاراوە کە بە بەهاری عەرەبی ناسرا، لە تونێس، کوەیت، عێراق، سوریا، میسر، بەحرەین، لیبی، یەمەن، سعوودیە و هتد، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە دژی دەسەڵات سەری هەڵدا و ئامانجی ئەو خۆپێشاندانانە ئەردۆغان و تورکیاشی دەگرتەوە، لە کەشێکی وەهادا ئاخر هەنگاو ئەردۆغان و تورکیا بوو، کاتێک ئەو خۆپێشاندانانە سەریهەڵدا ئەردۆغان دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە دەستپێکرد، گرووپە ئیسلامیە ڕادیکاڵەکان ئەردۆغان دروستی کردن و ناردنی بۆ سووریا کە ئامانجەکەشی ڕووخاندنی بەشار ئەسەد بوو، هێزی بۆ عێراق نارد و لە بەعشیقە جێگیری کردن، بەرنامەی دانابوو لە بەرامبەر ئێران، لەگەڵ ئیخوانەکانی میسر و محەممەد مورسی، سەرکردایەتیی جیهانی ئیسلامی سوننی بکەن و لە ڕۆڵ و پێگەی ئێران کەم بکەنەوە، ئەردۆغان زۆر دەست تێوەردانی سیاسی و نیزامی لە ناوچەکە کرد، مەسەلێکی کوردی هەیە دەڵێ: “گەر ماڵت لە شووشە بێت و بەرد بگریە ماڵی خەڵک، بێگوومان بەردیش لە شووشەی تۆ دەگیرێت”، ئەو دەستێوەردانانە هەم هێزە جیهانیەکان و هەم هێزە هەرێمیەکانی لە بەرامبەر ئەردۆغان خستە جووڵەوە، بۆیە دەکرێ بڵێین هەم هێزە جیهانیەکان و هەم هێزە ناوچەییەکان دەستیان لەو کودتایەدا هەبوو، مەسەلەیەکی تریش ئابوورییە، تورکیا دەیهەوێ لە بواری وزە، هەموو بۆڕیەکانی وزە بە خاکی ئەو وڵاتەدا تێپەڕێت، ئێستا بۆڕیەکی نەوتی باشووری کوردستان لە کەرکووک و هەولێر بڕیار وایە بگاتە یۆنان و لەوێوە بچێ بۆ ئوروپا، ئەو هەموو بۆڕیانە گەر بێت و تەنیا بە خاکی تورکیادا تێپەڕێت بێگوومان ڕۆڵی ڕووسیا و ئێران لە بواری وزە کەم دەکاتەوە، وڵاتانی زلهێز و ناوچەیی دەیانهەویست ئەردۆغان و حیزبەکەی لە دەسەڵات بخەن و دەسەڵاتێکی تازە  کە لەگەڵیان کار بکات و هاوڕایان بێت و هەماهەنگ بێت بێننە سەرکار و ئەو دەست تێوەردانانەی تورکیا لە ناوچەکە کۆتایی پێبێنن و هەروەها ڕۆلی تورکیاش لە ناوچەکە کۆتایی بێت.

ڕاوێژ: زۆر کەس و لایەن کودتا بە شانۆی دەسەڵات و ئاکپارتی و شەخسی ئەردۆغان پێناسە دەکا؟ ڕای بەڕێزتان لەو بارەوە چیە؟

بەدرخان: نا ئەوە شانۆگەری نیە، چۆن دەکرێ شانۆگەری بێت؟ بنکەی ئاسمانیی ئینجرلیک لە بندەستی ئامریکا دایە، لەو بنکە و لە ئامەدەوە فڕۆکە هەستان و چوون بۆ سەر قەسری ئەردۆغان بۆ ئەوەی ئەردۆغان دەستگیر بکەن، بەڵێ بێگوومان ئەردۆغان دەتوانێ بۆ دەسەڵات فێڵ لە هاوڕێکانی بکات و زۆر کاتیش هەر وایکردووە و دەتوانێ هەموو شتێک بکات، دۆستەکانی و دامەزرێنەرانی ئاکپارتی ئێستا لەگەڵ ئەو نین، لە بەر ئەوەی ئەردۆغان دەڵێ هەموو شتێک هەر من. دەسەڵات چاوی کوێر کردووە بەڵام ئەو کودتایە شانۆگەری نەبوو، زیاتر لە ٥٠ ساڵە جەماعەتی فەتحووڵا گویلەن لەناو دەوڵەت کار دەکەن، بەڵێ دەکرێ باسی ئەوەش بکەین کە فەتحووڵا گویلەن و ئەردۆغان پێکەوە بوون و لە یەک بەرە بوون، لە ٢٠٠٣وە تا کوو ٢٠١١ لەگەڵ یەک بوون، لە ئۆپەراسیۆنەکانی کەجەکە کە تا ئێستاش بەردەوامە زیاتر لە ١٠ هەزار سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی کورد گیران، هەمووی کاری جەماعەتی فەتحووڵا گویلەن بوو. ساڵی ٢٠١١ لەسەر پرۆسەی چارەسەری، کێشە لە نێوان جەماعەتی گویلەن و دەوڵەتی ئەردوغان ساز بوو، هەروەک دەزانن کە لە ئۆسلۆ و بە نێوەندگیریی مام جەلال و هەندێ سەرکردەی یەکیەتی دانیشتن لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی ئەردۆغان هەبوو، ئەو دانووستانانە نهێنی بوون بەڵام  جەماعەتی فەتحووڵا گویلەن ئاشکرایان کرد. جەماعەتی فەتحوڵڵا گویلەن دەنگی ئەو دانیشتنانەیان لە میدیاکان بڵاو کردەوە و دوای ئەو دانیشتن و ئاشکرا کردنی دانیشتنەکان، کێشە لە نێوان جەماعەت و دەوڵەتی ئەردۆغان چێ بوو و ناکۆکی گەورە کەوتە نێوانیان و دەستیان کرد بە پروپاگاندە بە دژی یەک. ئامانجی کودتاچیەکان ئەوە بوو سەرۆک وەزیر بینالی ییلدرم و ئەردۆغان و سەرۆکەکانی ئۆپۆزیسیۆن وەکوو کەماڵ کلیچدار ئۆغڵوو و سەلاحەدین دەمیرتاش بگرن و زیندانیان بکەن و بەڵکوو ئامانجیان ئەوە بوو لە سێدارەشیان بدەن.
یەکێک لە هۆکارەکان کە کودتا لە دژی ئەردۆغان پێکهات ئەوە بوو کە ئەردۆغان، تورکیە و بەرژەوەندیەکانی زۆر بەرەوپێش برد، تا ساڵی ٢٠٠٣ ڕەوشی دارایی تورکیا زۆر خراپ بوو و ٦٠٠ میلیارد دۆلار قەرزداری بانکە ناودەڵەتیەکان بوو، تا ٢٠٠٣ هەموو داهاتی تورکیا لە سەر وەرزێڕی بوو، بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٧ لە سەدا حەفتای داهاتی تورکیا بوو بە توریسم و گەشت و گووزار، تورکیە دوای هاتنی ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٣ پێوەندی زۆر باشی لەگەڵ ڕۆژئاوا گرێ دا و یەکەمجار دانووستان بۆ وەرگرتن لە یەکیەتی ئەوروپا لە سەردەمی ئاکپارتی و ئەردۆغان دەستی پێکرد و لەگەڵ هەموو دراوسێکانی پێوەندیەکی باشی دامەزراند، لەگەڵ ئێران و ڕووسیا و هەروەها لەگەڵ ئەسەد. ئەسەد و ئەردۆغان بە یەکیان دەکووت برا، ئەردۆغان بۆ میللەت و وڵاتی خۆی خزمەتی باشی کردووە، یەکێک لە ئامانجەکان کودتا ئەوە بوو کە ئەردۆغان بگرن و ئەو کاریزما بەهێزەی کە لە تورکیە هەیەتی تێکی بشکێنن. ئاکپارتی زۆر ڕیفۆرمی سیاسی و حقووقیی باشی لە تورکیا پێکهێنا، ئەوان ٤ هەڵبژاردن دەنگی باشیان بە دەست هێنا، لە دوایین هەڵبژاردن لە سەدا ٥١ی دەنگەکانی مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی نەیانتوانی لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر کە سەدا ٣٧ی دەنگەکانیان بەدەست هێنابوو حکوومەتی هاوبەش پێکبێنن و دووبارە هەڵبژاردن کراوە کە ئاکامەکەی سەرکەوتنی ئاکپارتی بوو و توانی بە تەنیا حکوومەت پێک بێنێ، ئەردۆغان بۆ هاوڵاتیانی خۆی و خەڵک و وڵاتی خۆی کاری زۆر باشی کردووە بەڵام دیسانیش ناتوانین بڵێین کە هەموو لایەن و خەڵک ڕازین و بەشێکی بەرچاو لە خەڵک و حیزبە سیاسەکان لێی ناڕازین.

ڕاوێژ: ئاکپارتی چۆن توانی کودتا لە هەڕەشەوە بۆ دەسکەوتێکی ئیلاهی بگۆڕێ؟

بەدرخان: هەروەک دەزانن بۆ ماوەی ٣ مانگ لە سەرتاسەری تورکیا باری نائاسایی ڕاگەیێندراوە و بە دڵنیائیەوە درێژیش دەکرێتەوە، جگە لە کەسانی سەربازی و کودتاچی زۆر کەسی تر و کارمەندانی تری دەوڵەت گیراون و ئەردۆغان دەیهەوێ دەوڵەت یەکدەست و یەکڕەنگ بکات و ئەو فرەڕەنگییەی کە هەیە نەیهێڵێت و هەموو کارمەندانی دەوڵەت لە حیزبەکەی ئەو و ئەندامی حیزبەکەی خۆی بن، دەیانهەوێ سەرۆک ئەرکان و سەرفەرمانداری بە سەرۆک کۆمارەوە گرێ بدەن، ئەو زانکۆ و قوتابخانە سەربازییانەی کە هەیە دایانبخەن و زانکۆی تری سەربازی بکەنەوە کە سەر بە سەرۆکایەتیی وەزیران بێت. بە سانایی دەتوانن یاسا پەسەند بکەن و کەسانی دژبەر دەستبەسەرر بکەن و بیانخەنە بەندیخانە، هەروەها ماڵ، وەقف، کۆمەڵە، سازی و رێکخراوەکان بخەنە بندەستی خۆیان، جگە لە مانە دەست بە سەر سامانی کودتاچیەکان و ئەو کەسانەی گوومانی بەشداربوون لە کودتایان لێکراوە داگیراوە و کراوە بە مڵکی حکوومەت و بێگوومان دەکەوێتە بندەستی ئاکپارتی و ئەوەش ئەو حیزبە هیندەی تر دەوڵەمەند و بە دەسەڵات دەکات. لە بواری سیاسییەوە زۆر گۆڕانکاری درووست دەکرێ و دەسەڵاتەکان لە سەرۆک وەزیرەوە دەدرێ بە سەرۆک کۆمار کە ئەردۆغانە و بێگوومان سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی خۆی لە تورکیا دووبارە نیشانی نەیارانی دەدا. لە باری نائاسایی وڵاتدا پاڕلمان هیچ دەسەڵاتێکی نابێ و ئێستاش نیەتی، بەڵکوو هەموو دەسەڵاتەکان لە بندەستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و ئەو لێژنانەی پێکیان هێناوە دایە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک بیانهەوێ دەتوانن بە بێ ڕەزامەندیی پەڕلمان، دەوڵەت دیزاین و دووبارە دایبڕێژنەوە.

ڕاوێژ: چما فەتحووڵڵا گویلەن و ئەردۆغان لە دوو هاوسەنگەرەوە ئێستا سەنگەریان لە یەک گرتووە؟ کام لایەن بە یەکجاری بە سەر لایەنەکەیتردا سەردەکەوێ؟

بەدرخان: ئەردۆغان و گویلەن لە یەک بەرە دابوون و ئامانجی هەر دووکیشیان خزمەت بە نەژادی خۆیان و نەژادپەرەستی تورکە، زیاتر لە ١٧٠ وڵات، قوتابخانە و کۆمەڵە و زانکۆی سەر بە گویلەن هەیە و ئەردۆغان بەتەواوی دەسەڵاتەوە پشتیوانی لێدەکرد، تەنانەت دیپڵۆماسی وڵاتیشی لە وڵاتانی ئافریقایی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێ کە قوتابخانە و زانکۆکانی سەر بە گویلەن لەو وڵاتانە بکرێنەوە و پەرە بە زمان و چاند و هزری تورکیا بدەن، هۆکاری لە یەک جیا بوونەوەیان بە گوێرەی ڕوانینی من مەسەلەی کوردە، جەماعەتی گویلەن نایانهەوێ ئەردۆغان لەگەڵ کوردان و هەدەپە دانیشتن بکا و پرسەکە چارەسەر بکا، بەڵکوو باوەڕیان وایە کە دەبێ لەگەڵ کوردان شەڕ بەردەوام بێ و هەموو سیاسیەکانی کورد بگیرێن و بخرێنە بەندیخانە و شەڕ لە دژی پەکەکە بکرێ و کۆتایی بە مەسەلەکە بهێندرێ، لەبەر ئەوە کارمەندانی گویلەن لە ناو ئاسایش و پۆلیس و دادگاکان بە هەزاران چالاکڤانی کوردیان هەر لە ڕۆژنامەنووس و شاعیرەوە بگرە تا سیاسەتمەدار، دەستبەسەر کرد. ئەردۆغان نەیدەویست جەماعەتی گویلەن وەکوو هێزی سێبەر و دووهەم لە ناو دەوڵەت بوونیان هەبێ و ناڕەزایەتیەکانیان بەردەوام بێ و دژایەتی بکەن، جەماعەتی سەر بە گویلەن ٥٠ ساڵە لە ناو دەوڵەتن، بەڵام ئەردۆغان نەیتوانی یەکجێ کۆتاییان پێ بێنێ بەڵکوو هێدی هێدی گرتنی و دەریدەکردن و خستنیە بەندیخانە. ساڵی ٢٠١٤ دوو عەمەلیات لە دژی هەندێ وەزیر و سەرکردەی ئاکپارتی پێکهات و دەسگیر کران کە هەروەک دەزانن ڕەزا زارب و سفارەتی ئێرانیش بەشداری ئەو گەندەڵیانە بوون، ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە لایەن جەماعەتی فەتحووڵا گویلەن لە ناو دام و دەزگاکانی حکوومەت و پۆلیس پێکهات، دەیانهەویست بەو شێوەیە ئەردۆغان و ئاکپارتی لاواز و بێ هێز بکەن، ڕای گشتی تورکیا بکەنە دژی ئاکپارتی و ئەردۆغان، لە تی ڤی و میدیاکانی خۆیان زۆر بە توندی هێرشی ئاکپارتیان دەکرد و تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانیش پشتگیری ئۆپۆزیسیۆن و هەدەپەیان کرد، ئاخر هەوڵیشیان کە دەزانن کودتا بوو کە نەیانتوانی سەرکەوتن بە دەست بێنن، جەماعەتی گویلەن زۆر لاواز بووە، ئەردۆغان زۆرینەی ئەندامانی دەسگیر کردن و لە کارەکانیان دووری خستنەوە، لە کۆمەڵگای ناودەوڵەتیش بە هێزی تیرۆریست پێناسەیان دەکا کە لە دژی ئیرادەی خەڵک و دێموکراسین، بە باوەڕی من رەنگە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا بە تەواوی جەماعەت لە دەسەڵات و حکوومەت بخاتە دەرەوە و هەموو دەسەڵاتەکان بکەوێتە دەستی ئەردۆغان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت