ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەمڕۆ پێنج شەممە 14ی ڕەزبەری 1395ی هەتاویی باژێڕی مەریوان لە سەر ڕێگای تانکەرەکانی مەرگ و لە دۆخێکی نیزامی-ئەمنیەتیدا بەڕێوە چوو.
دووهەمین کۆبوونەوەی گشتگیری ناڕەزایەتی بە دۆخی ڕێگاوبانی نێوان مەریوان-سنە و کوشتار و نخوستان بوونی هاووڵاتیان بە هۆی دۆخی نالەبار و ناستانداربوونی ڕێگا و بانەکە و هاتووچووی لەڕادەبەدەری تانکەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، بەڕێوە چوو.
ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لەسەر داوای کەمپەینی خۆڕسکی “نا بۆ تانکەری مەرگ” و دوای ئەوەی کە بە هۆی تانکەرێکی نەوتەوە، ٤ کەس گیانیان لە دەست دا و 10 ترۆمبیلی هاونیشتمانیانن خۆیان لێک دا و ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچووی لێکەوتەوە، هاتە ئاراوە.
ناڕازیان داوای چاک کردنی ڕێگا و بان دەکەن کە داوایەکی لەمێژینەی خەڵکی مەریوانە و سەرەکی ترین هۆکاری گەشە نەسەندنی ناوچەکەیە. بەڵام ئێستا ئەو تانکەرانە زیاتر لە جاران باری ترافیکیی ئەو ڕێگەیەیان قورس کردووە و بوونەتە هۆکاری زۆرێک لە ڕووداوەکانی هاتوچوو. خەڵکی مەریوان هەروەها داوای گەڕاندنەوەی بەشێک لە قازانجی گومرکیی ئەو تانکەرانە بۆ ئاوەدان کردنەوەی شار دەکەن؛ بەڵام ئێستا نەک قازانجیان نییە بەڵکوو زیانێکی گیانی و ماددیی زۆریان خستووەتە سەر شانی خەڵک.
کۆبوونەوەی یەکەم ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 13ی ڕەزبەری 1395ی هەتاوی لەبەر دەم فەرمانداریی ئەو باژێڕە ئەنجام درا و تێیدا سەدان کەس لە هاووڵاتیان و بەتایبەتی ئافرەتان تێیدا بەشدار بوون.
فەرمانداری مەریوان ئامادە نەبوو 5 هەزار واژۆی کۆکراوەی کەمپەین لە خەڵکی ناڕازی وەرگرێت.
هەلومەرجی ئیستای شاری مەریوان حکومەت نیزامییە و خۆپیشاندانی چالاکوانانی مەریوانیش بەردەوامە.