پاش ٥٣ رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، ئاکام تەلاج گیانی بەخت کرد

0
1042

یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندەرەکانی ئەم دواییانەی مەهاباد کە بە تەقەی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی بریندار ببوو، پاش دەیان رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، گیانی لەدەستدا.

دوانیوەڕۆی دووشەممە ٨ی پووشپەڕ، ئاکام تەلاج، لاوی کوردی خەڵکی نەغەدە و خوێندکاری زانکۆی ئازادی مەهاباد کە یەکێک لە بریندارانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییانەی مەهاباد بوو، بە هۆی قووڵی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی ورمێ گیانی بەخت کرد.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی تەلاج وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەرپرسانی نەخۆشخانەی “ئیمام خومەینی” لە رێگەی تەلەفۆنەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی “ئاکام”ـیان بە بنەماڵەکەی راگەیاندووە.

ئەم هاووڵاتیە کوردە لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی کوردپا جەختی کردەوە: بەرپرسانی نەخۆشخانەی ورمێ و ناوەندە ئەمنیەتیەکانی حکوومەت بە هۆی ترس لە بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیی جەماوەری، لە رادەستکردنەوەی تەرمی ئاکام بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.

گیانبەختکردنی یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی مەهاباد لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی حکوومەتی، هەر چەشنە بەرەنگاری و تەقەکردنێکیان لە ناڕازییان رەت کردبووەوە و هێزە نیزامییەکانیان بە ”خیشتەندار” وەسف کردبوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە خوێندکاری زانستگای ئازادی مەهاباد، رۆژی پێنج‌شەممە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی مەهابادی لە بەرانبەر ”هۆتێل تارا” لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە توندی بریندار بوو.

10178111_1579850835612203_155445124284266483_n

ناوبراو پاش برینداربوون رەوانەی نەخۆشخانەی ”خومەینی” لە مەهاباد کرابوو و پاش خراپتر بوونی دۆخی تەندروستیی ناوبراو، بۆ نەخۆشخانەی شاری ئورمیە راگوێزرابوو.

ئاکام تەلاج لە ماوەی خەواندنیدا لە نەخۆشخانە، دوو جار نەشتەرگەریی بۆ کرابوو، بەڵام بەهۆی بەرکەوتنی ٤٠ ساچمە لە دەست و سکی، تووشی خوێنڕیی ناوخۆیی ببوو. سەرەڕای ئەوەی کە پێویستی بە نەشتەرگەریی دیکە هەبووە، بەهۆی دۆخی نالەباری جیسمانییەوە، پزیشکان خۆیان لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دیکە بواردووە.

پزیشکانی نەخۆشخانە لە کاتی نەشتەرگریی ئەو خوێندکارە کوردە، دۆخی تەندروستیی ناوبراویان نالەبار راگەیاندبوو.

پیویسته‌ بوتری كه‌ تەرمی ئاکام تەلاج، یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانەکانی مەهاباد کە پاش ٥٣ رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ دوێنێ گیانی بەخت کرد، لە نێو ئاپۆرای خەڵکی مەهاباد و شارەکانی دەوروبەری بە خاک سپێردرا.راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بە سیناریۆی ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیم بڕیار بووە کە تەرمی ئاکام، لە بەشی “شەهیدانی رێژیم” بە خاک بسپێردرێت، بەڵام ئەم داخوازیەی رێژیمی ئیسلامی پەرچەکرداری توندی بنەماڵەی “تەلاج”ـی لێ کەوتەوە و بە پێداگریی ئەو بنەماڵەیە، تەرمی ئاکام لە گوڵستانی یەکی گۆڕستانی بداغ سوڵتانی مەهاباد بە خاک سپێردرا.
هه‌روه‌ها به‌ پیی هه‌واله‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ پرسەی “ئاکام تەللاج” ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ٩ و ١٠ی پووشپەڕ لە مزگەوتی “خولەفای ڕاشدین”ی مهاباد و ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕ، لە مزگەوتی حاجی شەفیعی پیرانشار بەڕێوەدەچێ.

988556_786975154754370_5849968252700540437_n

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی مەهابادی لە بەرانبەر هۆتێل تارا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر مەرگی گوماناوایی فەریناز خوسرەوانی، بە دەستێوەردانی هێزە حکوومەتییەکان توندوتیژیی لێ کەوتەوە.

هاووڵاتییانی مەهابادی لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا خوازیاری دادگایی کردنی دەست و پێوەندییەکانی مەرگی فەریناز خوسرەوانی بوون.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بە شێوەی هێمنانە دەستی پێ کردبوو کە بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکان توندوتیژیی لێکەوتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت