مەترسی ڕادیکاڵیزمی دینی وەک مەترسیەکی گەورە بۆ کوردستان

0
1459
عومەر ئیزەدخا
عومەر ئیزەدخا

نووسەر: عومەر ئیزەدخاە

ئێستا زۆربەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چیرۆکی حکومڕانی چەند ساڵی ڕابردووی داعش و مەترسییەکانی پەلاماردانی دەوروبەر لە وێنەی کەمتیارێکی دڕندە و سوتاندنی کێڵگەی مرۆڤایەتی ونیشاندانی ڕوویەکی ڕەش لە ڕەشەکوژی دەزانن و کەم کەسیش هەیە نەیزانیبێ لەناو خەلافەتەکەیان چ ڕادەبرێ و مامەڵەیان لەگەڵ تەنانەت ڕێڕەوانیشیان چۆن چۆنیە… کەواتە کەم کەس هەیە ئەو ڕاستیانەی نەزانیبێ، بە خۆبواردن لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم گروپە کە یەکەمین هۆکاری دەگەڕێتەوە بۆ بوونی هزرێکی دینیی ڕادیکاڵ و تووندئاژۆ، ئەو هزرە مێژوویەکی درێژی هەیە و هەڕەشەیەکی بەردەوامی گەورەیە لەسەر کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە و کوردستانیش وەک ناوچەیەکی چەق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو مەترسیەدا هاوبەشە، دەتوانین بە بۆمبێکی گەورەی بیشوبهێنین کە لەناکاو و لە دەرفەتێکدا دەتەقێتەوە و وێرانکاری گەورە بەدوای خۆیاندا دێنێ.

کوردستان دەکەوێتە ناو جەرگەی مەترسیدارترین ناوچەی جیهان لە کۆبونەوەی هزرە ڕادیکاڵەکان، ئەویش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و جەنگی مەزهەبی و دینی سەدان ساڵەی ئەم ناوچەیە بەردەوام و پێ بەپێ، مەینەتی و دەربەدەری و ماڵوێرانی و نەهامەتی و کۆکوژی و دۆزەخی دونیایی بۆ تاکەکان و کۆمەڵگا و نەتەوەکانی ئەم ناوچەیەی هێناوەتە ئاراوە، لە بەرامبەریشدا بوونیەتی فیکریی تاکی ئەم ناوچەیە بە کوردستانیشەوە تاکو ئێستا چەواشە دەکرێ و شوناسی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی بوونی بە ئامانج دەگیرێ و دەرەنجام ئەو بوونیەتە بە سانایی دێتە ژێر باری ئەو چەواشەیە و لە واقعی ئێستای کوردستانیشدا مەترسییەکی گەورە و پەرەسەندووی ڕێژەبەرز لەلایەن گروپە ڕادیکاڵیزمە دینیەکانەوە بەدی دەکرێ، جێی بایەخە خاوەنی سەنگی بەرچاوی جەماوەرین کە هۆکارە سەرەکیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئامادەبوونە نەرێنیەی کە بە گشتی لە بوونیەتی فیکریی تاکی کۆمەڵگاکەماندا بوونی هەیە.

داعش، بەربەریەتەکەی ڕەقە و نەینەوا و کۆماری ئیسلامی ئێران و میرنیشینی ئیسلامیی تاڵیبان و ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و حیزبوڵا و ئەنسارولئیسلامی کوردستان و بۆکۆحەرام و هاوشێوەکانیان .. ئەزمونێکن لەم ناوچەیە، بەردەوام و ڕۆژ بۆ ڕۆژ بە ناوی جیاجیاوە سەرهەڵدەدەنەوە و جیهادی گەورەی ئەو گروپانەش بریتییە لە قرتاندنی دەست و پەل، پەلوپۆکردن و سەڕبڕین و لەسێدارەدانی مرۆڤەکان و جێبەجێکردنی حوکمی تیۆکراتی و گەڕاندنەوەی چەرخی مێژوو بۆ قۆناغی زۆر کۆن و لە دەرەنجامدا، خوڵقاندنی هەمان ئەو دۆزەخەی کە بە حیساب ئامادەکراوە مرۆڤەکان لەو دونیا بیبینن، هەروەها هەمان ئەو بەهەشتەی ئەولا بەهەمان وێنایەک کە بۆ خەلیفە و میر و بەرپرسەکان پێناسەی کراوە، ناوچەی ئێمە، ناوجەرگەی ئەو فیکرانەیە و کوردستانیش پشکی گەورەی لە کۆبونەوەی توندڕەوە ئاینییەکان بەردەکەوێ کە ڕۆژانە و بە هێمنی ئامادەکاریی دوورمەودا و ستراتیژیانەی بۆ دەکرێ.

رواڵەتی ئەو گروپانە بە جۆرێکە کە سەرەتا لە شێوەی میانەڕەو و پەپولە ئاسا خۆیان نیشان دەدەن و کردارەکانیان دەبێتە مایەی سەرنجی جەماوەر و دەوروبەریان، تەنانەت بەشێکی ئەو خەڵکەی کە شەیدای ڕەفتار و کاری سەرکردە و کەسە دیارەکانی ئەو گروپانە دەبن، خەڵکانێکن بە واتای تەواو کەسانی باش و میانڕە و تەبان لەگەڵ دەوروبەریان و تەنانەت قبوڵی ئازادی و فرەڕەنگی و پێکەوە ژیانێکی ڕاددە زۆریش دەکەن … بەڵام بێ ئاگا لەو مەترسیە گەورەیەی کە لە پشتی ئەو هزر و گروپانەوەیە کە دەرەنجام ئاراستەیان هێنانەوەی ئەو ئەزمونانەیە کە باسمان کردن.

هەر سەبارەت بە ڕواڵەتی ئەو گروپانە پێویستە ئاماژە بە گوتار و هەڵسوکەوتی ڕابەر و سەرکردەکانیان بدەین  کە بەشی زۆریان سەرەتا و لە قۆناغی بێ هێزیدا و لە قۆناغێکدا کە هێشتا بەرجەستەی حوکمی سیاسیان نییە، ئەوا گرنگترین تاکتیکیان خۆی لە سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکاندا دەبینێتەوە، لەو ناڕەزایەتیانەی کە بەشێکیان پەیوەندیان هەیە بە ململانێی نێوان پارتە سیاسیەکان و بوونی گەندەڵی و بەریەککەوتنی دەسەڵات لەگەڵ گەل و توڕەبوونی کۆمەڵگا لە پارتە حوکمڕانەکان  یاخود بوونی هەر جۆرە لە ململانێیەکی ناوخۆیی، گوتاری ئەو گروپانە و ڕابەرەکانیان کە بەشێکی زۆریان لە تاراوگەوە سەرکردایەتی ڕەوتەکانیان دەکەن و بە هەزاران لاو بۆلای خۆیان ڕادەکێشن بریتیە لە خستنەڕووی کەموکوڕی و ڕەخنەبارانکردنی پارتی سیاسیی حوکمران کە لە ڕاستیشدا کەموکوڕیان هەیە، بەڵام ئەوەی مەترسی گەورەیە برییتیە لە بوونی تاکتیکێکی ئەوتۆ سەرنجڕاکێش لەلایەن ئەو گروپانەوە کە بە گوتارێکی بریقەدار و پەلکێشانە ڕۆژبۆرۆژ لەگەڵ بۆشایی و ناسەقامگیریی سیاسی ڕێدەکەن و پێ بەپێ و بەهۆی لایەنگری زیاتر کێشە سیاسیەکان و سەرقاڵبوونی پارتە سیاسیەکان بە کێشە و ململانێکانی نێوانیان بەدەست دێننن و تا کاتێک کە بارودۆخی ناوخۆیی بەرەو تەقینەوە و پێکدادان دەڕوات لەو کاتەدا بە هێزێکی گەورە و بەگوڕەوە ڕوخساری جەهەندەمییان نیشان دەدەن.

کۆی ناوەرۆکی بابەتەکەشمان لێرەدا ئاماژەدانە بەو مەترسیانەی کە هەڕەشەی گەورە لەسەر قۆناغی ئێستا و داهاتووی کوردستان پێک دەهێنن، بە خوێندنەوە و چاوخشاندن بە گروپە جۆربەجۆرەکانی کوردستان  و لەوانەش ڕادیکاڵیزمە فەندەمینتاڵەکان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە بەشێکیان بە ئاشکرا هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی خەلافەت و حوکمی بەربەریەت دەدەن و بەشی زۆریش کە بە بێ ئاگایی لێیان گیر دەبن و دوایان دەکەون و نا هۆشیارانە شوناسی سەرەکی خۆیان لەدەست دەدەن و بە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەبن بە هۆکار و کارکەری ئەو گروپ و هزرە فەندەمێنتاڵانە، لەلایەک ئەو گروپانە دەست دەکەن بە سڕاندنەوەی تایبەتمەندی و بەها نەتەوەییەکان و خزمەتکردنی شۆڤێنیزمی عەرەبی و فارسی و تورکی و..هتد و لەلایەکی تریشەوە هێنانە ئارای سیمیایەکی نامرۆڤانەی وەحشی گەرانەی کە وەک باسمان کرد، ئەم گروپانە تاکو ئێستا ڕۆڵی گەورەیان لە شێواندنی بزاوتە ڕەوا و مافخوازەییەکانی کوردستان گێڕاوە و بەردەوام چاوەڕێی هەلی ئەوتۆیان کردووە، کەواتە دەکرێ بڵێین تا ڕاددەی زۆر لە هێنانەدی ئامانجەکانیان و لە گەشەکردنیان سەرکەوتوو بوون، وشیاریی تاک و هێزە سیاسیەکانیش لەو بارەیەوە ڕۆڵێکی ئەرێنی پێویستی نییە، بەڵکو لەبەردەم ئەو هەڕەشە گەرەیەدا شکستخواردووە، ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەرێتەوە بۆ:

 یەکەم: بوونی کلتورێکی مەیلخواز بۆ گەشەی ئەو گروپانە و کەمیی وشیاریی تاکەکان بۆ مێژوو و هەڵسەنگاندی دیرۆکی خوێناوی خۆیان لە سایەی ئەو هەڕەشانەدا .

دووهەم: نەبوونی ستراتیژێکی ڕوون و ئەوتۆی پارتە سیاسییە سەرەکیەکان و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی بوونی ناکۆکی و ململانێ ڕیژە بەرزی نێوانیان کە وا دەکات ئەو گروپانە بەهێز بن و تاکتیک و پیلانی ڕۆژ بخەنەڕوو .

هۆشیاری تاکی کوردی لەم بارەوە لاوازە و مەیلخواز و ئاسانکارە بۆ بەهێزبوونەوەی ئەو گروپانە کە پێویستە ئاماژە بە هۆیەکانی ڕاگەیاندن و بەتایبەت سۆشیاڵمیدیاکان بدەین کە سودی گەورەیان لیبینراوە بۆ ڕاکێشان و دروستکردنەوەی پێگەیان ، لە ئێستادا بەشێک لە کەسایەتیە دیارەکانی ئەم پەیرەگەیە لە تاراوگەوە ڕۆژانە توانیویانە پەیامی ئاراستەکەر و پەلکیشانەی مەیلخواز لەنێوا جەماوەری خەڵکی کوردستاندا بڵاوبکەنەوە ، لە بەرامبەریشدا وڵامدانەوەیەکی ئەرێیی بە تایبەت لەنێوا چینی لاواندا بۆ پەیامەکانیان بەدی دەکرێ و دلخوازی خۆیان بۆیان دەردەبڕن ، بێ ئاگا لە ڕووی ڕاستی ئەم پەیرەوگانە.

ئەو ململانێیەی کە ئێستا لەنێوان پارتە کوردیە کاندا هەیە ئاسانکاری ئەوتۆ دەکات بۆ بەهێزبوون و بەهێزبوونەوەی ئەو گروپ و سەرپێکەوتنی ئەو هزرانەیە ، بەڵام ئایا هەر لە قۆناغی بەهێزبوون و ئامادەکاریدا دەبن ؟؟ ، بێگومان نا ، بەڵکو شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتەکان و دروستبوونی هەر جۆرە بۆشایی و گرژیەکی سیاسی ئەوتۆ ئەوا قۆناغ و ڕۆژی دامەزراندنی خەلافەتەکانیانە .

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت