مەترسیی ڕادەست کردنەوەی دوو چالاکی سیاسیی کورد لە ئارادایە

0
1158

ڕۆژی کوررد: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان نیوز، دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی کۆمونیستی ئێران بە ناوەکانی “بەختیار ئیبراهیم زادە” و “ناهید فەرامەرزی” کە ئێستا لە وڵاتی ڕۆمانی ـین، مەترسی ڕادەست کرانەوە بۆ ئێرانیان لە سەرە و ئەگەری ئەوە هەیە بە زوویی ڕادەستی ئێران بکرێنەوە.

ئەو دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی کۆمونیست کە ساڵی پار بەرەو ئوروپا وەڕێکەوتوون لە وڵاتی ڕۆمانی دەستبەسەر کراون و دوای بەندکران و ئازاری جەستەیی و دەروونی، پەنجەمۆر کراون. دواتر “بەختیار ئیبراهیم زادە” و “ناهید فەرامەرزی” توانیویانە لە ڕۆمانی دەرباز بن و بچن بۆ وڵاتی نۆروێژ بەڵام بە هۆی یاسای پەنجەمۆر، دوای ماوەیەکی زۆر و دوای ڕەت کرانەوەی داوای پەنابەرییان، ڕێکەوتی ٢٧ی ژوئیە، سەرلەنوێ لە وڵاتی نۆروێژەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتی ڕۆمانی.

دوای گەڕاندنەوە بۆ ڕۆمانی، ئێستا بەختیار لە بەندیخانە و ناهید لەژێر چاوەدێریی پۆلیسە و دەگوترێ بە بەختیار ڕاگەیێندراوە، کەسانێک لە سەفارەتخانەی ئێران و بە مەبەستی ڕادەست کردنەوەی ئەوان بۆ ئێران، سەردانی زیندان دەکەن.

حەسەن ڕەحمانپەنا، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لەمبارەوە لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ ڕۆژی کورد گوتی: “ئەو دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە کە ساڵیانێک لە ڕیزی کۆمەڵە بوون و کەسانێکی خۆش ناو و خۆشەویستن، چەند مانگ لە نۆروێژ بوون و دواتر بەپێی هەبوونی پەنجەمۆر لە ڕۆمانی گەڕێندراونەتەوە ئەو وڵاتە، لەگەڵ گەیشتنەوە بۆ ڕۆمانی هەردووک گیراون بەڵام ناهید بە هۆی ڕێکخراوێکی خیڕخوازییەوە ئێستا لە شوێنێکە بەڵام بەختیار لە زیندانە و دۆخیشی باش نیە”.

ڕەحمان پەنا لەمەڕ ڕادەست کرانەوەیان بۆ ئێران و مەترسی لەمبارەوە گوتی: “دۆینێ پۆلیس بە بەختیاری ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ سەفارەتی ئێران قسە کراوە و پێکهاتوون کە ڕادەستی ئێران بکرێنەوە وکاروباری پێویستیان بۆ گەڕانەوە بۆ بکرێت”.

لەمەڕ پاشکەوتە و ئەگەری گەڕانەوەی ئەو دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە، ڕەحمانپەنا هەروەها گوتی: “بە هۆی ئەوەی کە ئەوان چەندین ساڵ پشمەرگەی کۆمەڵە بوون و کەسانێکی ناسراون، بۆیە گەڕانەوەیان مەترسیدارە و بێ گومان لەگەڵ سێدارە و هەرنەبێ زیندانیی درێژخایەن و ئەشکەنجەی تووند ڕووبەڕوو دەبنەوە”.

بەپێی گوتەکانی ڕەحمانپەنا تا ئێستا هەوڵگەلێک بۆ ڕزگار کردنی گیانی ئەو دوو کەسە لەو دۆخە و لەو مەترسییە ئەنجام دراو و لەگەڵ ئەمنستی ئینترناشناڵ قسە کراوە و هەروەها پارێزەرێک بۆ ناهید گیراوە تا لە ڕێگای بنەماڵەیەوە کە لە نۆروێژن کارێکی بۆ بکرێت”.

ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران گوتیشی:” لە ڕێگای ڕۆژی کوردەوە داوا لە سەرجەم لایەن و چالاکوانان و ڕاگەیاندن و مرۆڤدۆستان دەکەین هاوکار بن و دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بکەنەوە و پێش بەو ڕەفتارە نامرۆڤانەیە و ڕادەست کرانەوەی ئەو دوو پێشمەرگە خەباتکارە، بگرن”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت